• نوێ

    کۆڕێک بۆبەرز ڕاگرتنی ڕۆڵی کتێبخانەیەکی شارەکە سازکرا.

    دیمەنی کۆڕەکە
    فۆتۆ/محمد عەزیز-هەتاو



    محمد عەزیز-هەتاو-کەرکوک.

    لەکۆڕێکدا لەشاری کەرکوک، کەلەناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری دیالۆگ بەڕێوەچوو لەلایەن گروپی شار بۆبوونیادنانی مەعریفە بەهاوکاری ئەنجوومەنی ئەدیبانی کەرکوک ڕێکخرابوو، ڕۆڵی کتێبخانەی ئاسۆ لەشاری کەرکوک لەبەرەوپێشبردنی ئاستی ڕۆشنبیری شاری کەرکوک لەسەدەی ڕابردوودا بەرز ڕاگیرا.

    لەکۆڕەکەدا ژمارەیەک نووسەر و کەسایەتی و چاودێری سیاسی کوردی کەرکوک ئامادەی بوون و باسیان لەڕۆڵی ئەو کتێبخانەیە کرد و یەکێک لەئامادەبوانی کۆڕەکە لەبارەی هۆکاری ناونانی کتێبخانەی ئاسۆ بۆئامادەبوانی کۆڕەکە دوا و باسی لەوەکرد، کە(جەبار عەبدوڵا) ناسراو بە(جەبار ئاسۆ) خاوەنی کتێبخانەکە، کەبەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستییەوە بەپێی زانیارییەکانی سایتی هەتاو لەوڵاتی هۆڵندایە، لەبارەی هۆکاری ناونانی کتێبخانەکە بەکتێبخانەی ئاسۆ بۆئەوەدەگەڕێتەوە، کەماوەیەک بەرلەدامەزراندنی کتێبخانەکە گەنجێکی کوردی ناسیوە، گەنجێکی لێهاتوو و زیرەک و قسەزان بووە و هەرزوو ئەو کوڕەی لەلا خۆشەویست بووە و بۆیە پاش دامەزراندنی کتێبخانەکەی لە ١ی حوزەیرانی ١٩٦٨ بەناوی ئەو گەنجەوە ناوی ناوە.

    بەوتەی ئامادەبوان کتێبخانەی ئاسۆ لەماوەی ۱۸ساڵی تەمەنی دا خزمەتێکی گەورەی بەڕەوتی ڕۆشنبیری شاری کەرکوک کردووە و وای لەڕۆشنبیرانی ناوچەکانی تری کوردستان کردووە هەرکاتێک سەردانی شاری کەرکوک بکەن لەو سەردەمەدا سەردانی ئەو کتێبخانەیە بکەن.

    خۆشەویستی جەبار عەبدوڵا بۆناوی ئاسۆ تەنها لەیەک کتێبخانەدا نەماوەتەوە و بەڵکو وای کردووە ناوی ئاسۆ وەک نازناو بخاتە پاشگری ناوەکەی و هاوڕێ و دۆستانی بەجەبار ئاسۆ ناوی دەبەن، ئەوە جگەلەوەی کوڕە گەورەکەی ناوناوە ئاسۆ.

    ئاسۆ جەبار عەبدوڵا، کوڕی گەورەی جەبار عەبدوڵا لەبارەی چالاکییەکەوە خۆشحاڵی خۆی بەئەنجامدانی ئەو کۆڕە نیشاندا و ڕایگەیاند، سوپاسی ئەو لایەنانە دەکەن، کەئەوکۆڕەیان ئەنجامداوە.

    لەلایەکی ترەوە ئاسۆ جەبار وێڕای نیشاندانی نیگەرانی خۆی بەوەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە سود لەئەرشیفی ئەو کتێبخانەیە وەربگرێت و مێژووی کتێبخانەکە بکاتە مەنهەجی خوێندن و نەوەی داهاتووی پێ ئاشنا بکات، ڕایشیگەیاند، کەجەبار ئاسۆی باوکیشی هەرگیز چاوی لەوە نەبووە پاداشت بکرێت.

