دوای 38 ساڵ مەزهەری خالقی دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی سنە
پارێزگاری كوردستان( سنە)ی خۆرهەڵاتی كوردستان ڕایگەیاند كێشەی ڤیزای هونەرمەند مەزهەر خالقی، چارەسەر بووەو دەگەڕێتەوە شاری سنە.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی میهری ئێرانی، بەهمەن موراد نیا، پارێزگاری سنە كەمێك پێش ئێستا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە زانكۆی كوردستان، ڕایگەیاند: لەبەرئەوەی مەزهەر خالقی پاسپۆرتی عێراقی یان ئێرانی نەبووەو تەنیا پاسپۆرتی بەریتانیایی هەبووە، كێشە بۆ دەركردنی ڤیزاكەی دروستبووەو بە خۆشحاڵیەوە كێشەكە لە ئێران چارەسەربووە.
وتیشی: هەوڵی بەردەواممان دا بۆ چارەسەریی كێشەی ڤیزای مامۆستا خالقیو بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیانی ئەمڕۆ هەواڵیان پێم دا كە ڤیزایان بۆ دەركراوە.
راشگەیاند هاتنەوەی مامۆستا مەزهەر خالقی دوای ۳۸ ساڵ بۆ شاری سنە ، زێدی لە دایكبوونی، جێگای خۆشحاڵی هەمووانەو سنە باوەشی بۆ مامۆستا خالقی كراوەیە.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە مەزهەر خالقی بە هاوڕێیەتی جەمیل ڕۆستەمی دەرهێنەری ناسراوەی كورد لە سلێمانیەوە بگاتە شاری سنە.
هاتنی مامۆستا مەزهەر خالقی بۆ سنە لەسەر بانگهێشت و داخوازی بەڕێوەبەرانی كۆنگرەی ناودارانی كوردە كە بڕیارە ۱۱ و ۱۲ی پووشپەڕ لە زانكۆ كوردستان بەڕێوەبچێت.
لەو كۆنگرەیەدا ڕێز لە ۳۰ هونەرمەندو بلیمەتی ناوداری كورد لە بوارە جۆراوجۆرەكانی زانست، هونەر و فەرهەنگ و وەرزش و ئەدەبیات دەگیردرێت كە یەكێكیان مەزهەر خالقیە.
ئامادەکردنی:هەورامان خالید