• نوێترین بابەت

    لەکەرکوک بنەماکانی زمانی جەستە فێری خوێندکاران دەکرێت.

    لەکەرکوک بنەماکانی زمانی جەستە فێری خوێندکاران دەکرێت.


    نووسەرێک لەکەرکوک هەوڵ بۆدرووستکردنی کەسایەتییەکی بەهێز بۆتاکی کورد دەدات.

    فەرمان هیدایەت نووسەر و لێکۆڵەر لەشاری کەرکوک ئێستا بەشێوەیەکی خۆبەخشانە لەخوێندنگاکانی شاری کەرکوک دا وانە دەڵێتەوە و بنەماکانی زمانی جەستە فێری خوێندکاران دەکات.

    دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا نوێترین کتێبی خۆی بەناوی (نهێنی سایکۆلۆژیای زمانی جەستە و بەهێزکردنی کەسێتی) بڵاوکردەوە ئێستا جیاواز لەنووسەرانی تری شارەکە لەخوێندنگاکانی شاری کەرکوک کتێبەکەی بەخوێندکاران دەناسێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا بنەماکانی زمانی جەستە فێری خوێندکاران دەکات.
    فەرمان هیدایەت لەبارەی ئەو کارەیەوە بۆسایتی هەتاو دەدوێت و دەڵێت: "دەمەوێت کەسایەتی بەهێز بۆتاکی کورد لەکەرکوک درووست بکەم".

    فەرمان بۆسایتی هەتاو وتیشی: "وەک نوسەر و لێکۆڵەرێک بێ پاڵپشتی وهاوکاری هیچ حزبێک توانیومە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە 85کۆڕ و سیمینار و وانەی دەروونی لەسەر بابەتەکانی سایکوڵۆژیای زمانی جەستە و نەخۆشی (نۆمۆفۆبیا) و نەخۆشی هاوچەرخی ئەلکترۆن، هەروها چۆن لەترسەکان هەڵنەیەین و بتوانین ڕووبەڕوی ببینەوە؟ پێشکەشی خوێندکارانم کردووە".

    فەرمان بەسایتی هەتاویشی ڕاگەیاند، ئەو ئەوکارانەی لەکەرکوکدا کردووە لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی نمونەی و هۆشیار و مەشق پێکراو لەشەش مانگی ڕابرددودا مەشقی زمانی جەستە و بەهێزکردنی کەسێتی بە زۆرتر لەدەهەزار خوێندکاری کورد کردووە لەشاری کەرکوک، ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش دا لەهەزار پێنج سەد دانە پەرتووک لەپەرتووکە نوێیەکەی، کەناوی(بەناوی سڵیکۆلۆژیای زمانی جەستە وکەسێتی بەهێز) لەچاپ دراوە، تەنها 13پەرتووک ماوە.

    فەرمان ئەوەشی بۆسایتی هەتاو باس کرد کەتوانیویەتی خوێندکاران هانبدات  بخوێننەوە، و دەست بەسەرکاتدا بگرن، و دوورکەونەوە لە خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و مۆبایل و دراماخراپەکان.

    شایەنی باسە لەماوەی ڕابردوودا ئەو نووسەرە دەروونییە گەورەترین سیمیناری زانستی بۆیەکەمجار لەشاری کەرکوک بۆکچان لەسەر بابەتی (هەستی شەشەم و هەستی حەوتەم، چۆن بەرنامەسازی بۆمێشکت دەکەیت؟ چۆن ئەم هەستانە کاریگەری باش وخراپیان لەسەرئەنجامەکانت دەبێت؟) لەسەنتەری ڕۆشنبیری شاری کەرکوک سازکرد و تیایدا ژمارەیەکی زۆر لەخوێندکاران ئامادەی ئەو سیمینارە بوون.

    هاوکات مامۆستایەکی دواناوەندییەکی کچان لەشاری کەرکوک، لەبارەی کاریگەری کارەکانی فەرمان هیدایەت لەسەر خوێندکاران بۆسایتی هەتاو دەدووێت و باس لەوە دەکات، کەئەو کارەی فەرمان هیدایەت بۆهەڵسەنگاندنی خوێندکارانە لەئاست توانای خۆیان و چۆنییەتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و چۆنییەتی ڕادەربڕین و چۆنییەتی ئەنجامدانی هەڵسوکەت چ لەناو خوێندنگابێت یان لەدەرەوەی خوێندنگا.

    مامۆستا ئاشتی عادل بەگرنگییەوە لەو کارەی فەرمان هیدایەت دەڕوانێت و بەسایتی هەتاو دەڵێت: ٫٫کاک فەرمان لەدوور و نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گیر و گرفتەکانی خوێندکارانە،،.

    ئەو مامۆستایە بۆهەتاو دەشڵێت: ٫٫ئێمە لەم شارەدا وەک خوێندنگاکانی بەشی خوێندنی کوردی توێژەری کۆمەڵایەتیمان زۆر کەمە، و بەشێک لەتوێژەرە کۆمەڵایەتییەکانیش جۆرێک لەسستی لەکارەکانیان دەنوێنن،،.

    مامۆستا ئاشتی بۆسایتی هەتاو باسی لەوەشکرد پێویستە توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان سەردانی ئەو خوێندنگایانە بکەن کەتوێژەری کۆمەڵایەتییان نییە چونکە ئێمە لەم وڵاتەدا سیستەمێکی خراپمان هەیە لەبەرئەوەی خوێندکار دوانزە ساڵ دەخوێنێت بەڵام لەماوەی ۲۱کاتژمێری تاقیکردنەوەکانیدا چارەنووسی دەردەکەوێت و گەر لەو تاقیکردنەوانەش دەرنەچێت خوێندکارەکە بەکەسێکی ئاست نزم دادەنێین، ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر دەروونی خوێندکارەکە درووست دەکات.

    لەبارەی ڕۆڵی میدیا لەدرووستکردنی پەروەردەی منداڵان، مامۆستاکەی خوێندنگا دواناوەندییەکەی کچان بۆسایتی هەتاو دەڵێت: ٫٫بەداخەوە میدیا ڕۆڵی گرنگی نەبووە لەدرووستکردنی پەروەردەی بنەڕەتی لەمنداڵاندا،،.

    لەدوای ڕووداوە سیاسییەکانی دووساڵی ڕابردووی شاری کەرکوک خوێندنی کوردی تاڕادەیەک لەشاری کەرکوک بەرەو لەناوچوون هەنگاوی دەنا بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لەخوێندنکارانی کوردی شاری کەرکوک بەهۆی کاریگەری ڕووداوەکانەوە شارەکەیان جێدەهێشت یانیش لەخوێندنی کوردییەوە دەچوونە خوێندنی عەرەبی، بەڵام ئێستا تاڕادەیەک خوێندنی کوردی توانیویەتی مانەوەی خۆی بپارێزێت و بەکوردی لەم شارەدا خوێندکاران فێری بنەماکانی پەروەردە بکرێن.

    ئامادەکردنی:ئاکام وەزیری
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: لەکەرکوک بنەماکانی زمانی جەستە فێری خوێندکاران دەکرێت. Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top