• نوێ

    باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا درایە بەر مووشەک


    مووشەکێکی کاتیۆشا ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کرا، بەڵام ڕێگری لێكرا ئامانجەكە بپێكێت.

    سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، مووشەکێکی کاتیۆشا ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کراوە و لەرێگەی سیستمی مووشەکی پاتریۆتەوە لە ئاسمان تێکشکێنراوە، پاشماوەی مووشەکەکەش لە نزیک پردی هەڵواسراو لە ناوچەی سەوز کەوتە خوارەوە.

    لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە 20 مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کراون.

    پەیوەست بەو پرسە ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کراوەتە سەربازگە.

    عەلی غانمی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کراوەتە سەربازگە و مەشق و راهێنانی سەربازی تێدا ئەنجام دەدرێت و چەکی قورس و جۆراوجۆری تێدایە، ئەمەش دوورە لە بەندەکانی رێککەوتننامەی ڤییەننا بۆ رێکخستنی دیپلۆماتی".

    پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا، ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی ترس لەنێو هاووڵاتیانی بەغدا کردبوو، بەهۆی دەنگی تەقە و تەقینەوە، لەکاتی مەشق و راهێنانی سەربازی، لەناو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا.
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا درایە بەر مووشەک Rating: 5 Reviewed By: لەلایەن دێرین ڕەسوڵ
    Scroll to Top