• نوێ

    دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەنجام و لێکەوتەکانی چی بوون؟

    دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەنجام و لێکەوتەکانی چی بوون؟

    دوو ساڵ بەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تێپەڕی دوای ئەوەی لەماوەی سێ ساڵی شەڕی داعش دا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەنوێنەرایەتی هەموو جیهان دژی گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆرستی جیهانی لەعێراق و کوردستان دەجەنگی، ئەمە وای لەسەرکردەکانی کورد کرد کەبڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک بدەن بۆبەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆگەلەکەیان و دواجار لەکۆبوونەوەیەکی فراواندا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم درا. ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ۷-٦-۲۰۱۷ لەپیرمام کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوەچووە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەلە۳۰-۸-۲۰۱٥وە کێشە لەسەر ماوەی سەرۆکایەتییەکەی هەبوو و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی وەک سەرۆکی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵی نەدەکرد، سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کۆبوونەوەکەی دەکرد، هەربۆیە هەریەکە لەگۆڕان و کۆمەڵ لەکۆبوونەوەکەی ۷-٦-۲۰۱۷ ئامادەنەبوون بەڵام لەکۆبوونەوەکە بڕیاردرا بەئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ۲٥-۹-۲۰۱۷ بۆئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاری کرا و دەستەیەکیش بەناوی سەرکردایەتی سیاسی کورد دامەزرا، کەئامانج لێی ڕازی کردنی بەغدا و تاران و ئەنقەرەبوو بەداننان بەئەنجامی ڕیفراندۆمەکە. ڕۆژی سێ شەمە ڕێکەوتی ۸-۸-۲۰۱۷ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی دا کەمپینی جوڵانەوەی نەخێر لەئێستادا لەلایەن کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و پەڕلەمانتارەوە بەسەرپەرشتی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی ئێستای جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاگەیاندرا، کەپێیان وابوو ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوکاتەدا لەدژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد دەبێت. ڕۆژی سێ شەمە ڕێکەوتی ٥-۹-۲۰۱۷سەرتاسەری کوردستان بەناوچەکێشەلەسەرەکانیشەوە کەمپینی بانگەشە بۆهەردوو کەمپینی بەڵێ و نەخێر لەڕیفراندۆمدا بەڕێوەچوو. پاش دوو ساڵ لەداخستنی بەهۆی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، دواجار لەڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱٥-۹-۲۰۱۷ پەڕلەمانی کوردستان کارا کرایەوە و بەسەرۆکایەتی جەعفەر ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان یەکەمین دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و تیایدا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی لە۲٥-۹-۲۰۱۷پەسەندکرد و پێشوازی لەو بڕیارەکرد. دوای ۲۰ڕۆژ لەبەڕێوەچوونی کەمپینی بانگەشە لەڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ۲٥-۹-۲۰۱۷ لەسەرتاسەری کوردستان بەناوچەکێشە لەسەرەکانیشەوە بەڕێوەچوو، کەئەمە بۆیەکەمین جاربوو لەتەواوی باشوری کوردستان بەناوچەکێشە لەسەرەکانیشەوە هەڵبژاردنی ڕیفراندۆم بەڕێوەبچێت و لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی دوای دوو ڕۆژیش لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتایی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرا کرا و تیایدا دەنگی بەڵێ ڕێژەی ۹۲٫۷۳٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و دەنگی نەخێریش ڕێژەی ۷٫۲۷٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەمجۆرەش دەنگی بەڵێ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەپاش دەنگدانی بۆڕیفراندۆم نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی دا سەبارەت بەڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، سبەینێش ئاڵای عێراق لەپشتمەوە دادەندرێت وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی کەدەست بەجێ سەربەخۆیی ڕاناگەیەنن. لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان ئەوا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆخۆشی دەربڕین و پشتگیریکردن لە شارەکانی بانە، مەھاباد و سنە خەڵکی ھاتنە سەر شەقامەکان کە بەمھۆیەوە ژمارەیەکییان لێ دەستگیرکرا. چوار ڕۆژ لەدوای ڕێفراندۆمەکە ئەوا حکوومەتی ناوەندی عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی لە فرۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان قەدەغەکرد جگە لەدەوەی داوای لە ئێران و تورکیا کرد سنوورەکانییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دابخەن، ئەمەش لەبەرئەوەبوو کە فرۆکەخانەکان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵکرابوو. لەپاش چەند ڕۆژێک لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەرکردایەتی سیاسی کورد کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆتاوتوێ کردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و بڕیاریدا بەگۆڕینی ناوەکەی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان-عێراق و هەروەها ڕێککەوتن بەوەی لەڕووی دیبلۆماسییەوە وڵاتان بەداننان بەئەنجامەکانی ڕیفراندۆمەکە ڕازی بکەن. لەدوای کۆچی دوای جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچ کردووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە۳تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ـەوە هەڕەشەکانی حکومەتی عێراق لەدژی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و بەتایبەتی پاش کۆنتڕۆڵکردنی حەویجە لەمانگی ئەیلولی ۲۰۱۷. لە۱۰ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۱۷ـەوە هەڕەشەکان بوونە جدی و عێراق دەستی کرد بەجوڵاندنی هێز بەرەو سنوورەکانی کەرکوک و لەو چوارچێوەیەشدا هێزەکانی سوپای عێراق لەبەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱۳ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۱۷ تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لەمحوەری چواری باشوری کەرکوک کشانەوە بۆئەم دیوی ئاو و لەناوچەکانی مەکتەب خالید و نەهرەوان و مریەم بەگ جێگیرکران و ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سووپای عێراقیش تەواوی ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆڵکردەوە کەلەخوارووی ناوچەکانی مەکتەب خالید و نەهرەوان بوو وەک ناوچەکانی (نەوافل و یەرموک) کەپێشتر لەژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە بوون، دوای سێ ڕۆژی و لەبەرەبەیانی ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ۱٦ـی تشرینی یەکەمی۲۰۱۷ پێشڕەویان کرد بەرەو ناو شاری کەرکوک و ناوچەکێشە لەسەرەکانی باشووری کوردستان و لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا تەواوی ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆڵکرد، کەئەمەش لەکاردانەوەی ڕیفراندۆم ڕوویدا. هەر لەپاش ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر گرژی کەوتە نێوان پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و هەردووکیان یەکتریان بەئەنجامدانی خیانەت لەو ڕۆژەدا ئەنجام دەدا و ئۆباڵی ئەو ڕووداوانەشییان دەخستە ئەستۆی یەکتر. دواجار دوای ئەو ڕووداوانە و لەپاش یەک مانگ لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی کوردستان، لەڕۆژی سێ شەمە ڕێکەوتی ۲٤ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۱۷دا حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ى ڕووداوەکانی ئەوکاتەی ناوچەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کەبڕیاریانداوە بەسڕكردنى ئاكامى ڕیفراندۆم كه‌ 
    له‌كوردستانى عیراق ئەنجامدرابوو.
    ئامادەکردن :ئاکام صمد
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەنجام و لێکەوتەکانی چی بوون؟ Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top