    هەڤاڵ دارا خاوەنی گروپی شار بۆبوونیادنانی مەعریفە و ڕێکخەری کۆڕەکە، لەبارەی چالاکییەکەوە بەسایتی هەتاوی ڕاگەیاند، کۆڕەکە گفتوگۆیەکی کراوە بووە بۆژمارەیەک ‌لەخوێنەر و هاوڕێیانی ئەوکتێبخانەیە و کۆڕەکە چەند ئامانجێکی هەبووە لەوانە(ئاشناکردنی نەوەی نوێ بەو کتێبخانەیە، کەلەسەدەی ڕابردوودا خزمەتێکی گەورەی بەبزاڤی ڕۆشنبیری کەرکوک کردووە و هەروەها ئەو کەسانەی، کەلەو سەردەمەدا سەردانی ئەو کتێبخانەیەیان کردووە یادی ئەو کتێبخانەیە بکەنەوە).

    هەڤاڵ دارا ڕایشیگەیاند، داوا لەهەموو ئەو دەزگا و ناوەندە ڕۆشنبیریانەی سەربەحکومەتی هەرێم دەکات، کەچی بیانەوێت هاوکاریان بکەن یان چی ئەوان وەک گروپی شار بۆبونیادنانی مەعریفە هاوکاریان بکەن، بۆبەردەوامی دان بەو پڕۆژەیە، چونکە بەبڕوای هەڤاڵ دارا ئەو پڕۆژەیە پێویستە بەردەوامی پێبدرێت چونکە هەنگاوی یەکەمە بۆبەسەرکردنەوەی ئەو وێشتەگە و کەسایەتییانەی، کەلەماوەی ڕابردوودا خزمەتیان بەبزاڤی ڕۆشنبیری کردووە.

    محمد بارزان ناسرا و بەحەمەی شانۆ گەنجێکی ئامادەبووی کۆڕەکە بوو لەبارەی کۆڕەکەوە بەم جۆرە بۆهەتاو دوا وتی، کتێبخانەی ئاسۆ وەچەرخانێکی گەورەبووە لەو سەردەمەی، کەتیایدا بووە و خزمەتێکی گەورەی بەگەنج کردووە و کەناڵێک بووە بۆوشیارکردنەوەی گەنج.

    حەمەی شانۆ دەشڵێت لەوسەردەمەدا شعرەکانی لەتیف هەڵمەت کەلەکتێبخانەی ئاسۆدا بڵاودەکرایەوە، پاڵنەرێکی گەورەبوو بۆگەنجانی ئەو سەردەمە کەببن بەپێشمەرگە و چەکی خەبات لەشان بکەن.

    کتێبخانەی ئاسۆ لە١ی حوزەیرانی ساڵی١٩٦٨ لەلایەن (جەبار عەبدوڵا) ناسراو بە(جەبار ئاسۆ) دامەزراوە و ماوەی ۱۸ساڵ خزمەتی بەبزاڤی ڕۆشنبیری کەرکوک کرد و لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەبڕای حکومەتی ئەوکاتەی عێراق ناوی کتێبخانەکە بۆکتێبخانەی (تەلیعە) گۆڕا و لە ساڵی ١٩٨٦دا بە فەرمانی دادگای شۆڕش حوکمی هەتا هەتای بۆجەبار ئاسۆ دەرچێت و دەستگیرێت بەسەر کتێبخانەکەدا و لەلایەن حکومەتی ئەوکاتەی عێراقەوە، کەلەلابەن حزبی بەعسەوە سەرۆکایەتی دەکرا، کتێبخانەکە داخرا و لەوکاتەشەوە جەبار ئاسۆ لەدەرەوەی وڵات دەژی و بەپێی زانیارییەکانی سایتی هەتاو، کەلەخوشکەزایەکی جەبار ئاسۆوە دەستی کەوتووە لەئێستادا ڕەوشی تەندرووستی جەبار ئاسۆ خراپە و بەشێک لەدەمارەخوێنبەرەکانی دڵی پچڕاون.
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: کۆڕێک بۆبەرز ڕاگرتنی ڕۆڵی کتێبخانەیەکی شارەکە سازکرا. Rating: 5 Reviewed By: asmiurnalist
    Scroll to Top