• نوێ

    کەرکوکییەکان داوای پاراستنی ئەرشیفی یەکەمین کەناڵی کوردی شارەکەیان دەکەن.


    لەکەرکوکەوە بۆســـــایـــتی هەتاو-ئــــــــــ کــــــــــ م ــــــــــا وەزیری.

    کەرکوک ئەو شارەی لەناوەڕاست و کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو پێشەنگی شارەکوردییەکانی عێراق بوو بۆڕۆشنبیری و هونەر، بەڕای ڕۆشنبیران و ڕوناکبیرانی شارەکە ئێستا ململانێی دەسەڵاتی کوردی و عەرەبی تاقەتییان لەشارەکە بڕیوە و لەهەموو ڕوویەکەوە بۆپێش دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی گەڕێندراوەتەوە.

    ڕۆشنبیرانی شارەکە دەڵێن، ئەو پێشکەوتنە کەمە هونەرییەی ئێستا لەشارەکەدا بوونی هەیە بۆ هەوڵ و ماندووبوونی ڕۆشنبیرانی شارەکە خۆیان دەگەڕێتەوە، کەڕێگەیان نەداوە شارەکەیان لەڕووی هونەرییەوە بکەوێت، هەر بۆیە ئێستا بەدرووشمی "باهەمووان بەشداربین" کۆمەڵێک لەڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی شارەکە کەمپینێکیان بۆپاراستنی ئەرشیفی تەلەفزیۆنی کەرکوک ڕێکخستووە و داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن هاوکارییان بێت لەپاراستنی ئەو ئەرشیفە تەلەفزیۆنییە.

    وێنەی پۆستەری کەمپینەکە


    ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک، کەسەربەحکومەتی هەرێمی کوردستانە، کۆڕێکی بۆ هاشم جەباری بەڕێوەبەری کۆنی هەردوو بەشی کوردی و تروکمانی تەلەفزیۆنی کەرکوکی عێراقی و یەکێک لەپێشکەشکارە دیارەکانی تەلەفزیۆنەکە ئەنجامدا و لەکۆڕەکەدا ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەو مەترسییانەی، کەلەئێستا و ڕابردووشدا هاتوونەتە سەر ئەو ئەرشیفە کۆنانەی، کەئێستا لەبارەگای تەلەفزیۆنی کەرکوکی عێراقی هەڵگیراوە، لەدوای کۆڕەکەش کەمپینێک بۆپاراستنی ئەرشیفی تەلەفزیۆنی کەرکوکی عێراقی ڕاگەیاندرا.

    وێنەی ئامادەبووانی کۆڕەکەی هاشم جەباری

    لەدوای دامەزراندنی تەلەفزیۆنی بەغدا لەساڵی۱۹٥٦، تەلەفزیۆنی کەرکوک یەکەم تەلەفزیۆن بوو لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق وتەنانەت پێش هەندێک وڵاتانی ناوچەکەش کەوت لە پەخشکردندا، کەئەوانیش( بەحرەین وچەند وڵاتێکی تری کەنداوی عەرەبی بوون.

    تەلەفزیۆنی کەرکوک جگە لە بەرنامەکوردییکانی بەشێک لە بەرنامەکانی تری بە ئامادەکراوی  پێش وەخت لەتەلەفزیۆنی بەغداوە دەهاتن لە کەرکوک پەخش دەکرا. لە سەرەتای ساڵی ۱۹٦۸وە پەخشی هەواڵەکان بە زمانی کوردی دەستیپێکرد، لە پاڵ کوردیدا، ڕۆژانە یەک کاتژمێر بە زمانی تورکمانی ونیو کاتژمێر بەزمانی سریانی پەخش دەکرا، ساڵی ۱۹۷٤ کە تەلەفزیۆنی کەرکوک جیابوەوە وسەربەخۆیی خۆی بەدەست هێنا وبەرنامە تورکمانی وسریانیەکەی چونە پاڵ بەرنامە عەرەبیەکان لە کەناڵێکی تردا.

