• نوێ

    مێژوو خۆی دووبارەکردەوە! بەڵام ئایە ۲۸ی تەمووزێکی تر دووبارە دەبێتەوە؟

    نوسینی:ئــــــــــ کــــــــــ م ــــــــــا وەزیری

    یانزە ساڵ لەمەوبەر و لە۲۸ـی تەمووزی ساڵی ۲۰۰۸دا کەرکوکییەکان دژی پڕۆژە یاسایەک، کەڕێگری لەزۆربەی دانیشتوانی کەرکوک کرد بەشداری لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن.

    لەوخۆپێشاندانەدا کەبەهەزاران کوردی دانیشتووی کەرکوک ئامادەی بوون کەرکوکییەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە پەیامی ئاشتی و برایەتییان بەیەکتر دەبەخشی و داوای پاراستنی ئاشتی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە و ڕەتکردنەوەی ماددەی۲٤یان دەکرد، بەڵام لەپێشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا لەکاتێکدا خەڵکی شارەکە سەرقاڵی خۆپێشاندانێکی هێمنانە بوون کردەوەیەکی تیرۆرستی خۆکوژی ئاپۆڕای خۆپێشاندانە جەماوەرییەکەی کردە ئامانج و بەهۆیەوە ۲٦ هاوڵاتی شەهیدبوون، کە۱۲شەهیدیان مامۆستابوون و زیاتر لە۲۰۰برینداریشی لێکەوتەوە.

    دوای خۆپێشاندانەکە مام جەلال سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی عێراق ڤیتۆی لەدژی ئەو پڕۆژە یاسایە بەکارهێنا دواتر لە۳۱-۷-۲۰۰۸دا پەڕلەمانی عێراق لەدانیشتنێکی نائاساییدا گۆڕانکاری بەسەر ئەوپڕۆژە یاسایەدا هێنا بەجۆرێک سەرجەم پێکهاتەکان پێی ڕازی بن.

    ئێستا پاش یانزە ساڵ لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پەڕلەمانی عێراق جارێکی تر بۆهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تایبەتمەندی بەخشی بەپارێزگای کەرکوک و لەپڕۆژەیاسایەک دا بەهەمان شێوە ڕێگری لەبەشێکی زۆری دانیشتووانی شاری کەرکوک دەکات بەوەی ئەو کەرکوکییانەی لەساڵی۱۹۹۱دا ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون فۆڕمی خۆراکی هەرێمی کوردستانیان هەیە، بەڵام دوای ساڵی ۲۰۰۳ گەڕاونەتەوە کەرکوک و فۆڕمی خۆراکیان گواستۆتەوە بۆکەرکوک، ئەوا مافی دەنگدانیان نابێت لەم هەڵبژاردنەدا کەوا بڕیارە لەڕۆژی۱-٤-۲۰۲۰دا بەێوەبچێت، کەچی ئێستا ڕۆژانە بەدەیان و سەدان عەرەبی دەهەزاری، کەلەپێش ساڵی ۲۰۰۳ لەلایەن سەدام حسێنەوە لەچوارچێوەی هەڵمەتی تەعریب کردنی کەرکوکدا هێنابوویانی بۆشارەکە و لەشوێنی ئەو ماڵە کوردانە جێگیریان دەکردن، کەوا بەهۆی کوردبوونەوە لەکەرکوک دەردەکران، بەڵام دوای ساڵی ۲۰۰۳ بڕی ۲۰ملیۆن دینار بەهەریەکێک لەو خێزانانەدرا لەبەرامبەر گەڕانەوەیان بۆناوچەکانی خۆیان بەڵام تائێستا بەشێکی زۆریان نەگەڕاونەتەوە، ئەوە جگەلەوەی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕاکان سەعید لەچوارچێوەی تەعریبێکی نوێ دا جارێکی ترئەو عەرەبانەی هێنایەوە بۆکەرکوک کێشەی بۆدانیشتوانی ڕەسەنی شارەکە و دەورووبەری درووست کرد، باشترین بەڵگەش بۆقسەکانم ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی ناوچەکانی داقوق و دووبز بوو، کەچەندین جار لەگوندەکانی هەفتەغار و پەڵکانە شەڕوپێکدادان و گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتۆتەوەو چەندین هاوڵاتیشی کردۆتە قوربانی.

    ئێستا جیاواز لە۲۰۰۸ کورد تەنها ناڕەزایی دەربڕییوە و نەیتوانیوە هیچ کردارێک بکات ببێتە هۆی وروژاندنی بابەتەکە و گەورەکردنەوەی لەمیدیاکان و جوڵاندنی ڕای گشتی و خستنەگەڕی کارتەکانی فشار لەسەر ئەوپرسە، ئەوەی ئێستا ئەوەی ئێستا جێی سەرسوڕمانە کاتی خۆی و یانزە ساڵ بەرلەئێستا کەرکوکییەکان بەخوێنی نزیکەی ۳۰ڕۆڵەی قارەمان کوردستانی بوونی شارەکەی سەلماند بەڵام ئێستا بەرپرسانی کورد جورئەتی ئەوەیان نییە ڕێگری لەو شاڵاوە تەعریبەی ناوچە دابڕاوەکان بکەن، کەبێگومان لەداهاتوودا دەبێتەهۆی کێشەی گەورەتر و دەیان ساڵی تر پێوەی دەناڵێنین.

    یەک دوو ساڵ پێش ئێستا دوو لەپاسەوانەکانی سەرۆک کۆماری عێراق لەنزیک شارۆچکەی دووزخورماتوو ڕفێندران دواتر دەرکەوت چەکدارانی حەشدی شەعبی شوێن بزریانی کرد بەڵام تائەو کاتەشی لەسەر کورسی دەسەڵات بوو، سەرۆک کۆمار جورئەتی ئەوەی نەبوو سۆراغیان بکات و ئێستاش تەنها خودا دەزانێت چارەنووسیان چی بەسەر هاتووە.
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: مێژوو خۆی دووبارەکردەوە! بەڵام ئایە ۲۸ی تەمووزێکی تر دووبارە دەبێتەوە؟ Rating: 5 Reviewed By: asmiurnalist
    Scroll to Top