• نوێترین بابەت

    فیمینیزم و ئەسرینی ئافرەت

    فیمینیزم و ئەسرینی ئافرەت
    نووسینی:هەدیە علی


    وشەی فیمینیزم، ((feminism))، لەزمانی لاتینییەوە سەرچاوەی گرتووە، دواتر هاتووەتە ناو زمانی فەڕەنسییەوە. ڕەگەکەی لاتینییە کە مانای(( female))ی ڕەگەزی مێینە دەدات. زاراوەی "فیمینیزم" بۆ یەکەمجار لەساڵی(۱٨۷۱)ز لەنووسراوێکی پزیشکیدا; بۆ ڕاڤەی ڕاوەستان لە گەشەی ئەندامەکان و لێهاتوویی سێکسی پیاوانێکی نەخۆشدا بەکاردەهێنرا. پاشان ((ئەلیکساندەر دۆمای)) کوڕە نوسەری جەمهوریخواز دژ بە فیمینیزمی فەڕەنسا، ئەم زاراوەیەی بۆ ئاماژە بەو ژنانە بەکاردەهێنا، کەڕەفتاریان وەک ڕەفتاری پیاو بوو. بەڵام لە زاراوەی ڕامیاریدا، بۆ دەستنیشانکردنی سیفاتی تایبەتمەندی پیاوانە لە ژناندا بەکاردەهێنرا.


     بەم شێوەیە ((فیمینیزم)) یاخود مێگەرایی لەساڵی۱٨۷۳ز، هاتە ناو فەرهەنگی وشەی زمانی فەڕەنسییەوە: ((بەمانای ئەو قوتابخانە و ڕێبازەی بۆ سەندنەوەی ماف و ئازادی ژنان خەبات دەکات. بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی هەمەجۆرە پەیوەستە بەگیروگرفت و کێشەی ژنانەوە; لەدیدی ژنەوە لەکۆمەڵگاو جیهان دەڕوانێت)).


    فەلسەفەیەکە ئەڵتەرناتیڤێکی لەبار بۆ بیری باوک سالاری دادەنێت، "فیمینستەکان" بڕوای تەواویان بەهەبوونی باوکسالاری هەیە.
    لە کۆمەڵگەدا ئامانجی هەرە گرنگیان بە فیمینیزمکردنی جیهان و لەناوبردنی باوکسالارییە; بۆ ئەوەی چیتر لەژێر سێبەری نەریت و کلتورو ئایندا پێناسە نەکرێن و نەچەوسێنرێنەوە.
    لەو بڕوایەدایە کە ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا کە تێدا دەژین، بەرانبەر لەگەڵ پیاواندا لەپێگەیەکی نایەکساندان.
    لە سیستەمی پیاوسالاریدا پیاوان بەهێزن ژنان لاوازن. لەو ڕوانگەیەوە گەڕانەوەیەک بۆ قوتابخانەی<<دەروون شیکاری>>، شێوەیەکی ئاوەهای هەیە دەڵێت: ((پیاو بەهێزە و ژن لاوازە، پیاو دڕە ژن نەرم ونیان، پیاو بزێوە ژن هێمنە، پیاو عەقڵ بەکاردەهێنێت ژن سۆز، پیاو بایەخ بەبیرو باوەڕەکان و شتەکان دەدات ژن بایەخ بەخەڵک و هەست ونەستەکان دەدات، لەناو سروشتدا پیاو بەخۆر و ڕووناکی و شاخ بەراورد دەکرێت، ژن بەمانگ و تاریکی و ئاو)).



