• نوێ

    کوشتنی دوعا و کارەساتی شەنگال 

    کوشتنی دوعا و کارەساتی شەنگال 


    وەڵامێکی لۆجیکی بۆ ئەو ئەکاونت و پەیج و گروپانەی کارەساتی شەنگال بە غەزەب و تۆڵەی خودا ئەبینن و داعش بە موعجیزەی تۆڵە لە ئیزیدیەکان راڤە ئەکەن ..
    ئەو خەلکانەی لەژێر ناوی خەمخۆری بۆ دوعا چەند رۆژێکە ھەڵمەتێکی نارەوایان دەست پێکردووە گوایە خەمی دوعایانە فرمێسکی بۆ ئەڕێژن .. لەراستیدا ئەوە ھێرشێکی گشتگیرانەیە بۆ سەر ئێزیدیەکان بێ لێکدانەوەی راستیەکان وە داکۆکیشیان لە دوعا لەبەرئەوە نیە کە دوعا ژنێکە و مرۆڤێکە و کوژراوە بەڵکو لەبەرئەوەیە کە دوعا خۆشەویستی کوڕێکی موسوڵمان بووە و بەو ھۆیەوە کوژراوە ..
    لێرەوە ئەبینین کە  ھەستی ئایینی پێش ھەستی مرۆڤایەتی خراوە ، ئەگەر دوعا موسوڵمانێك بوایە و بکوژرایە لەسەر خۆشەویستی بۆ کورێکی ئێزیدی یان کریستیان ئەوکاتە ھیچ باسێك یان پۆستێکی گروپ و پەیجەکانت نەئەبینی ..
    لە ھەمووی قیزەونتر ئەو تێروانینەیە کە ئەڵێت خودا تۆڵەی دوعای لە ئێزیدیەکان کردەوە گوایە پەلاماری داعشی ئیسلامی بۆ سەر شەنگال و بەکەنیزەك بردن و ئیغتیساب و ئەنفال و کوشت و بڕی ژنان و کچانی کوردی ئێزیدی پیرۆز دەکەن و دەست خۆشانەی لێدەکەن !!
    چ داتەکینێکی مۆڕاڵ و مرۆڤایەتییە ، دەستخۆشانە لە ھێزێکی رەشی تیرۆریستی بکەیت و بە سزای ئیلاھی بزانیت ..
    ئەی کاتێك سەدام کوردی ئەنفال کرد سزای کام ئیلاھ بوو لە دژی تۆڵەی کام دوعا بوو !!
    کاتێك تورکیا عەفرینی گرت و سەدەھا ژن و مناڵ و پیر و گەنجی قەتڵ و عام کرد لە تۆڵەی کام دوعادا بوو !!
    ئەوانەی دوعایان کوشت کێ بوون پیاوانی خێڵ و ئاین بوون یان کچان و ژنانی بەسەزمانی قوربانی دەستی داعش !؟
    ئێمە پێویستە ھەلسەنگاندنێکی مرۆڤدۆستانەمان ھەبێت بۆ کەیسی دوعا و کوشتنەکەی سەرکۆنە بکەین ھەرچۆن سەرکۆنەی کوشتنی ھەموو ژن و کچێك بکەین لەژێر ھەر بیانوو و پاساوێکدا بێت و ھەر ئایین و فەرھەنگ و کەلتورێكی دواکەوتووانە لە پشتی بوەستێت   سەرزەنشت بکرێت نەوەك بکرێتە ھەوێنی جوڵاندنی رق و کینەی ئایینی بەرامبەر یەکتر و سڕینەوەی یەکتری ..

    ئارام حمەسعید 
    ٧ / ٦ / ٢٠١٩
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: کوشتنی دوعا و کارەساتی شەنگال  Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top