• نوێ

    هیلاکم پاڕانەوەیەکی زولەیخایانە

    هیلاکم!

    پاڕانەوەیەکی زولەیخایانە
    ئەپاڕێمەوە لێت
    ئافەریدە بێ بەرییەکە لەگوناهی عەشق
    هاموشۆی یادگاریەکان بێ ویژدانیانە
    هەستەکانم هەنجن ئەکەن
    شەوی سەرخۆشانە مەخەرە چارەنوسمەوە
    وەرە نزیکمەوە
    "ماتاهاری"انە سەرئەخەمە سەر ڕانی
    کەڵە بەرپرسە گەمژەکان
    گەر نەگەڕێیتەوە،
    جانتاکان پڕ ئەکەم لەبێ تۆیی و
    بیرێک لەڕووتی خۆم ناکەمەوە
     ئەڕۆم
    بۆ خاتری ڕۆیشتنم وەرەوە

    سەرتاپای من
    تۆیەکی نەهاتووە
    نامەوێ قبوڵی ئەوە بکەم
    کەتۆ نەبیت بەپەپولەو
    بۆن بەقژمەوە نەکەیت.
    نامەوێ قبوڵی بکەم
    پیاسەکانم پڕ بێ لە وەهم،
    پڕبێ لە نائومێدیی
     نامەوێ تەنیایی و
    تاقەت پڕوکێنی فروغم تێدا بڕوێ
     هیلاکم
    من ئەستێرە نییم،لەو شەوەی
     سینەمی پەنگ داوە بێزار نەبم
    لەنێو خۆمدا ئەتەقمەوە و
    (واتێک دەشکێم پەراسووم ئەچێ بەچاوما)
    ـــــــــــــــــــــ
    ماتاهاری:کچە سەماکارێکە کەئەبێتە قوربانی جەنگ،لەجەنگی جیهانی یەکەمدا بە سیخوڕیکردنی نێوان وڵاتانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا تۆمەتبار ئەکرێ و لە ساڵی1916لەسێدارە ئەدرێ

    (واتێک دەشکێم پەراسووم ئەچێ بەچاوما):
    دێڕێکە لەشیعری شاعیر شەهید بەکر عەلی

    "نەورەس محمد"




    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: هیلاکم پاڕانەوەیەکی زولەیخایانە Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top