• نوێ

    جەخت و پایەم دووانەیەکی گرێدراو لەشانۆیی زەماوەندی دڕندەیی

    وتار/نووسین: حەمەی شانۆ
    ستافی شانۆیی زەماوەندی دڕندەیی
    نوسینی : فەلاح شاکر
    وەرگێر :کاردۆ محمد
    ئامادەکردن ودەرهێنانی :شکۆ عومەرکاکەڕەش

    نووسینی وتار: حەمەی شانۆ

    پایەم جەوهەری قوڵی هەموو بەرهەمێکی هونەری و ئەدەبیە ، بەڵام کێشەیەکی دیاری  نێو ڕۆمانوس و شاعیرانی ئێستا ئەوەیە ، لەنوسینەکانیاندا ، پەیامەکانیان بەئاشکرا ئەیەن بەخوێنەر ، دەست ئەکەن بەئامۆژگاری کردنێک لەسەرەتاوە تاکۆتایی بەچەشنێ ، هێندە لەسەرپایەمەکەیان کارئەکەن هێندە هەوڵنەدەن بەشێوەیەکی ستاتیکا و هونەری تێکەڵ کێش کرێ بابەتەکەیان ، بۆیە ئەمەش چ ڕۆمان بێ چ قەسیدەی شیعری دەچنە قاڵبی بابەتی ئامۆژگاریەوە ، هەرچەند ئەم کێشەیەش ئێستا لەشانۆیەدروست بووە ، بەشێک لەدەرهێنەران هێندەی کار لەسەرگەیاندی بیرۆکەی بابەتی دەق و پایەمەکان ئەکەن هێندە کار لەسەرپێکهاتەکانی گەیاندنی پەیام ناکەن ، دەیەنەوێ بەشێوەیەکی ڕووت وزەق بیبەخشن بەبینەر ، دڵنیام نەبینەر نە گوێگر نە خوێنەر هەرگیز پایەم و ئامۆژگاریش ،بەشێوەیەکی ڕووت لێت وەرناگرێ ، بەڵکو دەبێت ،جوانکاری و ئارایشی بۆبکەیت ، 
    جائێستا جیلێک هەن کەتاقەتێکی زۆریان نیە بێن بۆ نێو هۆڵێک تۆ نیو سەعات ئامۆژگاری بکەیت و مێشکی بژەنفتێ بەدیالۆگ ، تەکنەلۆژیە تەواو گەنجی درووخستۆتەوە لەشانۆ لەسینەما لەکتێب ، قورسە ڕاکێشانی بینەر بۆ نێو هۆڵێک بۆ سەعاتێک بەدیار نمایشێکی شانۆییەوە دانیشین ، بەڵام بینیان شکۆ عومەر ، شارەزاییانە ، لەڕێگەی تەکنیکەکانی جەختەوە توانی بووی پایەمەپەنەهانەکانی کارەکەی ئاشکرابکات بەشێوەیەکی جوان کە هەموو ئاستەکانی هۆشیاری بینەر بگات .
    ـ جەخت و پایەم لەڕێگای ڕووناکی.

    ڕەنگی سور ، بەسەرقەڵایە منی گەڕاندەوە بۆ ڕۆمانی " هەورەکانی دانیاڵ"ی بەختیار عەلی ، دەرکەوتنی ڕەنگی سور  وەک دەرکەوتنی ئەو هەورەخوێناویەنەن پێمان دەڵێن لەم شارە هەمیشە سێبەری مەرگت بەسەرەوەیە ، ، مەرگ و خوێن بەڕادەیەک بۆتەمۆتەکەی ژیانمان ، هاتۆتە نێو خەونەکانمانەوە ،خەیاڵمانی داگیرکردووە ، هەمیشە و تائەبەد لەچیرۆکی ئەم شارە دووژمنێک دەبێت ،تاخەڵکەکەی خۆیان پێوە سەرقاڵ کەن ، شەڕێک دەبێ تاخەڵکەکەی زیاتر مناڵ بخەنەوە و کوڕەکان بڕۆن بۆجەنگ و،کچەکان دەستدرێژیان بکرێتەسەر .  ڕەنگی سور هەڵگری ئەو مێژوویەخوێناویەی کەرکوک بوو کە لەدێرزەمانەوە ،بۆتەبیابانی جەنگ هەر لەم بیابانەش ،خەڵک خەونی بینیوە بەگوڵەوە خەونی بینیوەبەبۆنی ژیانەوە . 

