• نوێترین بابەت

    من تۆقیوم .. لەمردن نا .. لەرۆیشتنی تۆ ..

    من تۆقیوم .. لەمردن نا .. لەرۆیشتنی تۆ ..


    من تۆقيوم ..
    من دڵە کوتێم لێیە، من حاڵم باش نییە...
    من دەستەکانم دەلەرزن ..
    تکا دەکەم چەن ڕۆژێک درەنگتر بڕۆ
    تۆ سەیرکە .. کەسێک نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە،
    دەبێت چەن دڵی بەو ڕۆژانە خۆش بێت
    کە لە تەمەنیدا ماون ..؟
    حەز دەکات بچێت بۆ کەناری دەریا
    حەز دەکات پاسکیل لێ بخورێت
    حەز دەکات پەشمەک بخوات ..
    حەز دەکات هاورێ کۆنەکانی ببینێت ..
    حەز دەکات گوێ بۆ دەنگی کوکوختی بگرێت
    حەز دەکات باوەش بەو
    پشیلەیەدا بکات کە لەسەر دیواری حەوشەیان
    هەڵکورماوە ..
    چووزانم دونیایەک حەزی سەیرو سەمەرە ..!!
    من ئەوانەم هیچیان ناوێت ..
    تەنها با چاوەکانت ببینم .. تەنها با گوێم
    لە دەنگت بێت ..
    ڕۆژەکانی داهاتووی من لە بەردەمی
    بێ دەنگیەکی گەورەدان ..!!
    تکا دەکەم بەر لەوەی بڕۆیت قسەی زۆرم بۆ بکە .. باسی ئەرز و ئاسمانم بۆ بکە
    چیت بە خەیاڵدا دێت لە بارەیەوە بدوێ
    مێشکی سەرم بەرە .. تا دەتوانی بقیژێنە ..
    دەنگ دانەوەیەکی گەورە لەم کۆڵانە چۆڵەی
    ژیانی مندا دروستبکە ..
    من حەز دەکەم بەر لە وەی بڕۆیت گوێیەکانم
    پڕکەیت لە قسە شیرینەکانی خۆت
    بۆ ئەوەی زەهری تەنیایی وازوو نەمکوژێ
    چەند دەست جلت هەیە هەمووی بپۆشە،
    با بە هەموو ڕەنگەکانەوە بتبینم ..
    ڕۆیشتن و ونبوونی تۆ زۆر غەمگینە ..
    ڕۆژی هەزار کەڕەت دڵی منی تیا دەشکێت
    زلەیەکەو هەموو ڕۆژێک بەر چاوەکانی من
    دەکەوێت و
    من لەبەر ئازارەکەی دەگریم ..
    ئەو ڕۆژانەی لێرەیت دەڵێی زەوی لە خولانەوە
    ڕاوەستاوە،
    هەست پە تێپەڕبوونی شەو و ڕۆژ ناکەم
    کاتەکانمت هەموو لوول کردوە
    حەزم لە خەوی سەر قۆڵەکانتە ..
    خەوێکی وا .. تا قیامەت بە ئاگا نەیەم
    کە هەڵسام تۆم لە بەردەمدا بیت ..
    حەشرمان لەگەڵ حەشری یەک بکرێت ..
    ئەگەر گوناهێکمان کردبوو بەیەکەوە
    با من سزاکەی وەربگرم ..
    لەبەر دەرگای دۆزەخ چاورێم بە ..
    کە لە تاوان پاک بوومەوە، دێم دەستەکانت دەگرم
    دەچینەوە ناو ماڵە شوشەییەکەی خۆمان
    لە بەهەشت ..
    ماڵەکەی پشت هەورەکان ..
    ئەوەی لە دونیا نەمان توانی بۆی بچین
    دەستەکانی یەک بگرین ..
    بەر لەوەی بڕۆیت باسی زۆر شتم بۆ بکە
    ڕۆژەکانی داهاتووی من لە بەردەمی
    بێدەنگیەکی گەورەدان .
    بەر لەوەی بتبینم، پێم بڵێ ئێستا قژت هەتا کوێتە ..؟
    پێم بڵێ نینۆکەکانت چەند درێژن ..؟
    پێم بڵێ ئەم پایزە بەتەمای ڕەنگی جلەکانت
    چۆن بن ..؟
    پێم بڵێ کەی شووشە عەترەکانت بەتاڵ دەبن
    باسی هاورێکانتم بۆ بکە ..
    کۆتا جار کەی بوو پێکەنین ..؟
    یەکەم جار کەی بوو گریان ..؟
    ئەدرەسی هاورێیەکتم بەرێ هەتا سەد ساڵی تر