    پەخشی کوردی گەیەنرایە سەرتاسەری کوردستان وهەندێک شار وشارۆچکەی کوردستانی ئێرانیش، ئەمەش وای کرد تەلەفزیۆنی کەرکوک بێتە تەلەفزیۆنێکی هەرێمی.

    لە ساڵی ۱۹۸۰ جارێکیتر پەخشی بەرنامەکانی کوردی، تورکمانی، سریانی، عەرەبی لەگەڵ پەخشە کوردییەکە یەکخران، سەرەتا پەخشی تەلەفزیۆنی کەرکوک ڕەش وسپی بوو، بەڵام لە ناوەڕاستی حەفتاکان تەلەفزیۆنی ڕەنگا وڕەنگ شوێنی تەلەفزیۆنی ڕەش وسپی گرتەوە.

    شاشەی تەلەفزیونی کەرکوک شەرەفی پەخشکردنی بەیانی یازدەی ئازاری بەرکەوت، کە کوردستانی بردە قۆناغێکی نوێوە.

    بەرنامە وڕۆشنبیری وسیاسییەکان تەکانێکی گەورەی بە خۆییەوە بینی وبۆ ماوەی چوار ساڵ لەساڵی۱۹۷۰بۆ۱۹۷٤، ساڵانێکی زێڕین بو بۆکورد لە گەشەپێدانی هەموو بوارەکانی ژیان لە ڕێگەی شاشەی تەلەفزیۆنی کوردی کەرکوکەوە.

    ساڵی ۲۰۰۳ بەهۆی شەڕی عێراق و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا تەلەفزیۆنی کەرکوکیش هاوشێوەی تەلەفزیۆنەکانی تر داخرا و دوای کۆتاییهاتن بەجەنگ و کۆنتڕۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکانی عێراق لەچوارچێوەی تۆڕێکی ڕاگەیاندنی هەواڵی کۆکرانەوە و دوای شانزە ساڵیش بۆیەکەمین جار کەناڵێکی ئاسمانی عێراقی تایبەت بەکورد بەناوی عێراقییە کوردی لەچوارچێوەی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی لەبەهاری ئەم ساڵدا دەستی بەپەخش کردن کرد.

    لەبارەی ئەرشیفی تەلەفزیۆنی کەرکوکی عێراقی یەوە، هاشم جەباری بەڕێوەبەری کۆنی هەردوو بەشی کوردی و تروکمانی تەلەفزیۆنی کەرکوکی عێراقی و یەکێک لەپێشکەشکارە دیارەکانی تەلەفزیۆنەکە، تایبەت بەسایتی هەتاو دوا و گوتی: ئەرشیفی کۆنی تەلەفزیۆنی کەرکوک ئەرشیفێکی ئێجگار گەورەیە و بەهەزاران کاسێتی تێدایە کەلەڕابردوودا خزمتێکی گەورەی بەبواری ڕاگەیاندنی کوردی کردووە.

    لەبارەی هەوڵی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاشم بۆهەتاو ئەوەشی ئاشکراکرد، کەکاتی خۆی فەلەکەدین کاکەیی وەزیری پێشووتری وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان کاتێک چاوی ئەو ئەرشیفانە کەوتووە سەری سوڕماوە و بەڵێنی چارەسەرکردنی داوە بەڵام نەیتوانی کێشەکە چارەسەربکات و دوای ئەویش فریاد ڕواندزی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەی دا بەڵام ئەویش نەیتوانی کێشەکە چارەسەربکات، گوتیشی، پاش ئەوەی لەڕێی دەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە باسی ئەو ئەرشیفەی کردووە، لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سیاسەتمەدار و خێزانی مام جەلال سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراقەوە بانگێشت کراوە و لەلایەن ناوبراوەوە بەڵێنی چارەسەر کردنی کێشەکە دراوە بەڵام ئەویش نەیتوانیوە کێشەکە چارەسەربکات.