    بەم جۆرە هەڵگری گەلێک ڕێباز و بەرنامەی فیکریە، لەئاستی خوێندنەوەی فیکری و مەعریفی و تێوریدا ئامادەیە. و خاوەنی ئەندام و ڕێکخراو و کۆمەڵەی تایبەتە بۆ بەرگری پراکتیکانە لەخۆی. هەڵگری جیهانبینی فیکری و مەعریفەی و پڕۆژەی بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی جیهانە. بەم شێوەیە بزوتنەوەیەکی  دووجەمسەرە: ((لایەنێکیان خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیە لە شوێن و جێی کۆمەڵایەتی ژن. لایەنەکەی دیکە چۆنیەتی لەسەرهەڵگرتن و دەستکاریکردنی ئەو دۆخە نالەبارەی کە ژن تێی کەوتووە)).
    بەمانای ئەوەی((فیمینیزم لەسەرێکەوە فیکرە و لەسەرێکی دیکەوە  پراکتیکە.
     جەرباندنی تێۆری و مەعریفی و میتۆدیە لەپاڵ ئەزموونی ژیان و خەباتی پراکتیکی ڕۆژانەدا. چەندە  لێکدانەوە و خوێندنەوە ولێکۆڵینەوەی فەلسەفی و سیاسی و  فەرهەنگییە، ئەوەندەش کارو تەقالادان و تێکۆشانی پراکتیکە)).


    بەپێی بیروباوەڕی نوێ و ئەو هەوڵدانەی لەناودایە، چەمکی "فیمینیزم" خەباتێکە بۆ گەیشتن بەمافی یەکسان لەنێوان ژن و پیاودا.
    هەموو" فیمینیستەکان" لە خاڵێکدا بۆچوونی هاوبەشیان هەیە، ئەویش دژایەتی کردن لەبەرانبەر چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی ژنانە بەهۆی زایەندەوە. لایەنگرانی ئەم ڕێبازەش لەسەر شێوەی خەبات; بۆ بەدەستهێنانی مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یەکسان لەگەڵ پیاوان بۆچوونی جۆراوجۆر و جیاوازیان هەیە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە فیمینیزم بەسەر دەستەی جۆراوجۆردا دابەشبکرێت.
     بەپێی جۆری واقیعی خەباتی کۆمەڵایەتی و تاگیری توندوتیژی بەکارهاتوو; مەعریفەی ژنان لەو بوارەدا هاوتا دەبێت لەگەڵ هەموو تەقالادان و داخوازیەکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی تاک.


     هوشیاربوونەوەی ژنان لەو شوێنەدا کەتێدا دەژین; دەبێتە ئەرک وکاری هەتەری فیمینیزم.
     شوێن و جوگرافیا و ئایدیا و دەسەڵات; بەشداری ڕاستەوخۆ لەشێوازەکانی فۆرمەلە بوونی خواست و داواکاریە ژنایەتییەکەیاندا هەیە. بەم شێوەیە ڕەوتێک نیە لە شوێنکەوە بۆ شوێنکی دیکە وەکو خۆی بگوێزرێتەوە. بەڵکو دەبێ دەنگی ژنان بێت، بەپێی  کێشەوگیروگرفتەکانی ژیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافەی لێی زەوت کراوە.
     بەو پێیە سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ژن و دۆزەکەی; بەپێی شوێنی جوگرافی و هۆکاری مێژووی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنکی تر دەگۆڕێت. بۆ  نموونە ناکرێت لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا بەیەک چاو سەیر بکرێت. ((ئازادی ژن بریتیی نیە، لە ئازادی لە سنورێکی دیاریکراودا. بەڵکو بریتیە لە پەیڕەوکردنی کۆمەڵایەتیانەی ئازادی لە لایەن تاکەکانەوە; دەبێ زەمینەی بەهێزی پەروەردەیی و ئابوری و هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەبێت)). ئەم ئازدایە بەبێ ئازادی تاک سەر ناگرێت، دەبێ دەسەڵاتی پیاو بە یاسا لەسەر ژن لاببرێت و بگۆڕدرێت، بۆ سەربەستیەکی ڕاستەقینەی مرۆیی.


