ئایا حەزدەکەیت شەوانە درەنگ بخەویت؟
هەندێک کەس بەهۆی کارێکەوە ڕێدەکەوێت شەوانە درەنگ بخەون، بەڵام بە پێچەوانەوە هەندێکی دیکە خۆیان حەزدەکەن تا درەنگانی شەو بمێننەوە و نەخەون، چونکە پێیان وایە لەو کاتەدا ژیان چێژێکی تایبەتی هەیە و بێدەنگیەکی خۆشە، تەنانەت ئەگەر بە خواست و ویستی ئەوان بێت بۆ هەمیشە حەزدەکەن بە رۆژ بخەون و چالاکیەکانیان بخەنە شەو.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی نوێی بەریتانی، ئەو جۆرە کەسانەی حەز بە مانەوە تا درەنگانی شەو دەکەن، کەسانێکی زیرەک و لێهاتوون و توانای داهێنان و گەڕان بەدوای زانیارییان هەیە، نایەنەوێت لە ئاستێکدا بووەستن و ئەزموونی جیاواز تاقیدەکەنەوە
پسپۆڕان ئاماژەش دەدەن بەوەی ئەم کەسانە بەردەوام حەز بە نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان دەکەن، هەوڵدەدەن بابەتی نوێ فێربن و زیاتر بزانن لە هەموو بوارێکدا.
بەڵام لەڕووی تەندروستییەوە بەردەوام پزیشکان هۆشداری دەدەن لەوەی مانەوە تا شەوانی درەنگ زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت و جەستەت بە تەواوی ناحەوێتەوە، جگە لەوەی توانای تەرکیزکردنی نامێنێت لە رۆژدا بۆ کارەکانی.