• نوێ

    ئەو پەیکەرانەی بوون بە ناسنامەی ووڵاتەکانیان

    ئەو پەیکەرانەی بوون بە ناسنامەی ووڵاتەکانیان

    ھونەری پەیکەرتاشی کە دەتوانرێت بە ھونەری زیندوومانەوەی بیرکردنەوەی نەوەکان ناوزەند بکرێت، بەھەمان شێوەش بۆتە بەشێک لە شوێنەوارە ھونەری و کەلەپوریە رەنگیینەکەی دەربڕین. کە توانیویەتی ھەنگاوەکانی رووەو لوتکە بنێت و ئاوێزانی پیرۆزی و جوانیەکانی ژیان بێت. ھەربۆیە پەیکەر تەنھا ھونەرێکە کە مشتومڕی خستۆتە نێو ئایین و بیرکردنەوەکان. بەجۆرێک کە لە زۆر سەردەم پیرۆزیەکانیان پێی پێناسەکردووە تا ئاستی پەرستن. لە ھەندێ سەردەمیش لەبەرامبەر ھەموو ئەو پێناسە و ھەڵسەنگاندنە تایبەتی و پەرەسەندنانەی کە ھەندێکیان لە نەزانی بەکاریان ھێناوەبۆ پەیکەرێک، بۆتە ھۆکاری سەرەکی بۆ رق ھەڵگرتن و ئاژاوەگێڕی. بەڵام سەرەنجام ھەموو پەیکەرەکان بوونەتە شوێنەوارێکی بە نرخ و سومبولی ھونەری ووڵاتەکانیان. کە ھەرگیز پایە و قورسایی خۆیان وون ناکەن.. لەوانە ...


    پەیکەری مەسیح

    ئەو پەیکەرە مەزنەی شاری رۆدی جانیرۆی ووڵاتی بەڕازیلە، کە بەرزیەکەی ٣٢ مەترە و قورساییەکەی ١٠٠٠ تەن دەبێت، لەنێو باخێک لە سەنتەری شار دانراوە.
    پەیکەری حەزرەتی مەسیح کە بەر لە ٧٥ ساڵ دروستکراوە و دەروانێتە چیای کۆرکۆفادۆ ئاماژەیە بۆ بە بایەخ زانینی ئایینی مەسیحی لەو شارە. بەڵام ئەو پەیکەرە ئێستا بۆتە ناسنامەی ھەموو بەرازیلیەکان. دروستکردنەکەی ماوەی ٥ ساڵی خایاندووە و بەھۆیەوە ساڵانە نزیکەی ٨ ملیۆن گەشتیار روو لە شاری رۆدی جانیرۆوە دەکەن. کاری نەخشەسازی ئەو پەیکەرە لەلایەن  ھیتۆر دی سیلڤا ی بەڕازیلەوە بۆ ئەنجامدراوە و پەیکەرتاشی ناسراوی جیھان باول لاندویسکی فەرەنسیش ھەستاوە بە داتاشینی.پەیکەرەکە کە لەنێو مەیدانی گەورەترین باخی جیھان دانراوە بۆتە مینبەرێک بۆ ھەموو ئەو کچ و کوڕانەی بەرازیل کە دەیانەوێت لە جوانترین و پڕبایەخترین شوێنی ووڵاتەکەیان ئاھەنگی ھاوسەرگیری سازبکەن.

