• نوێ

    ئیلتیھابی سیاسی! ئەرکی«قاسمی سولەیمانی»دوو پاکێجی گرنگبوون

     ئیلتیھابی سیاسی! ئەرکی«قاسمی سولەیمانی»دوو پاکێجی گرنگبوون،


     یەکەم: بردنەدەرەوەی شەڕی ئێران بوو لەگەڵ ئەمریکا بۆ دەرەوەی سنووری ئێران، ئەمەش ھەمان ئەو سیاسەتەیە کە ئەمریکا سەدەیەکە پەیڕەوی دەکات، کەواتە: تا ئێرە سولەیمانی کە خۆی کوژرا، سەرکەوتوو بوو لەوەی شەڕی ئەمریکا بە ھەمان ئەو چەکەی خۆی بکات، دروست وەک ئەوەی کە ماوتسی تۆنگ دەڵێت: شەڕی دوژمنەکەت بەو چەکە بکە کە بە دەست خودی دوژمنەکەتەوەیە! دووەمیشیان: ھێشتنەوەی ماڵی«شیعی»بوو بە یەکڕیزی لە دەرەوەی ئێران، ئاخر جگە لە ڕەش و ڕووتی سیاسی، کەسی تر ئێران بە وڵاتێکی ئیسلامی نازانێت، ئێران خۆیشی ئەوەندە وەک وڵاتێک کە سیاسەتی«ئیسلام»بووە، ئەوەندە وەک وڵاتێکی ئیسلامی دەر نەکەوتووە، سیاسەتی ئیسلامی بۆ ئێران بەرھەمدارتر بووە تا وڵاتی ئیسلامی، عەرەب بە ھۆی پەرتەوازەیی لە وتاری ناسیونالستی عەرەبی و مەزھەبی سونییەوە شکستیان خوارد لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئیسلامی بەرامبەر ئیسرائیل! بەڵام ئێران بە پاراستنی ماڵی شیعە نەیھێشت ئەم ھەڵەیەی عەرەب لای ئەویشەوە دووبارە ببێتەوە، لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەکییەوە بە تایبەت سعودیا و ئەمریکا، ھەوڵدرا پێگەی بنماڵەیی«موقتەدا سەدر»بە کار بھێنرێت بۆ لادانی«سیستانی»و شیعەی عێراق دابڕن لە شیعەی ئێران، ھەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو مەعمەعەیەی نێوان حەوزەی عیلمی«قوم»و حەوزەی عیلمی«نەجەف»بەردەوامە، بەڵام قاسمی سولەیمانی ڕێگر بوو لە سەرکەوتنی ئەم پیلانە! ئێران لە پێناو فرەباڵ و فرەفیتوا نەبوونی شیعە، مەزھەبی شیعەی کردە مەزھەبێک، دەماری عیلمانیەت و دیموکراسییەکی تەقلیدی تێئاخنی، فیتوا و بڕیارە مەزھەبییەکانی ھەموو بردنە«تاران!»، تاکی شیعی سەرپشککرا لەوەی چی دەخوات و چی دەکا و چۆن ھەڵدەستێ و دادەنیشێت، بەو مەرجەی وەلائی بۆ ئێران ھەبێت و ڕابەری ئینقیلابی ئیسلامی ئێران بە مەڕجەعی ئایینی خۆی بزانێت! ماڵی خۆت یەکبخە و ماڵی دوژمنت پەرتبکە، ئەھا ڕێک وەک ئەوەی ئینگلیز دەیڵێت: پەرتکە و زاڵبە! دەی لە یەک کاتتدا ئێران ھەم ماڵی خۆی یەکخست، ھەم ماڵی کورد و سوننەشی پەرتکرد، ئیدی بۆیە ئاوا زاڵبوو لە ناوچەکەدا! ئێستاش ئێران کە دەڵێت: سنووری جمھوری ئیسلامی فراوان دەکەین! مەبەستی دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی شیعییە، بەڵام لە ئێستادا درۆ دەکات چونکە ئەوەی بۆ ناکرێت، بەڵام ئێران چۆن لوبنان و فەلەستین و یەمەن و سووریا بە بەرەیەکی جەنگی وڵاتەکەی سەیر دەکات، ھەر ئاواش سەیری عێراق دەکات، جیاوازیەکەیان ئەوەیە: عێراق بە بەرەیەکی گرنگتر لەوان تەماشا دەکات و بە کاری دەھێنێت! نە ئەمریکا، نە جیھانی عەرەبی، جیھانی سوننە، نە کوردیش لە ڕابوردودا توشی نەیارێکی ئاوا سەرسەخت و بیژی وەک ئێران نەھاتوون، بە جیددی وەرنەگرتنی مەترسی ئێران و ئیھمالکردنی لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپا و سعودیاوە، ئیلتیھابی سیاسی ئێران بۆگەنی کرد و بووە شێرپەنجەی ناوچەکە، ئێستا چەشنی شێرپەنجە ئەگەر لە شوێنێکیش بیبڕیت، لە شوێنێکی تری جەستەوە ھەڵدەداتەوە، تازە درەنگە بۆ بڕینی ئەو بەشەی جەستەی ناوچەکە کە توشی شێرپەنجەی ئێرانی بووە، ئیللا دەبێت سەری پان بکرێتەوە کە بەرژەووندی ئابووری و سیاسی جەمسەرەسیاسییە باڵادەستە جیھانی و ناوچەییەکان، ئەوەشی قورسکردووە! بە چەند سەعاتێک دانانی«ئیسماعیل قائانی»بە فەرماندەی سوپای قودس کە جێگری سولەیمانی بوو مانای وایە: ئێران بەردەوام ئامادەیە بۆ شەڕ، ئێ شەڕیش خزمەت بە دۆخی سیاسی ئێستای دەکات، ھاوکات مانای وایە: قائانی درێژە بەو کارانە دەدات کە لە سەر شانی سولەیمانی بوون، قائانی دەچێتە ھەموو ئەو شوێنانەی کە سولەیمانی پێشتر بۆیان چووە! لە ھەمووشی گرنگتر یانی عێراق دەبێت بۆ دوو سێ ساڵێک بە سوڕی سووریابووندا بڕوات تا بیکەین بە قوربانی بۆ ئێران، یانی شەڕی وەکیلەکان دەست پێدەکەین، لەمەشیاندا ڕاستە حکومەتی ھەرێم و قیادەی سیاسی بەردەوام بێلایەنبوونیان دووپاتکردۆتەوە، بەڵام ئەمە لە کاتی بە واقیعبوونی سیناریۆکانی ھەریەک لە ئەمریکا و ئێران زەحمەتە، دوور نییە کوردستان بە ناچاری نەخزێنرێتە کونجێکەوە، لەو کونجەدا بۆ ئەوەی پریشکی بەر نەکەوێت، بە نابەدڵی دوواجار یەکێکیان ھەڵبژێرێت، ئەوجا خوا دەزانێت کوردسان بە یەکەوە لایەکیان ھەڵدەبژێرن، یان ھەر یەکێکیان ڕێواسی کوێستانێک دەخوات! جارێ تەنھا دەتوانین بڵێین: یانار کوني بردا وسلاما . 
    نووسینی لوقمان بیارەیی
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ئیلتیھابی سیاسی! ئەرکی«قاسمی سولەیمانی»دوو پاکێجی گرنگبوون Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top