• نوێ

    کەسوکارەکانی ڕاکان سەعید بەئۆتۆمبێلی سەربازییەوە دەسوڕێنەوە،کەوێنەی سەدامی لەسەرە.


    هەتاو-کەرکوک

    کەسوکارەکانی ڕاکان سەعید پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت بەئۆتۆمبێلە سەرباییەکانی حەشدی شەعبی لەنێو شاری کەرکوک دەسوڕێنەوە و وێنەی سەدام حسێنیشی لەسەر هەڵدەواسن.

    بەپێی وێنەیەک، کەدەستی سایتی هەتاو کەوتووە ئۆتۆمبێلێک لەجۆری تۆیتا لاندکرۆزەر ڕەنگی سور مۆدیل (۲۰۰۲)، کەوێنەیەکی گەورەی سەدام حسێن سەرۆک کۆماری عێراق لەنێوان ساڵانی (۱۹۷۹-۲۰۰۳)ـی لەبەشی پشتەوەی ئۆتۆبێلەکە هەڵواسراوە.

    خاوەنی وێنەکە، کەنەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەسایتی هەتاوی ڕاگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلە هی کەسێکی نزیکی ڕاکان سەعیدە و هەڵگری تابلۆی سەربازییە و سەربەهێزەکانی حەشدی شەعبی یە و لەناوچەی پیشەسازی کەرکوک ڕاگیراوە بەمەبەستی چاک کردنەوەی.

    خاوەنی وێنەکە ڕایشی گەیاند، ئەو کەسەی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەیە خەڵکی حەویجەیە و هاوڕێی نزیکی فەرحان سەعید جبورییە، کەدەکاتە برای ڕاکان سەعید، و ئاماژەی بەوەشدا زۆربەی کات خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە لەگەڵ فەرحان دەبیندرێت.

    خاوەنی وێنەکە وتیشی، لەتەنیشت ئەو ئۆتۆمبێلەوە ئۆتۆمبێلێکی تری جۆری پیک ئاب هەیە، کەبەشێکی لەوێنەکەدا دیارە، بەهەمان شێوە خزمە نزیکەکانی ڕاکان سەعید بەکاری دەهێنن.

    بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە لەکاتێکدایە لەڕۆژی ۱۲ـی تەمووز بەرەی یەکگرتووی عەرەبی لەدژی لابردنی ڕاکان سەعید و دیاری کردنی کەسێک بۆپۆستی پارێزگاری کەرکوک لەلایەن پارتی و یەکێتی یەوە، کەلەڕۆژی ۱۱ـی تەمووز پارتی و یەکێتی لەسەری ڕێککەوتبوون، ژنێکی عەرەبی سونە بەناوی (ڕەنا حەمید) لەناو خۆپێشاندانەکە بانگەشەی بەعسی بوون و سەدامی بوونی خۆی دەکرد، ئەوەش کاردانەوەی لێ کەوتەوە و کوتلەی عەرەبیش لەسەری بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەتی کردەوە ئەو ژنە پەیوەندی بەئەوانەوە هەبێت و ڕایگەیاند ئەو ژنە دەستێکی تێکدەرە و لەلایەن کەسانی ترەوە نێردراوە بۆبەلاڕێدا بردنی خۆپێشاندانەکە و پاشان ڕاکان سەعیدیش لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، کەفەرمانی دەست بەسەرکردنیان بۆئەو ژنە دەرکردووە.

    لەدوای ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەری ساڵی ۲۰۱۷ و پاش کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەکەرکوک و کۆنتڕۆڵ کردنی شارەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، بەفەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕاکان سەعید جبوری بەوەکالەت کرابەپارێزگاری کەرکوک و ماوەی نزیکەی ۲ساڵە لەو پۆستەدایە و لایەنە سیاسییەکوردییەکان بەوە تۆمەتباری دەکەن، کەدرێژە پێدەری ڕێبازی سەدام حسێن بووە بەدووبارە تەعریب کردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و گۆڕینی شوناسی ناوچەکان.

    شایەنی ئاماژە پێدانە لەدوای ساڵی ۲۰۰۳وە و لەپاش لابردنی سەدام حسێن سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی حوکمی عێراق، کەئەو کات بەشێوەیەکی کاتی عێراقیان بۆماوەی ساڵێک بەڕێوەبرد و دەستوورێکی نوێی هەمیشەییان بۆعێراق نووسییەوە، بڕیاری قەدەغەکردنی حزبی بەعس و هەموو ئەو نیشانە و ئاماژانە دەرکرد، کەئاماژەبوون بۆبەعسی بوون.

    ئـ،و

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: کەسوکارەکانی ڕاکان سەعید بەئۆتۆمبێلی سەربازییەوە دەسوڕێنەوە،کەوێنەی سەدامی لەسەرە. Rating: 5 Reviewed By: asmiurnalist
    Scroll to Top