    یەکێک لە ئەو هۆکارانەی کاریگەری ڕۆشنگەری لەسەر بزوتنەوەی فیمنستی لە ئەوروپا هەبوو بریتی بوو لە: ((بەگژداچوونەوەی هەژاری)). چونکە ژنانیش بەشێک بوون لەو کەسیبیەی کۆمەڵگە، ئەمەش هۆکارێک بوو گەلێک لە ژنانی چینە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان لەماڵ دەرچنە دەرەوە، ببنە هاوکارو یاریدەدەری بەلەنگازان. بەو شێوەیە جوڵانەوەی بزاڤی ژنان زۆر شوێن و جێگەی گرتەوە.

    هەروەها لە ڕێکەوتی(٨\۳\۱۹۰٨)ز, کاتێک ژنانی کارگەی ڕستن و چنین لە ئەمریکا، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەستیان کرد بەمانگرتن. خاوەن کارگە و چاودێرەکان دەرگاکانی کارگەکەیان لەهەموو لاێکەوە داخست. لە ناوەندی کارگەکەدا ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و تێدا(۱۰۹) لەو ژنانە بوونە قوربانی. ئەمەش بووە هۆکارێک لە کۆنگرەی ژنانی جیهاندا و لەساڵی (۱۹۱۰)ز لەکۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک بەسترا، ڕۆژی جیهانی
     (٨ مارس)، وەک ڕۆژی ئافرەتان پەسەند بکرێت.


    لە مێژووی خۆرئاوادا تاساڵانی حەفتای سەدەی بیستەم دوو تەوژم; لەبزوتنەوەی فیمینستدا دیاری دەکرێت: ((بزوتنەوەی یەکەم دەشێت زیاتر وەک شەپۆلێکی سیاسی سەیر بکرێت کە تیایدا ژن هەوڵیداوە سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت;
     لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتدا مافی دەنگدانی هەبێت)).
    بزاڤی شەپۆلی یەکەمی فیمینیزم: (هەموو هەوڵێکیان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بوو. بەم شێوەیە بزاڤە ڕیفۆرمخوازەکان ژنانیان هێنایە ناو کایە چالاکەکانەوە، کەپێویستی دەکرد پەیوەندی لەگەڵ چەند بەشێکی فراوانی کۆمەڵگەدا بکەن. بەم جۆرەیە بەشێکی گرنگ لەمێژووی بزاڤی ژنان کۆتایی پێهات. و ژنان لە دوای۷۱ ساڵ واتە ساڵی۱۹۱۹ز، بەچالاکی بەردەوام توانیان بگەن بەیەکێک لە تەوەرە سەرەکیەکانی خۆیان واتە مافی دەنگدان).

    بزاڤی شەپۆلی دووەم: (لە ئەمریکا ساڵی۱۹٦٥ ز دەستپێدەکات. ئەم شەپۆلە فراوانتر و کاریگەرتر بوو لەبواری تێڕوانینە گرنگەکانی بەشێوەیەکی زۆر باش پەرەییسەند. دەستیان دایە ڕێکخستن لە دەوروبەر و داخوازییەکانی خۆیان، بەمەبەستی شێوەیەک هەڵسووکەوتی یەکسان لە نێوان ژن و پیاودا. لەشوێنی کار، پەروەردەی منداڵ، مافی زاوزێ. شەپۆلی دووەمی فیمینیزم، بووە هاوپەیمان لەگەڵ بزوتنەوە پێشڕەوەکان. بەتایبەت بزووتنەوەی پێست ڕەشەکان، بە درێژایی دەیەکانی هەشتاو نەوەدی زاینی و ڕوانگەی فیمینیزم و ناوەڕۆکەکەی بەگشتی و بەشێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە)).


    بزووتنەوەی فیمینیزم لەناو خۆیدا، بەسەر گەلێ دید و قوتابخانەی جیاوازدا دابەشبووە، هەریەکێ لەو قوتابخانانە بۆچوونی تایبەتی بەرانبەر بە دۆزی ژن هەیە، هەریەکە لەلای خۆیەوە بڕوای بە فەلسەفەیەک هەیە کەخۆی ڕابەری دەکات و خۆی بەخاوەن ئەو کێشە ئاڵۆزە دەزانێ، کە بزاڤی ژنانی پێدا تێپەڕیووە. لەڕوانگەی خۆیەوە چارەسەری کێشەی ژن دەکات ((قوتابخانەی لیبڕاڵ فمینیزم، قوتابخانەی ڕادیکاڵ فیمنیزم، قوتابخانەی فمینیزم سۆشیالست)).

