باوکی هەردوو نمایشکاری جیهانیی جلوبەرگ، جیجی و بێلا حەدید بە بەڵگەوە دەیسلەمێنێت ئەوان لە بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلامن.
محەمەد حەدید، دۆێنێ لە ئەکاونتی ئینستگرامی خۆی بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە، کە بڕیارێکە لە 4-3-2017 لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە بنەچەی ئال زاهیر عومەر زێدانی دراوە. لە بەڵگەنامەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر واژۆ و مۆری بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەسەرەوەیە، هاتووە: بەدواداچوونمان بۆ بنەچەی ئال زاهیر عومەر زێدانی کردووە و بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی ئەوان خستوویانەتەڕوو، گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ گومانی تێدا نییە؛ ئەوان لە بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلامن.
لە بەڵگەنامەکەدا ناوی باوک و باپیرانی زاهیر عومەر نووسراوە، تاوەکو دەگاتەوە پێغەمبەری ئیسلام. محەممەد حەدید لە سەر بەڵگەنامەکە نووسیویەتی "ئەمە رەگوڕیشەی خێزانی دایکمە بنەماڵەی زاهیر عومەر ئەلزێدانی".