• نوێترین بابەت

    ئەم چیرۆکە لای ئێمە دەژیت

    ئەم چیرۆکە لای ئێمە دەژیت

    خودایە سەردەمی شکانی من
    لە کوێ کۆتایی دێت؟
    بەر چ تۆفانێک کەوتووم؟
    سەری پەنجەی پێیەکانم
    داوای قومێک ڕۆیشتن دەکەن!
    پەنجەی دەستەکانم
    لە تاو جێهێشتن
    شەڵاڵ شەڵاڵن
    لە وردبوون و توڵانەوە!
    سەرم توند بە سەرینەکەمەوە نوساندوە
    هەتا گڤەی ئەم جهێشتنە
    بەر دۆڕانم نەکەوێت!
    پەنجەی دزاراوی قەرجێک
    لە گوێیەکانم دەئاخنم و
    گوێ لەم هەموو بێ هودەییەم کەڕ دەکەم،
    دڵم لە کۆڵانەکان هەراج دەکەم
    هەر کەسێک بیەوێت
    بە نرخێکی گونجاو پێی دەفرۆشم،
    بیرم نایەت دڵم
    بە هیچ کۆڵانێکی خۆشبەختیدا ڕەت بووبم،
    وەک پیاو چاکەکان
    وەسیەتێکی درێژ دەنوسم
    دوای مردم هەموو ئەندامەکانی جەستەم ببەخشن
    ئەگەر کەس دڵی نەکڕی بووم
    لەگەڵ من مەینێژن
    شەڕی دونیام قورس بوو!
    بەم هەموو هیلاکیەوە
    شەرحی شکانی دڵم
    بۆ خودا پێ ناکرێت!
    دوای مەرگی من
    ئەگەر کەسێک باسی نیگەرانی کرد
    با وێنەیەکی
    درێژی تابوتی روحم بدزێت!
    من بە نیازم لێی بنوسم:
    پیاوێک بە شێرپەنجەی ژیان ماڵ ئاوای کرد!
    دەستم بە روی کەس نەناوه
    ماڵی مردوەکانم پڕ نەکردوە لە برین
    گۆرانی هیچ بوونێکم نە شێواندوە
    کەسم نە خستۆتە
    سەر فەنابوونی ژیان،
    خودایە!
    کێ ئازارم شل دەکات؟
    کێ به هانای ئەم هەموو شکانەمەوە دێت؟
    خودایە!
    تۆ بڵێی من لە دڵی ئەودا مابم!
    جاران شەوان هەرا و هۆسەیەکی خۆشی لە دڵ دەنامەوە
    بەیانی بە نور بۆ دەنوسیمەوە
    ئێوارەی بۆ پڕکردبووم
    لە جوانییەکانی تۆ خودایە!
    ئێستا ئەو
    لە هەڵاتندا دەژیت،
    دەستەکانی تاقەتی نوسینی هیچیان نەماوە
    تۆ بڵێی جارێکی تر بنوسێت!
    خۆشم دەوێیت؟!
    بە کاڵیش بێت بنوسە!
    من دەتوانم وشەکانی
    زمان و دڵ لە یەک جیابکەمەوە
    دەتوانم سحری کاڵبونەوە وشەکانت و
    روحت بە ئاسانیی ببینم،
    دەتوانم تێبگەم
    دزینی ئێوارە ئاسانە،
    دەتوانم تەفسیر نوستن لە پاڵ شاخێک
    بە وڕێنە ببینم،
    دەتوانم لە سحری هاتنە خوارەوەی بوون تێبگەم،
    زۆر شت دەزانم و
    خۆم لە ژیان دەشارمەوە
    پێویستە ژیان قودرەتی ئەوەی پێ نەدرێت
    دەرگا نهێنیەکانی ناوەوەت ببینێت...
    ئەم نیگەرانییەم دەشێلم،
    ئەم تروهاتییەم لە ناو دەبەم و
    هەموو شتێک فڕێ دەدەم
    ئەگەر مرۆڤ بیەوێت
    دەتوانێت لە قتوێکی فڕێدراویش
    کەشفی جوانی بکات!
    جارێ سەرم هەڵدەگرم
    یادوەری لە پەنجە ڕزیوەکانم ناهێڵمەوە
    دەڕۆم هەرچی پیرۆزی هەیە،
    دەیبەخشەمە دورە دەستێک
    با هەمووان بزانن
    من بە برینەوە لە دایک بووم
    بەنیگەرانییەوە تەمەنم کرد
    با هەمووان بزانن
    لێرە کە ڕەت بووم
    پێڵاوەکانم لە باوەش دەگرم و
    سەفەر دەکەم و
    باسی تۆ بۆ دونیا دەگێڕمەوە...
    لە ڕێگا ئەگەر لەگەڵ خودا گیر بووم و دۆزیمەوە
    دەست دەخەمە ناو گیرفانم و
    وێنە تایبەتەکانی تۆ پێ دەدەم و
    لێی دەپاڕێمەوە کۆتایی هەموو شتێکە
    دونیا بپێچەوە...
    منیش دەمەوێت ڕۆژێک بە تەنیا بم
    بۆ نۆژەن کردنەوەی دونیا
    ئەو لە دڵم دەکەمەوە..
    هەتا بزانن
    مرۆڤ لە دڵ بەر دەبێتەوە نەک پەراسو
    دڵ مرۆڤ لەبەر ئەوە شکا
    کاتێک خودا
    پەراسوی تێ چەقاند...
    دونیا دروست دەبێتەوە
    خودا واز لەم گەمەیە ناهێنێت!
    سۆران ئەحمەد

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ئەم چیرۆکە لای ئێمە دەژیت Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top