پێشنیارێكم بۆ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به
دوای ئه‌وه‌ی كه پێش ماوه‌یه‌ك سوكایه‌تی به هاوڵاتیه‌كی كورد كرا له توركیا له سه‌ر ئاڵای پیرۆزی كوردستان كه هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان گیانی خۆیان فیدا كرد له پێناو ئه‌و ئاڵایه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ كاردانهوهكی فه‌رمی نه‌بوو له سه‌ر ئه‌و ڕووداوه، نه ئیدانه كردنێك نه داواكاریه‌ك له حكومه‌تی توركی بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره كارانه، نه هیچ شتێك.
له هه‌مان كاتدا، له فرۆكه‌خانه‌كانی توركیاشدا، پۆلیس و هێزه ئه‌منیه‌كان، ڕۆژانه سوكایه‌تی به هاوڵاتیانی كورد ده‌كه‌ن و داوای مۆبایله زیره‌كه‌كانیان ده‌كه‌ن، به وردی ده‌گه‌ڕێن، ئه‌گه‌ر ئاڵای كوردستانیان هه‌بێت له مۆبایله‌كانیاندا، یاخود، قسه‌یه‌كی ناشیاویان دابێت به توركیا و ئه‌ردۆغان له فه‌یسبوك و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، یان بابه‌تێكیان نوسیبێت له سه‌ر په‌كه‌كه، یان هه‌ر ڕه‌مز و ئاڵایه‌كی په‌كه‌كه‌یان له مۆبایله‌كه‌دا هه‌بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لێدان ده‌خۆن، سوكایه‌تی پێده‌كه‌ن و ڕێگه‌ی پێناده‌ن سه‌ردانی ئه‌و وڵاتە بكاته‌وه و تا چه‌ند ساڵێكیش مه‌عنی ده‌كه‌ن له توركیا.
توركیا، زیاتر له 1.500 كۆمپانیای هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان كه كار ده‌كه‌ن له هه‌موو بووارهكاندا و زۆربه‌یان ئۆفیسیان هه‌یه له شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمدا. دوای ئه‌م ڕووداوانه بۆ ناشرین كردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان و سوكایه‌تی كردن به هاوڵاتیه كورده‌كان، پێشنیارم ئه‌وه‌یه، یاسایه‌ك دابنێن بۆ هه‌ر كۆمپانیایه‌كی توركی و بیانی كه دهیانەوێت له هه‌رێم دا كار بكەن یاخود له ئێستادا كار ده‌كەن، بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت یاخود به‌رده‌وامبوونی مۆڵه‌ته‌كانیان، هه‌ریه‌ك له كۆمپانیا بیانیه‌كان له سه‌ر هه‌موو باڵه‌خانه‌كانیاندا كه ئۆفیسین، به فه‌رمی ئاڵای پیرۆزی كوردستان هه‌ڵ بده‌ن. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ڕێز بگرن له‌و ئاڵا پیرۆزه كه هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان گیانی خۆیان فیدا كرد بۆی.
ئه‌وه‌ی له كوردستان ده‌یاوێت كار بكات، ئه‌بێت ڕێز بگرێت له ڕه‌مز و ئاڵا پیرۆزه‌كانمان.
ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامێكه، بۆ توركیا و هاوڵاتیانی توركی كه بزانن له هه‌رێمی ئێمه‌دا، ئه‌بێت ڕێز له سیمبول و ئاڵا نیشتیمانیه‌كانمان بگرن، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت له هه‌ڕێمی كوردستاندا كار بكه‌ن و قازانج بكه‌ن.
هیوادارم ئه‌م پێشنیاره بگاته سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی و جێگره‌كه‌یشی، قوباد تاڵه‌بانی و هیواداریشم جێ به جێی بكه‌ن، چی دیكه كه‌س حه‌دی نه‌بێت سوكایه‌تی به ئاڵای پیرۆزی كوردستان بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه شه‌كاوه بێت !!!
نووسینی:پشتیوان جاف