• نوێ

    بۆچی زۆرینەی ژنانی ئێستا ڕوخسار و شێوەیان لە یەك دەچێت؟ 

    ‎بۆچی زۆرینەی ژنانی ئێستا ڕوخسار و شێوەیان لە یەك دەچێت؟ 


     لەنجە خاوێ ‎جوانی و پێوەرەكانی جوانی بەدرێژایی مێژوو بەپێی كلتور و جیاوازی شوێنی جوگرافیا لە یەكترجیاوازبوون، لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە گۆڕاوە، بەڵام ئێستا لە جیھاندا یەكێتیەك پەیدابووە و بەڕادەیەك زۆرینەی ژنانی ئێستا شێوەیان دەچێتەوە سەر یەكتر و ھاوشێوەی یەكترن لە شێوە و ڕووخساری دەروەیاندا. ھۆكارەكەش ئەوەیە ھەمووان ڕەچاوی ئەو ستاندارت و نۆرمە باوانە دەكەن كە لە ڕۆژئاواوە دادەھێنرێت، « لەشێكی باریك، لێوێكی ئەستور، لوتێكی باریك» بە ڕادەیەك كە ئەو ژنەی لە دەرەوەی ئەو ستاندارتە باوانە بێت توشی پشتگوێخستن و پەراوێزخستن دەبێتەوە. پلاتفۆڕمەكانی نێو میدیا و سۆشیاڵ میدیا لە ڕێگای مۆدێل و ڕەسمی سەر بەرگی گۆڤارە بەناوبانگەكانەوە بەردەوام جەخت لە ستاندارتە باوەكانی جوانی دەكەن و ناڕاستەوخۆ بە بەكارھێنەرەكانیان دەڵێن: ئەوەی لەدەرەوەی ئەم قیاس و ستاندارتە بێت جوان نییە! لەبەرئەوەی پێشوەختە نەستی هەموو تاکێک پڕ کراوە لە تایپێک لە جوانی دیاریکراو کە لەسەر ئاستی گەردوونی بەرهەمدەهێنرێتەوە. ‎ نوسەری ئەمریكی نۆمی ۆڵف لە كتێبەكەیدا «ئوستورەی جوانی» دەڵێت: «ئەوە شتێكی سروشتی و بۆماوەیی نییە، كە ژنان بیانەوێت شۆخ و شەنگ بن و پیاوانیش جوانیان لە ھەموو شتێك بەلاوە بەبایەختربێت. بەڵكو ئەوە كلتور و كۆمەڵگاكەمانە كە تێیدا دەژین ھەڵدەستێت بە سەپاندنی پێوەر ستاندارتەكانی جوانی و كاردەكات بۆ بەردەوامی كۆنترۆڵكردنی ژنان لە ڕووی ئابوری، سیاسی،كۆمەڵایەتییەوە» وڵف پێی وایە كە بەھای كۆمەڵایەتی ژنان ھەتا پێش ساڵەكانی ١٩٦٠ بە ڕادەیەكی زۆر پەیوەست بووە بە خێزان و ماڵەوە، بەڵام لە دوای ئەو بەروارەوە کە سەرمایەداریی وردە وردە جێگیر دەبێت ئەوا ئوستورەی جوانی دەبێتە فۆڕمێكی باو و زاڵی بەھای كۆمەڵایەتی. بە دەربڕینێکی تر هەر کۆمەڵگا و سەردەمێک خاوەنی بەهای کۆمەڵایەتی و کەرامەتی مرۆیی خۆی بووە، کە جوانیش بەشێک بووە لێی بەڵام لەسەردەمی سەرمایەداریی ‌دا هەموو پێوەرەکانی پێشووتر هە‌رەسدەهێنێت و دەکەوێت و لە جیاتی فرەیی جوانی یەکایەتی جوانی شوێنی دەگرێتەوە. چیدی جوانی شتێکی ئێستاتیکی رووت نامێنیتەوە بەڵکو دەکەوێتە دەستی کۆمپانیاکان و بە لۆژیکی قازانج دەجووڵێتەوە. تەنانەت خودی جەستە دەبێتە شوێنێک بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە لە ڕێگەی مارکێتینی جوانییەوە و ساغکردنەوەی کاڵاکانی پەیوەست بە جوانکاری و جوانییەوە. ‎ۆڵف دەستەواژەی « پیلانگیڕی كلتووری» بەكاردەھێنێت بۆ ئەو ژنانەی كە بەھۆی میدیا و سۆشیاڵ میدیاو و مۆدێلەكانەوە ھەستێكی ساختەی وایان لا دروستدەبێت كە ئەوان جوان نین و متمانەیان بە سروشت و جوانی خۆیان لەق دەبێت، بۆیە لەبەرامبەردا پەنا دەبەنە بەر كڕین و بەكارھێنانی چەندین مادە كە لە دەرەوەی جەستەی خۆیانە وەك: «پلاستیك، سلیكۆن، بۆتۆكس، فیلەر، تاڵی ئاڵتونی» كە لەڕاستیدا خۆیان ھیچ پێویستیەكیان پێی نیە،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا ھەست بە كەموكوڕی زۆردەكەن چونكە ژیان بەپێی ستاندارد و پێوەرە داھێنراو و دروستكراوەكانی ڕۆژئاوا ئامانجێكی بەدینەھاتوو و ئەستەمە. لەناو ستاندەردەکانی جوانی سەردەمی سەرمایەداریی دا ژنان ئیدی بە سروشتی جوان نین، لەبەرئەوەی هیچ شتێکیان لە خۆیاندا سەرف نەکردووە، واتە جەستەیان نەکردۆتە پانتاییەک بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە هەر بۆیەش هیچ جۆرە دانپیدانێکی میدیایی وەرناگرن و نابنە ئەستێرە ناسروشتییەکانی سەر شاشەکان. هەموو ئەمانە ژنان ناچار دەکات بەرەو جۆرێک لە جوانی هاوشێوە و چوونیەک بڕۆن کە ئایدیاڵ تایپەکانی لە مۆدێل و شاجوان و فاشیۆنەکاندا دەبینینینەوە.
    نووسینی لەنجەخاوێ
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: بۆچی زۆرینەی ژنانی ئێستا ڕوخسار و شێوەیان لە یەك دەچێت؟  Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top