    هەواڵی تۆ بزانێت ..
    هەواڵی شووکردنت بزانێت ..
    زگت بە گەورەیی ببینێت .. لێوەکانت
    بە قڵیشاوی ببینێت ..
    ناوی یەکەمین منداڵت بزانێت .
    هەر بە خاتری ئەوەی تا مردن هەواڵی
    تۆی لێ بپرسم ..
    هەندێک دڵتەنگی هەیە لە جێگایەکی تاریکی
    رۆحی من دایە ..
    بە تەنها دەستی یەک کەسی پێ دەگات،
    ئەو کەسەش تۆیت ..
    تۆ سندووقی پۆڵایینی نهێنیەکانی من بە
    تۆ ئاگاداری ئەم دۆزەخەی ژیانی من بە
    هەندێک هاوار هەیە بۆ ئەوە ناشێن
    کەس گوێی لێ بێت ، مەگەر بۆ تۆیان باس بکەم
    ئەی هاوار .. دەستەکانی من کورت بوون
    نەگەیشت بە دەستەکانی تۆ ..
    ئەی هاوار باوەشی من چکۆڵە بوون، جێگای
    دڵتەنگی تیا بۆوە .. جێگای فرمێسکی
    تیابۆوە .. حەیف جێگای تۆی تیانەبۆوە
    ئەی هاوار .. ئەم هەموو گوڵی یاسەمینە
    لەژێر پێستی مندان ..
    ئاخر بۆ نابێت من لەناو رۆحی تۆدا بیان چێنم .؟
    تۆ دەڕۆیت و ون دەبیت .. ئیتر ئێوارانی من
    هەرگیز جوان نین .. ئیتر خۆر ئاوا بوون
    هەرگیز جوان نییە .. ئیتر شەوانی پڕ ئەستێرە
    هەرگیزاو هەرگیز جوان نییە ...
    تۆ دەڕۆیت و پایز سەرمای دەبێت
    شەوان لەگەڵ یەک دوو هاوڕێمدا
    دەچین ئاگر دەکەینەوە ..
    هەریەکێکمان بۆ مەعشوقە ونبووەکەی
    خۆمان دەگرین ..
    هەریەکەمان دڵتەنگی لەناو چاوی
    یەکتردا دەبینین ..
    پێکەوە گوێ بۆ قرچەی سوتانی دار بەڕوو دەگرین
    پێکەوە گوێ بۆ دەنگی گۆرانیەکانی
    "حوسەین موختاباد" دەگرین ..
    تۆ دەڕۆیت پایز دەستەکانی دەتەزێت
    زستان ڕیشی سپی دەبێت ..
    تۆ دەڕۆیت و ئەم تەنیاییەی من بە کەس
    گەرم نابێتەوە ...
    ئەم چۆڵەوانیەی لە رۆحی مندایە
    بە کەس ئاوەدان نابێتەوە ..
    تۆ دەڕۆیت و ...
    من شێت دەبم بۆ زانینی هەواڵێکی تۆ ..
    تۆ دەڕۆیت و ئاگرەکانی شەوانمان خامۆش دەبێت
    تۆ دەڕۆیت و گۆرانییەکان تەواو دەبن ..
    شەوە دوور و درێژەکانی پایز تەواو دەبن ..
    کەچی تۆ هەر تەواو نابیت ..
    تۆ دەڕۆیت و منداڵەکانی کۆڵان گەورە دەبن،
    چاو شارکێ و ماتێنیان بیر دەچێتەوە، بەڵام من تۆم بیر ناچێتەوە ..
    تۆ لە بێدەنگی مندا هەر نوزەت دێت ..
    لە تەنیایی مندا دەنگی هەناسەت دێت ..
    تۆ دەڕۆیت و لە خەونمدا گوێم لە دەنگی
    گریانەکانتە ..
    جار جار ڕادەوەستی و ئاوڕ دەدەیتەوە
    وەک ئەوەی شتێکی گرینگت بیر چوو بێت
    وەک ئەوەی بتەوێ شتێک بڵێی ..
    لە خەونمدا بەر لەوەی دەستەکانت هەڵببڕیت
    ون دەبیت ..
    لە خەونمدا ڕۆژێکی تاریکی زستانە و
    باران دەبارێت ..
    لە خەونمدا دەستەکانم دەلەرزن و
    قاوە دەخۆمەوەو سەیری باران بارین دەکەم و ..
    بۆ تۆ دەگریم ..!!

    "شوان سەعید"

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: من تۆقیوم .. لەمردن نا .. لەرۆیشتنی تۆ .. Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top