    پەیکەری ئـــــازادی 

    پەیکەری ئازادی کە لەلایەن پەیکەرتاشێکی فەڕەنسی بەناوی بارتوڵدی دروستکراوە و لە دەروازەی مینای ئازادی لەنیۆرک دانراوە. دیاری گەلی فەڕەنسایە بۆ ئەمریکیەکان بەبۆنەی یادی ١٠٠ ساڵەی ئاھەنگی سەربەخۆبوونیان لەساڵی ١٨٨٤
    پەیکەرەکە مەشخەلێکی بە دەستی راستی بەرزکردۆتەوە ، لە دەستی چەپیشی تابلۆیەکی نەخشێندراو ھەیە کە بەرواری رۆژی سەربەخۆبوونی ئەمریکای لەسەرنوسراوە کە ٤ یۆنیۆی ١٧٧٦ ە.
    پەیکەری ئازادی ئەمریکا لەسەر بنکەیەک کە بەرزیەکەی ٤٦ مەترە دانراوە.بەرزی پەیکەرەکەش ٩٣ مەترە و ھەموو ئەو پێکھاتانەی لە دروستکردنیدا بەکارھاتوون بەنرخ و بەھێزن کە توانای مانەوەیان ھەیە بۆ چەندین سەدە. بەتایبەت ئەو  پێکھاتەیەی بەکارھاتووە لە دروستکردنی مەشخەڵ و تاجەکە. کە دەتوانێت بەردەوام تروسکایی بەو بەشانە ببەخشێت.


    ئەبــولھــــــــۆل

    لە رووی مێژووییەوە پەیکەری ئەبولھۆل لە رۆژھەڵاتی رووباری نیل لە ووڵاتی میسر بایەخ و پێزانینی خۆی ھەیە کە بەردەوام دەخرێتە ریزی پێشەوە ئەو کارە دەگمەنانەی کە بە نەمری و بە بایەخەوە دەمێننەوە. پەیکەرەکە لە سەری مرۆڤێکی بەھێز کە شێوە و پێکھاتەی شێری وەرگرتووە. کە بە رووبەری ٧٣.٥ مەتر و بە بەرزی ٢٠.٢٢ مەتر دروستکراوە و لەنزیک مەنزڵگای ھەمیشەیی فیرعەونەکانی میسر کە بە ماڵی پاشاکان ناودەبرا بەر لە ٢٥٥٨ ساڵ بەر لە زایین دروستکراوە.
    سەبارەت بە لێکدانەوەی ھەموو ئەو واتا و شیکاریانەی کە ئەبولھۆل لەخۆی دەگرێت رای جیاواز ھەیە. لەوانە دەلێن کە خەفرەع پاشا بووە کە توانیویەتی دەسەڵاتی شێر و حوکمی خەڵک لەیەک کاتدا لەخۆی کۆبکاتەوە.

    پەیکەری  داود

    پەیکەری داود لەلایەن ھونەرمەندی جیھانی مایکل ئەنجلۆ لە ماوەی ٣ ساڵ و لە ١٥٠٤ی زایینی دروستکراووە. بەرزی پەیکەرەکە نزیکەی ٦ مەترە  و لەسەر لایەکدا راوەستاوە.ئەنجلۆ لە دروستکردنی پەیکەری داود دا توشی دڵەراوکێ بوو سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بەھێزترین جولەی ھونەری کارەکەی ، ھەربۆیە زۆر بە ھەستیاریەوە مامەڵەیەی لەگەڵ کارەکەدا کرد.وەکو ئەوەی کە لەسەرتاوە نیازی وابووبێت کە داودەکەی لە مێژوودا شوێن پەنجەی لە ھونەری پەیکەتاشیدا دابنێت. شیکردنەوەی جولەی یەکەمی بەمانای  چاوەرێکردنی بۆ گونجاوترین کاتە لە ھەنگاونان .بۆ ئەو مەبەستە مایکل ئەنجلۆ ٥ ساڵ سەبارەت بە شیکاری جەستەی مرۆڤ کاری کردووە.
    جیاوازی قەبارەی سەر و دەستەکانی داود لەگەڵ جەستەی بیانووەکی بۆ رەخنەگرەکان بەجێھێشبوو.بەڵام لە ھەقیقەتدا ئەو خاڵە ببوە ھۆی دەرخستنی بەھێزی کارەکە ، چونکە مەودای بینین بۆ بینەر دیاری دەکات ، لە یادی ٥٠٠ ساڵەی دروستکردنیدا جۆلیانۆ ئۆربالی وەزیری رۆشنبیری ئیتاڵیا ھەستا بە شۆرینی سەرلەنوێی پەیکەرەکە ، ھەرچەند بووە ھۆی دروستبوونی ناڕەزاییەکی زۆری شارەزایانی بوارەکە سەبارەت بە شێوازی شۆرینەکە.