    "فروغ" و یاخی بوون لەکۆمەڵگا.

    بێ گومان هونەرمەندانی ئافرەت، لەم تەوژمی فیمینیزمەدا توانیان لە ڕێگای کارە هونەریەکانیانەوە، ئەندێشەو دەنگ و ناخی خۆیان و ڕەخنەکانیان بە دونیای دەرەوە بگەیەنن. لەم نێوەندەدا "فروغ"  ژنێکی یاخیی هاودەمی شیعر   دێتە مەیدانەوە.
    "فروغ" لە بەفرانباری ساڵی(۱۹۳٤)، لە شاری تاراندا لەدایک بووە. شاعیرێکە لێوانلێوە لە ڕاستگۆیی و خاوەن ڕۆحێکی سەرکێش و یاخی و نائارامە. "فروغ" لە تەمەنی (سیازدە) ساڵیدا، دەست بە نووسینی شیعر دەکات، ژیانی ڕەنگی شیعرەکەی گرتووە، شیعرەکەشی ڕەنگی ژیانی، گەورەترین ژنی مێژووی ئێرانە و لە ڕێی"فەڕوخزادە"وە، دەچینە ناو پانتاییی ئاشنابوون بە ئافرەتەوە.   ئەو زمان دەکاتە شووناس و هۆکاری گواستنەوەی شتە دیار و نادیارەکان، بئ دەمامك و پەردەپۆش کردن. پشتئەستووریی ئافرەت دەخاتە ڕوو، بە زمانی تایبەتی و تاکەکەسی، وەک وجودێک نزیک لە خۆشەویستیەوە، گەوهەری ڕاستەقینەی شیعری" فروغ"، کەناوکەکەی دەروونێکی بەجۆش و زمانێکی پاڵاوتەیە، خۆی لەیاخیبوون و ڕەتکردنەوەدا حەشارداوە.

    بۆ ئەوەی ژن لە بواری شیعر، چیرۆک، یاخود ڕۆماندا کاری خاس بکات، پێویستە خودی خۆی و چواردەور و دەروونی خۆی بناسێت. لەبەر ئەوەی دونیای ئافرەت پەی پێنەبراو و گوزارشت لێ نەکراوە، زانیاری دان لە ڕێی نووسین و هونەرەوە، بەستنەوەی خوێنەر بە شتە تایبەتیەکانی شاعیر، یان نوسەرەوە، دەبێتە ئەرک و بەرپرسیاریەتێکی هەتەری .

         ئەنگێزەی "فروغ " بۆ شیعرنووسین، بە ڕادەیەێک بەهێزبوو، کە لە توانایدا نەبوو ئەم پێداویستییە ناوەکیەی خۆی سەرکوت بکات. فروغ دەڵێت ((هەست دەکەم، پێداویستییەکی زۆر و حەزێکی فرە بۆ ئەم ڕێگەیەم پەلکێش دەکات، سەرباری ئەو هەموو دەرد و ئازارەی هەر لە سەرەتاوە چەشتم، توانای ئەوەم نییە بە یەکجاری پەیوەندی خۆم لەگەڵ ئەو شتەدا بپسێنم، کە پێی دەڵێن هونەر و شیعر)).

    فروغ لە تەمەنی پانزە ساڵاندا ، شووی بە "پەروێز شاپوور"ی تەنزنووسی ناسراو کرد، کوڕێکی لێ بوو بە ناوی"کامیار". بەڵام ئەم هاوسەرگیرییە زۆری نەخایاند و ئەو خۆشەویستی و شووکردنە پێکنەهێنەرانەی ژیانی داهاتووی لەق کرد. ئەمەش بووە هۆکارێک بەرەو یاخیبوون پەلکێشی بکات.

