• نوێ

    گرژییەكانی توركیا و یۆنان بەردەوامە



    گرژیەكانی توركیا و یۆنان تادێت زیاتر پەرەدەستێنێت و ئەسیناش باس لە گرێبەستێكی كڕینی چەك دەكات لەگەڵ پاریس. لە بەرامبەردا " ڕەجەب تەیب ئەردۆغان " سەرۆكی توركیا بۆ یەكەمینجار و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هۆشداریی داوەتە "ئیمانۆیڵ ماكرۆن" سەرۆكی فەڕەنسا كە لەگەڵ "ئەنقەرە" یاری بە ئاگر نەكات. "ئەردۆغان" داواشی لە "یۆنان" كردووە هەنگاوی هەڵە نەنێت و دوور بكەوێتەوە لە وڵاتانی وەك فەڕەنسا.  

    هاوكات " كیریاكۆس میتسوتاكیس" سەرۆك وەزیرانی یۆنان ڕایگەیاند،  كاتی ئەوە هاتووە برەو بە هێزە چەكدارەكانمان بدەین . سەرۆك وەزیرانی یۆنان ئاماژەی بەوەشكردووە ، وڵاتەكەی ١٨ فڕۆكەی جەنگی لە جۆری ڕافاڵ و ٤ كەشتیی جەنگی و ٥ فڕۆكەی هێلیكۆپتەر لە فەڕەنسا دەكڕێت، و ١٥ هەزار سەربازی تریش پەیوەندی بە هێزەكانی سوپای ئەو وڵاتەوە دەكەن، ئەمە جگە لە تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی ئەلكترۆنی. 

    لەلایەكی ترەوە "مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانیی قوڵی وڵاتەكەی دەربڕی بەرامبەر  جموجۆڵەكانی توركیا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. " پۆمپیۆ " لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا دوای سەردانێكی چاوەڕواننەكراو بۆ قوبرس، دوای لە لایەنە ناكۆكەكان كرد چارەسەرێكی دیپلۆماسیانە بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوە كە لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەسەر خاوەندارێتیی سەرچاوەكانی وزە لەنێوان " توركیا " لەلایەك و " یۆنان و قوبرس " لەلایەكی ترەوە سەری هەڵداوە. " پۆمپیۆ" ئاماژەی بەوەشكردووە ، ئەو گرژییەی لە ناوچەكەدا سەری هەڵداوە تەنها ئەوانە لێی سودمەند دەبن كە دەیانەوێت كەلێنێك بخەنە نێو وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوی پەیمانی باكوری ئەتڵەسیەوە.

    پێشتریش "ئەسینا" ئاماژەی بەوەكردبوو،  دیالۆگ لەگەڵ "ئەنقەرە" ئەستەمە لەكاتێكدا ئەو وڵاتە بەردەوامە لەسەر هەڕەشەكانی. وتەبێژی حكومەتی یۆنانیش هۆشداریی دابووە "ئەنقەرە" لە سەپاندنی سزا بەسەریدا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە لە ئەگەری بەردەوامبوونی لەسەر ئەو سیاسەتە شەڕەنگێزیانەی لە دەریای ناوەڕاستدا پەیڕەویی دەكات.
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: گرژییەكانی توركیا و یۆنان بەردەوامە Rating: 5 Reviewed By: لەلایەن دێرین ڕەسوڵ
    Scroll to Top