    چیــــای نەمـــروود

    کارە ھونەریە دەگمەنەکانی سەر چیای نەمرود کە گەورەتریــن شارستانیەتە لە رووی ھونەری بیناسازیەوە، بە بەرزی ٢١٥٠ مەتر لە نزیک کارادۆت لە ناوچەی کاھتای سەربە ھەرێمی ئەدیامان. یەکێکە لە شوێنەوارە ھەرە بەنرخەکانی مەملەکەتی کەماجنە کە حوکمی ناوچەکەیان کردووە لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ٨٠ی پێش زایین تاوەکو ٧٢ ی زایینی. تاوەکو وەرگرتنی سەربەخۆیی و ئازادی ووڵاتەکە لەسەر دەستی سوپای رۆمانی. شوێنەکە کرابووە مەزارگەی خانەوادەی پاشاکان.

    سەری یەکەم پاشـــــا

    یەکەم پاشا بە واتای یەکەم شارستانیەتی پێشکەوتوو، پێش دۆزینەوەی ئەمریکای ناوەڕاست.گرینگترین شوێنەوارەکانی  دەکەوێتە ویلایەتەکانی فیراکرۆز و تاباسکۆ لە مەکسیک. شوێنەواری سەری یەکەم پاشا لە سەدەی ١٢ ی پێش زایین دەستی پێکردووە.ھونەری نەخشاندنی لەسەربەردی یەکەم پاشا شێوەی سەرێکە کە مەزەندەی ئەوە دەکرێت کە مرۆڤەکە لەتەمەنێکی بچوک دابێت و شیکاری و پێوانەکانی دەموچاوەکەی ئەندازەیی نیە و ھەست بە جیاوازی قەبارەکان دەکرێت.
    ئەو پەیکەرەیان بریتیە لە پاشای چوارەمی ئەو شارستانیەتە و بەرزیەکەی تەنھا ٩ پێیە.

    نیــشتیمانی دایـــــک

    نیشتیمان دایکی ھەمووانە کەوتۆتە شاری فۆلجوجرادی روسیــــا. دروستکردنی ئەو پەیکەرە ناسراوەی جیھان تەنھا بە خەڵاتێکی بچوک زانراوە بۆ بەرز نرخاندنی  شەری خوێناوی ستانلیجراد لەنێوان یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لەگەڵ ھێزی نازیەکانی ئەڵمانیا لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٤٢ تا ١٩٤٣
    پەیکەرەکە لەساڵی ١٩٦٧ دروستکراوە.
    بەرزیەکەی دەگاتە ٨٥ مەتر و بۆتە سومبولی شار .بەھۆی بایەخی ئەو پەیکەرەوە ساڵانە بەھەزاران گەشتیار روو لەو ناوچەیەدەکەن و ئێستا بۆتە گرینگرترین ناوچەی گەشتیاری ووڵاتەکە.

    دیـــلۆسی ڕەش

    دەکەوێتە نزیک میکۆنۆس لە دورگەی دیــلۆس یەکێکە لە بەنرخترین و پڕبەھاترین شوێنەوارە مێژوویەکانی یــۆنان و جیھان. شوێنی پایەبەرزەکانی ئۆلۆمپی یۆنان بووە بەتایبەت  لابۆلۆ و ئارتمیس. ھەربەھۆی لابۆلۆوەش نازناوی رەشی وەرگرتووە .


    پەری بچــــوک 
    پەری دەریـــای بچوک لەسەر بەردێکی قەراغ ئاو  لە کۆبنھاگنی دەنیمارک دانیشتووە. بەرزیەکەی ١.٢٥ مەترە و ئەدوار ئەرێکسن لە ساڵی ١٩١٣ بۆ بە زیندووراگرتنی شانۆگەری لیتیل میرمد دروستی کردووە

    دیـــدار نانـــەکەلی
    ھزر و ھونەر / رۆژنامەی خەبات
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ئەو پەیکەرانەی بوون بە ناسنامەی ووڵاتەکانیان Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top