    باڵندە مەرگی لەپێشە
    فڕین بە یادەوەرییەکان بسپێرە

    "فروغ فەڕوخزاد " یەکەم ژنە کەدژی سەرۆک خێزان وەستاوەتەوە، هەموو ئەو شتانەی بەدەوری دەسەڵاتی پیاودا دەسوڕێنەوە، نەریتی خێزانی(باوک سالاری), نەریتی خێزانێ (مێرد سالاری), نەریتی دڵبەر(مەعشووق) ڕەت دەکاتەوە.
    لەشیعری
    (کەسێ لەهیچ کەس ناچێ) ڕووی کۆمەڵایەتی شیعری فروغە، هەڵگری ڕەخنەێکی قووڵ و کاریگەرە دەردەکەوێت.

    من بۆ ئەوەندە بچکۆلەم
    کە لەشەقامەکاندا ون دەبم
    باوکم ئەوەندەش بچکۆلە نییەو
    لەشەقامەکانیشا ون نابێ

    گوزارشت کردن، لەمەسەلەیەکی وا لەشیعرداو وجودی خۆبینین و ئاوێتەکردنی دوو بوون، ژیان و ژیانی شیعر، بەردەوام هەڵوەدابوون.
    ئەمەش بەتەنها لەشیعری فروغدا دەبینینەوە.
    بەجۆرێک شیعر هاودەم و هاوڕەیی فروغە، کاتێک پێی دەگات، دەتوانێت بەئیسراحەت دەردە زێڵی خۆی بکات.
    فروغ دەڵێ:(شیعر بۆ من پەنجەرەیەکە، هەرکاتێ دەچمە لایەوە خۆی بۆم دەکرێتەوە، شاعیربوون واتە "ئینسانبوون").

    ڕاستبێژی شیعری لەوەدایە، کەهیچ بەربەستێک نەبێت لەنێوان ئازارو لەزەتی ژیان و ئازارو لەزەتی شیعردا.
    ئەو گۆڕانکارییەی لەزمان و فۆڕمدا دەیدۆزێتەوە، فروغ دەکات بەڕاستییەکی مێژووی ئەدەبی و ئەبەدی.

    فروغ لەزستانی ساڵی ۱۹٦٦ لەڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی سپارد، مەرگ زووی ئەم شاعیرە پڕ لەجوانیە ، تەواوی کۆمەڵگای هەژاند نەک بەتەنها ڕۆشنبیران، بەڵکو خەڵکی ئاسایی، درکیان بەوە کرد، شاعیرێک، کچێک، دایکێک، بەتەواوی وجودیەوە، چارەسازسازه، بەدڵێکی پاکەوە دەڵێت(دونیا کەم ناشیرین نیە، ناشیرینیەکانیش زۆرتر دەبوون، ئەگەر مرۆڤ چاوی خۆی لێ بنووقاندایە، بەڵام مرۆڤ چارەسازە).

    قەسیدەی ´´ باوەڕبهێنین بە سەرەتای وەرزی سارد`` پەیامی خامۆشی فروغە، پەیامی مەرگ، ئەو دەمەی چراکانی پەیوەندی خامۆش دەبن، فروغ بەتەنزێکی تاڵەوە، سەبارەت بەمەرگی زوویی دەدوێت.

    ئەمەش منم
    ژنێ تەنیا
    لەبەردەم وەرزێکی ساردا
    لەسەرەتای پەیبردن بەبوونی لەوتاوی زەوی و
    نائومێدیی سادە و خەمناکی ئاسمان و بێتوانایی ئەم دەستە چیمەنتۆیییانە
    زەمەن ڕۆیی
    زەمەن ڕۆیی و
    سەعاتەکەش چوار جار لێیدا
    چوار جار لێی دا
    ئەمڕۆ یەکی بەرفرانبارە
    من نهێنی وەرزەکان دەزانم

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: فیمینیزم و ئەسرینی ئافرەت Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top