• نوێ

    شەش ڕۆژە ڕۆژنامەنووسێک بێ سەروشوێنە و سەندیکاش دەڵێ بەهۆی کاری سیخوڕییەوە بووە.

    شەش ڕۆژە ڕۆژنامەنووسێک بێ سەروشوێنە و سەندیکاش دەڵێ بەهۆی کاری سیخوڕییەوە بووە.



    بۆســـــایـــتی هەتاو میدیا-ئــــــــــ کــــــــــ م ــــــــــا وەزیری

    ماوەی شەش ڕۆژە ڕۆژنامەنووسێک لەسنووری دەڤەری برادۆست بێ سەروشوێنە و دەزگاکەشی ڕایدەگەیەنێت هەڕەشە لەخانەوادەی ڕۆژنامەنووسەکە کراوە و پێیان وتراوە کەنابێ بەدواداچوونی بۆبکەن.

    زوبێر برادۆستی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری سایتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژی نزیک لەپارتی کرێکارانی کوردستان ناسراوبە(پەکەکە) ماوەی شەش ڕۆژە بێ سەروشوێنە و دەزگاکەشی ڕایدەگەیەنێت هێزێکی سەربازی حزبی دەستگیری کردووە و هەڕەشە لەخانەوادەی ڕۆژنامەنووسەکە کراوە و پێیان وتراوە، کەنابێ بەدواداچوونی بۆبکەن.

    شنە فایەق سەرنووسەری سایتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ لەسەر ئەو پرسە بۆهەتاو میدیا دوا و ڕایگەیاند، لەڕۆژی ۲۰ـی ئەم مانگەوە ڕۆژنامەنووس زوبێر برادۆستی لەدەڤەری برادۆست بێ سەروشوێنە.

    شنە وتیشی: "دوای دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئێمە پەیوەندیمان بەئاسایشی سۆران کردووە و ئاسایش پێی گوتوون، کەئەوان ئاگاداری ئەو بابەتە نین و ئەو ڕۆژنامەنووسە لەلای ئەوان نییە".

    شنە باسی لەوەش کرد دوای ماوەیەک لەبەدواداچوون بۆیان دەرکەوتووە ئەو ڕۆژنامەنووسەیان لەلای هێزی فەرماندەیی لەشکری هەڵگورد دەست بەسەرکراوە و ئێستا لەشارۆچکەی مەسیف دەست بەسەرکراوە.

    سەرنووسەرەکەی ڕۆژنیوز ڕایشی گەیاند، لەلایەن ئەو هێزەوە خانەوادەی زوبێر ئاگادارکراونەتەوە، کەنابێت بەدواداچوون بۆدەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە بکەن.

    لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەوە، شنە فایەق سەرنووسەری ڕۆژنیوز گوتی: "لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن ئاسایشی شارۆچکەی سۆرانەوە زوبێر برادۆستی دەستگیرکرا بەبیانووی ئەوەی وێنەی چەند ناوچەیەکی قەدەغەکراوی گرتووە و لەناوشارۆچکەی سۆرانیش لێدوانی لەخەڵک وەرگرتووە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەڵام ئەم جارەیان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەوە نییە"

    سەرنووسەرەکەی ڕۆژنیوز ئەوەشی ئاشکراکرد، فەرماندەیی لەشکری هەڵگورد هیچ زانیارییەکیان لەبارەی کەیسی زوبێر برادۆستییەوە ئاشکرانەکردووە، بەڵام وابڕیاربوو ئەمڕۆ لەلایەن ئەفسەرێکی هەواڵگری ئەو هێزەوە زانیارییان لەبارەی چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسەوە پێ بدرێت بەڵام ئێستا وەڵامی پەیوەندییەکانی ئەوان ناداتەوە.

    لەسەر ئەو کەیسە هاوڕێ کرێکار هاوپیشە و هاوڕێی زوبێر هاتەدەنگ و ڕەخنەی لەسەنتەری میترۆ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گرت بەوەی لەسەر ئەو کەیسە نەهاتوونەتە دەنگ، بەڵام لەڕووداوی تەقەکردنەکەی هەفتەی ڕابردووی هەولێردا کاتێک پێشێلکاری لەدژی ڕۆژنامەنووسی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی عەرەبی کرا دەست بەجێ ئەوان بەیاننامەیان لەسەری بڵاکردەوە.

    هەتاو میدیا لەسەر ئەو کەیسە پەیوەندی کرد بەئیسماعیل ئیبراهیم بەرپرسی نوسینگەی سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەشارۆچکەی سۆران و سەرەتا ناوبراو بێ ئاگایی خۆی لەو کەیسە ڕاگەیاند و ئاشکراشی کرد وەک سەندیکا ئاگاداری ئەوەنین هیچ کەسێک بەو ناوەوە کاری ڕۆژنامەنووسی کردبێت و گوتی، "ئێمە وەک سەندیکا بەهیچ جۆرێک ئاگاداری ئەو هەواڵەنین و لەهیچ پێگە و دەزگایەکی سنووری سۆران بڵاونەکراوەتەوە و هیچ ناوێکی لەوجۆرەشمان نەبیستووە، کەکاری ڕۆژنامەوانی بکات"

    بەرپرسەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئاشکراشی کرد ئەوان بەدواداچوون بۆئەو کەیسەدەکەن و ڕایشیگەیاند هیچ کەسێک بەبێ هۆکار دەستگیرناکرێت.

    پاش چەند خولەکێک لەلێدوانی یەکەمی بۆسایتی هەتاو میدیا، ئیسماعیل ئیبراهیم بەرپرسی نوسینگەی سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەشارۆچکەی سۆران، لەچوارچێوەی لێدوانێکی نوێ دا سەبارەت بەوکەیسە، بۆسایتی هەتاو میدیا دوا و ڕەتیکردەوە (زوبێر برادۆست)ـی ڕۆژنامەنووسەکەی ڕۆژنیوز لەسەر کاری ڕاگەیاندن دەستگیرکرابێت و ڕایگەیاند لەسەرکاری سیخوڕی دەستگیرکراوە.
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: شەش ڕۆژە ڕۆژنامەنووسێک بێ سەروشوێنە و سەندیکاش دەڵێ بەهۆی کاری سیخوڕییەوە بووە. Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top