    هاشم جەباری بۆهەتاو ئەوەی درکاند، ئەو کێشەیە لەڕێی ئامێرێکەوە چارەسەر دەکرێت، کەلەئەمریکا بوونی هەیە و دەتواندرێ لەڕێی ئەو ئامێرانەوە هەموو ئەو کاسێتانەی دوو ئینجن بکرێن بەیەک ئینج و پاشان ڤیدیۆکان بکرێن سەر سیدی.

    هاشم جەباری بۆهەتاو باسی لەوەش کرد، کەچوار ساڵ بەر لەئێستا کاتێک لەلایەن تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقییەوە هەوڵی گواستنەوەی کاسێتەکان دراوە بەهەوڵی پەڕلەمانتار شوان داودی کێشەکە چارەسەر کراوە و داوا لەبەڕێوەبەری گشتی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی کراوە، کەئەو کاسێتانە لەکەرکوک نەگوازنەوە.

    لەباری هەڵوێستی لایەن و کەسایەتییە تروکمانییەکانەوە جەباری گوتی، وێڕای ئەوەی بەشێکی زۆر لەو کاسێتانە هی تروکمانەکانە باڵام تائێستا ئەوان هیچ هەوڵێکیان بۆی نەداوەی ئەوەیشی من کردوومە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤی خۆم دەیکەم.

    لەبارەی ئەوەی ئەگەر ئەو کاسێتانە لەکەرکوک بن یان لەبەغدا چ کاریگەرییەکی دەبێت، هاشم ڕاگەیاند گەر ئەو کاسێتانە بگوزرێنەوە بۆبەغدا لەناو دەچن هاوشێوەی ئەو کاسێتانەی لەکۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای ساڵانی ۲۰۰۰ و۲۰۰۱و۲۰۰۲ ڤیدیۆ کوردییەکان لەناو دەبرێن و لەشوێنیان ڤیدیۆی نوێ دادەندرێت.

    لەلایەکی ترەوە سیروان بێلانە بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک تایبەت بەو پرسە بۆهەتاو دوا و گوتی، لەسەرەتای ڕاگەیاندنی ئەم کەمپینەوە هیچ کەس و لایەنێک، جگە لەچەند هونەرمەند  و ڕۆشنبیرێکی شاری هەولێر، هیچ کەسێک پەیوەندی پێمانەوە نەکردووە و داوای لەهونەرمەندان و ڕۆشنبیران کرد، کەبەدەم ئەم کەمپینەوە بێن و بەشداری ئەم کەمپینە بن بۆئەوەی بتوانن ئەو کێشەیە چارەسەربکەن.

    بێلانە ئەوەشی گوت گەر ئەو هەزاران کاسێتە ڕزگاربکرێن ئەوا دەتواندرێت لەڕێی دراما و گۆرانی و بەرنامە کوردییەکانەوە کاریگەری دراما بیانییەکان بەسەر تاکی کورد و میدیاکوردییەکان کەم بکرێتەوە.

    لەکۆتایی لێدوانەکەی دا بێلانە داوای بەدەمەوە هاتنی گەرمی لەهاوڵاتییان و ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، ئەو هەمووە ئەرشیفە تەنها بەشێکی کەمی هی ڕۆشنبیرانی کەرکوکە و بەشەکەی تری هی شارەکانی تری هەرێمی کوردستانە بۆیە پێویستە ئەوانیش هاوخەممان بن و بەداواکەمانەوە بێن.

    بەپێی زانیارییەکانی هەتاو ئێستا ئەو کاسێتانە لەئۆفیسی کەرکوکی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی داندراون و چاوەڕێی لایەنێک دەکات، کەچارەنووسیان یەکلایی بکاتەوە.
    ئـ،و
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: کەرکوکییەکان داوای پاراستنی ئەرشیفی یەکەمین کەناڵی کوردی شارەکەیان دەکەن. Rating: 5 Reviewed By: asmiurnalist
    Scroll to Top