    ـ جەخت لەڕێگای مۆسیقاوە.
    ئەتمۆسفێری شانۆ بەگشتی پەیوندیەکی ڕاستەوخۆی بەمۆسیقاوە هەیە ، لەزەماوەندی دڕندەییە هەمیشە ڕیتمی موسیقاکان ، هۆشیاری داری و ماتەمینی بوون ،
    هۆشیار بەومانایەی کە ئەها مامەڵە بەتۆدەکرێ ، ئەها چلۆن ئەیەنەوێ خەونەکانتان بکوژن ،  دیواری ماڵەکانتان بەدرووشمەکانی شەڕ پیس کەن ، ئەها ئاگاداربە ببین تۆ چلۆن دەتبانە نێو ئاهەنگێکی دڕندەیی کەکۆمەڵێک چەتە وجەلاد سازیانکردووە ، تۆش هەڵدەپەڕی یاری دەکەی ،لەکاتێکیشد هەرخۆت کچەبەزۆربەشوودراوەکەی. 
    مۆزیک هێز و پایەمێکی فکری هەڵگرتبوو ،  شمشاڵەکەی " ڕزگار حەمە ڕەئوف" سەدای شارێک بوو کە ئازار قوڕگی گرتووەو ناتوانێ بقیژێنێ. کچێکی جوان وقەدباریکەی جوان کە خەریکن سەگەڕەشەکان هەڵیدەڵووشن. ، هونەر بریتە لەپایەم و چێژ ،چۆن لەڕۆمان و شیعر پایەم ومۆزیک و وێنەی تایبەت دروست ئەکات ئەوها مۆسیقا پایەم و وێنە هەڵدەگرێ . نیچە دەڵێت " مۆسیقا نەبوایە جیهان خەلەلێکی تێدا دەبوو" ، مۆسیقا لەم کارەدا لینکێکی بەستراوە بوو بە ڕۆحی ڕوداوەکانەوە .جەختی لەسەرپایەمی بچوکی نێو دیمەنەکان دەکردەوە.

    ـ سینۆگرافیا 
    قەڵایەکی سپی گەورە بەهاوشێوەی قەڵای کەرکوک ، قەڵایەکی سپی و پاکیزە بەڵام چلۆن جەلادەکان دەستی خوێناویان بەم دیوارەئەسڕن ، چلۆن سەگەکانی بیابانی وەفا ، میز بەدیوارەکانی ئەکەن ،دوو تیری ڕاست و تیرێک کەپێکراوە وبەشێکی دیواری قەڵای شکاندووە . دەکرێ لێکدانەوە بۆ ئەم تیرانەش بکەین ، ئەشێت ،ئەوانە سێ سەرکردەی کورد بن کە دەستیان بەرێوبەری ئەوشارەدایە ، یان سێ ڕێبەر سێ حیزبی سیاسی بن یاخود ،سێ کەس بن ،  یا سێ پاسەوان بن ،  با وای دانێین ئەو تیرانە پاسەوانی قەڵان ، بەڵام بۆ دوو پاسەوان پێکەوە لەلایەک و دانەیەکیش لەلایەکی تر بەتەنیا ؟
    ڕەنگە ئەو پاسەوانە تەنهایە بەڕاستی ئەرکی پاراستنی قەڵای گرتووبێت ،بۆیە بەوشێوە شکاوە و یان مردووە ، و جێی سەری تیرەکەشی نەماوە ، وەلێ دوو پاسەوانەکەی تر ،خیانەت کەربونە ، دەستیان تێکەڵ کردووە بەدزەکان بەچەتەکان ، بۆیە بەو شێوەیە تائێستا ماون . بەڵام مانەوەیەک ، کەلەبری بچنە دڵی دووژمنانەوە  دەبنە خاچ و خەڵکەکەی پێ لەناودەبرێ. ، هاوپێچ بوونی کۆمەڵێک گوریس لەمسەر و ئەوسەری شانۆ ، دووبارە پەیام و مانایەکی ترمان بۆ دەخوڵقێنی ، ئەم شارە ڕێگای زۆرە بۆ ڕۆشتن ، پەنجەرەی زۆرە بۆ بینینی ژیان ، باغی زۆرە بۆ ژووان ،ڕۆژی ئەم شارە درێژە کات زۆرە گەمە و یاری بکەین ، ئەتوانین بەوگوریسانە پەتی سێدارەو دروست کەین بۆ مەرگ و ئەمیش جۆلانی بۆ یاری و ئەوینداری بۆ فڕین ، 
    ئەودەم ئەم گوریسانە ببونە ئامڕازێکی تر بۆگەیاندنی پایەم و جەخت.

    پەتەسورەکان.
    گەرسەرنج بەدەین لەدەست و مەچەکی ئەکتەرەکان پەتێکی سورمان دەبینی ،کەزۆرجار لەدەستکردنی ئەم چەشنە پەت و پەڕۆیانە ئەگەڕێنەوە بۆ باوەڕئاینی و ئاینزاکان ،وەک چۆن شیعەکان لەمەرقەدەکانیان پەڕۆی سەوز ئەبەخشن و لەدەستی ئەکەن ، وەک چۆن لەمەنزڵگەی شێخ و تەکیەی دەروێشەکانیش شتی لەوچەشنە هەیە ،ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ پایەم و بیرو باوەڕێکی ئاینی لەنێو ئەم کارەدا ،پایەمێک لەم پەتەنە هەیە ،کەپێمان ئێژن خەڵکی ئەم شارە هێشتا باوەڕیان بە ئەفسانەکان بە سرووتەکان ماوا ، لەناوخوێنیانە.

    جەخت لەڕێگەی  دیالۆگ وشوێن.
    چەندجارێک دەمان بینی ، ئەکتەر" سوزان محمد "بەووتنی دیالۆگەکانی دەهاتە پێشەوەی پێشەوەی ناواڕستی شانۆ و ڕوو لەبینەران پایەمەکەی دەگەیاند  ، هەڵبەتە ڕۆڵی دایک و دووبارەبوونەوەی  جەختێکی ترە کە هەموومان ئەزانین نیشتیمان دایکە ، بەڵام وێنەی دایک لێڕە زۆر دڵڕەقانە دەبینرێ ، بۆیە پێمان ئەڵێ ،دایکەیاتی پیرۆزە نەک دایک. یاخود   ئەکتەر "محمد عەبدوڵا" بە ووتنی گۆرانی "دڵێ ئێژێ بڕۆم لەم شارە" ڕاستەوخۆ بەشێوەیەکی ستاتیکی پایەمەکەی چرپاند بەگوێمانە  ئەمەش پەیامەئاشکراکەی نمایش بوو ، کەلەودیوی ئەم دیمەنەوە کۆمەڵێ پایەمی تر خۆی شاردۆتەوە ،ئەمانەی من تەنهالێکدانەوەیەکی ورد و،سادەبوون،لەلایەنی جەخت لەسەر پایەمەکانی نێوشانۆیی زماوەندیی دڕندەیی ،بەڵام دڵنیام ،چەندین لێکدانەوە وتەفسیری جیاواز هەڵدەگرێ ئەمەش سیفەتی کاری شانۆییەکانی شکۆ عومەر کاکەڕەشە کە بەشێوەیەکی وێنەیەکی ئاڵۆزمان پێ دەبەخشێ وپێمان ئەڵێت لەزهنی خۆتان وێنەتەواوەکە لێکبدانەوە ، دیالۆگ و پایەمی شانۆگرنگە گومان وپرسیار دروست بکات لای بینەر ،نەک گریان و پێکەنین و حیرکەحیرک . ئەمەنەش تەنها لەکاری قوڵ و جدی درکی پێدەکرێ نەک  ئەو کارە چرت وپرتەنەی ئێستا ئەکرێ بەئیسمی شانۆوا و ناشانۆن...
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: جەخت و پایەم دووانەیەکی گرێدراو لەشانۆیی زەماوەندی دڕندەیی Rating: 5 Reviewed By: asmiurnalist
    Scroll to Top