بەغدا.. چەند مووشەكێك لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا كەوتنە خوارەوە
پێش كەمێك چەند مووشەكێك لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا و نزیك بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كەوتنە خوارەوە.
میدیاكانی عێراق ئاماژە بە دەنگی كەوتنە خوارەوەی دوو یان سێ مووشەك دەكەن لە نزیك ناوچەی سەوز، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی تری باشووری عێراق.
لەوەتەی دەستپێكردنەوەی خۆپێشاندانەكانی عێراقیش لەوەتەی ئۆكتۆبەری رابردووەوە، شەوانە دەنگی كەوتنە خوارەوەی مووشەك لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەرپرسنشینی بەغدا دەبیسترێ و تا ئێستە ئاشكرا نەكراوە لەلایەن كێیەوە ئەم مووشەكانە ئاراستەی ناوچەكە دەكرێن.
بە پێی زانیارییەكان، مووشەكی یەكەم كەوتووەتە ناو رووباری دیجلەوە و هیچ زیانێكی راستەوخۆی لێ نەكەوتووەتەوە، مووشەكی دووەمیش لە نزیك یاریگای بەغدا كەوتە خوارەوە لە دەوروبەری ناوچەی سەوز.
جێی باسە ئەمشەویش لە بەغدا مانگرتن و خۆپێشاندانی بەرفرەوانی هاووڵاتیان بەردەوامە و خەڵك لە تاوەری چێشتخانەی توركی و گۆڕەپانی ئەلخەلانی و گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەتەوە.