• نوێ

    بارزانی لەسەر خۆپیشاندانەکەی کەرکوک پەیامێکی بڵاوکردەوە

    بارزانی لەسەر خۆپیشاندانەکەی کەرکوک پەیامێکی بڵاوکردەوە

    بارزانی: کێشەی کەرکوک بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لەنێوان هەولێرو بەغداد یەکلابکرێتەوە

    مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بارودۆخی کەرکوکەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
    پەیامەکە دوای خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی عەرەبەکان دێت دژ بە دانانی پارێزگاری نوێی کەرکوک کە پارتی و یەکێتی لەسەری رێککەوتوون.
    دەقی پەیامەکە:
    بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
    كێشەی كەركووك تەنیا گرفتی سیاسیی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسیی نێوان چەند لایەن نییە، لە ڕاستیدا كێشەی كەركووك بابەتێكی مێژوویی و سیاسی و كۆنە لە هەمانكاتیشدا فرەڕەهەند و گەورەیە.
    بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر كەركووكدا هاتووە و، لەبەر پێویستیی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك و هەروەها چارەسەركردنی كۆی كێشەكان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركووك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بێت.
    ئێستا كەشێكی ئیجابی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و ئەوەیش دەرفەتێكی زۆر باشە كە بە سوودوەرگرتن لەو كەشە ئیجابییە گرفتە ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركووكیش چارەسەر ببێت و لە چوارچێوەی دەستووردا كەركووك بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. چونكە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە كەركووك هەیە ناكرێ بەردەوام بێت.
    ئێمە ئێستا و پێشتریش ڕامان وا بووە كە هیچ مساوەمەیەك لەسەر كوردستانیبوونی ناسنامەی كەركووك ناكەین و دەبێ كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ یەكتر بژین.
    مسعود بارزانی
    13ـی 7ـی 2019
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: بارزانی لەسەر خۆپیشاندانەکەی کەرکوک پەیامێکی بڵاوکردەوە Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top