• نوێ

    بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لەکەرکوک: کردنەوەی کەناڵێکی گفتوگۆ لەگەڵ پێکهاتەکان بۆپرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک پێویستە.


    هەتاومیدیا-کەرکوک

    محمد نەسرەدین گۆڵدەرەیی بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لەکەرکوک لەچاوپێکەوتنێکی کورتی دوو خولەکی دا لەبارەی میکانیزمەکانی دانانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و گرنگی پۆستەکە لەئێستادا و کاریگەرییەکانی ناڕەزایی پێکهاتەکان لەدانانی کەسێکی کورد لەپۆستی پارێزگاری کەرکوک، بۆسایتی هەتاو میدیا دەودوێت.

    محمد نەسرەدین بۆسایتی هەتاو میدیا: "دانانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەئێستادا هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام لەوەگرنگتر ئەوەیە ئەو پارێزگارە بەپێوەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دیاری بکرێت، بەپێوەرێک بێت ئەو پارێزگارە لەخزمەتی خەڵکی کەرکوک دابێت بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە و گێڕانەوە و ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک بێت، نەک پارێزگارێک دابندرێت بۆبەرژەوەندی حزبی یاخو دیسان هەوڵبدرێت شارەکە بەحزبی بکرێت، بۆیە هەرهەوڵێک بۆدانانی ئەو پارێزگارە هەوڵێکی زۆر جدییە و ئەو پارێزگارە دەتوانێت ڕێگر بێت لەهەوڵی زۆر خراپ، کەئێستا پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت و ئیدارەی شارەکە پێی هەڵدەستن، دیاری کردنی ئەم پارێزگارە خزمەتێک دەبێت گەر بەپێوەرێک و بنەمایەکی باش دابندرێت".

    لەبارەی دانانی کەسێکی وەک (تەیب جەبار)، کەباگراوندێکی ڕۆشنبیری هەیە و کاریگەری و هەوڵەکانی بۆباشتر کردنی ئاستی ڕۆشنبیری کەرکوک، محمد گۆڵدەرەیی گوتیشی: "پاشخانی ئەو کەسەی، کەدیاریکراوە بۆپارێزگار بەتایبەتی ئەو کەسەی، کەئێستا پێشنیارکراوە پاشخانەکەی پاشخانێکە پێموایە خزمەت بەشاری کەرکوک دەکات و پێموایە زیاتر پێکەوەژیانیش دەکات، لەبەرئەوەی ئەو پاشخانەی، کەئەو هەیەتی گەر بەڕێکوپێکی و دوور لەدەستی حزبی جێبەجێ بکرێت، پاشخانێکە خزمەت بەپێکەوەژیان و خزمەت بەئاشتی و خزمەت بەخزمەتکردنی شارەکە دەکات، بۆیە ئەگەردەستی حزبی و بەرژەوەندی حزبی دووربێت لەتواناکانی پارێزگار پێموایە پاشخانە ڕۆشنبیرییەکەی زیاتکردنێک و خزمەتێک دەبێت بەشاری کەرکوک".

    لەبارەی نیگەرانی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک لەسەرپرسی دیاری کردنی کەسێک بۆپۆستی پارێزگار لەلایەن حزبەکوردییەکانەوە و کاریگەرییەکانی لەسەرپڕۆسەی دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆشارەکە، بەرپرسەکەی گۆڕان لەکەرکوک گوتی: "میکانیزمی دیاری کردنی پارێزگار دەبێت لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکەوە بێت و ئەم ئەنجوومەنەی ئێستاش کورد بۆخۆی زۆرینەیە گەر کورد بتووانێت لەناو ئەنجوومەنەوە بەتەنها کەسێک دیاری بکات هیچ کەس و لایەنێک لەدەرەوەی کورد ناتوانێت تانەی یاسایی لێ بدات، بەڵام من خۆم بۆخۆم کاتێک دەڵێن پارێزگاری شاری کەرکوک کەواتە دەبێت پارێزگارێک بێت کورد و عەرەب و تروکمانی شارەکە، بۆیە پێم باشە ئەم پارێزگارە یاخود لایەنی کوردی دەرگای گفتوگۆکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەم شارەبکاتەوە بۆئەوەی ئەم پارێزگارە بتوانێت پارێزگاری تەواوی کەرکوکییەکان بێت بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە و بتوانێت باشتر خزمەت بکات، بۆیە لەئێستادا کردنەوەی کەناڵێکی گفتوگۆ لەگەڵ پێکهاتەکان بۆپرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک بەپێویست دەزانم".
    ئـ.و



    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لەکەرکوک: کردنەوەی کەناڵێکی گفتوگۆ لەگەڵ پێکهاتەکان بۆپرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک پێویستە. Rating: 5 Reviewed By: asmiurnalist
    Scroll to Top