• نوێ

    عەقڵی بەرەڵڵا و لاشەی زنجیرکراو!

    عەقڵی بەرەڵڵا و لاشەی زنجیرکراو!


    یەک عارەبانە کتێبی دینی دەخوێنینەوە، بەڵام جورئەت ناکەین توێژینەوەیەکی مێژوویی، سیاسی، فەرھەنگی یان ڕۆمانێک و دوو دێڕ شیعری دڵداری بخوێنینەوە، ئیتر تامی خواردنەکە نازانین و ھەر لە دوورەوە خەریکی یاع یاع و ھێڵنجدانین! ھەرکەس باسی ئازادی کرد، یەکسەر پێمانوایە بانگەشەی بەرەڵڵایی دەکات! ئێ قسەی زل و دروشمیش مانا نادات بە ئازادی، ئازادی دەبێت وەبەرھێنانی لە سەر بکرێت، نەک بە شان و باڵیدا ھەڵبدرێت، ئێمە تا ئێستا لنگاوقوج لە زۆربەی چەمکە سیاسی و کۆمەڵاتەتییەکان تێگەیشتووین، ئەسڵەن تا ئێستا دوو دێڕی مەعقولی خۆماڵیم لە سەر پێناسەی ئازادی نەدیوە!

    کۆمەڵگەی کوردی زیاتر لە سێ بەشی، خوومان گرتووە بە سیاسەت و ئایدولوژیاوە، ھیچ گرنگییەک بە عەقڵی بازرگانی و ئیداری نادەین، کەچی دێین گلەیی لە بەخت و باخەڵی خاڵی خۆیشمان دەکەین!

    ئێمە ھیچ بیرۆکە و پڕۆژۆکەیەکمان نییە بۆ سبەینێ و دوو سبەی، بەڵام سیاسەت و ئایدولوژیا ستراتیژی ھەیە بۆ کەراندن و لێخوڕینی ئێمە تا یەک قەڕنی تر! سیاسی  و ئایدولوژیستەکان لە سەر شاشە و میمبەرەوە دەبنە پارێزەری ماف و ئازادییەکانی خەڵکی، بەڵام لە پشت پەردە و بە سیناریۆی جیاوازجیاواز، بە ناوی ڕێگری لە بەرەڵڵایی، ئازادی نەفەسبڕ دەکەن! چونکە ئازادی زەمینە خۆش دەکات بۆ گەشەی عەقڵ و بیرکردنەوەی تاک، ئێ ئەمەش گەورەترین ھەڕەشەیە بۆ سەر عەرشی ئەوان! چۆن دەبێت تاکی کورد ئەوەندە فامیدە ببێت بتوانێت لە سەر پێی خۆی ڕابوەستێت! چۆن دەبێت کۆمەڵگە تا ئەو ئەندازە دنیابینی گەشە بکات تا بتوانن بە ھەرەوەزی و بە شێوەی پشک، مینی مارکێتێک لە گەڕەکەکەی خۆیان دابنێن، دەی ئەوە لە بەرژەوەندی ئایدولوژیست و سیاسی نییە کە خەڵک بە عەقڵی خۆی دەوڵەمەند ببێت، دەبێت بە کرێبار و شاباشی ئەوان بژیێت و خەیاڵی فەوڵەمەندبوون لێنەدات! ئاخر ئەگەر خەڵک خۆی پڕۆژەی ھەبوو، ئیتر ئەوکات کێ بچێت لە زنجیرە مارکێتەکانی ئەوان کاڵا و کەل و پەلی کوالیت خراپ بکڕێت، خەڵک دەبێت بەردەوام نازی ھەبێت نەک دەستەڵات!

    ژان ژاک ڕۆسۆ دەڵێت: بە منداڵی لەگەڵ باوکم ھامۆشەی کەنیسەم دەکرد، ڕۆژێکیان بە بێ باوکم ڕۆشتم، بەڵام ئەمجارە قەشەکە سوارم بوو!
    نا شوکر جارێ لێرە نەگەشتۆتە ئاستی سواربوونی فیزیکی، وەلێ  دروستکردنی قەرەباڵخی و لێخوڕین و ئاڕاستەکردنی لە سایدی عەوامدا گڤەی دێت! لە پاڵ تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و سیاحەت و عیمارەدا، لە پاڵ زانکۆ و سەنتەرە ئەکادیمیەکاندا عەوام دەبارێت، عەوام لە جیاتی ئەوەی عەقڵی زنجیر بکات، لاشەی خۆی زنجیر دەکات! لە کاتێکدا ئەگەر عەقڵ بەرەڵڵا نەبێت، کێشەیەک نییە لە بەرەڵڵا کردنی لاشەدا .

    ھەڵبەت لەگەڵ ڕێزم
    نووسینی:لوقمان بیارەیی
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: عەقڵی بەرەڵڵا و لاشەی زنجیرکراو! Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top