• نوێ

    لە رۆژی زەماوەندی كوڕەكەیدا خۆی خنكاند

    لە رۆژی زەماوەندی كوڕەكەیدا خۆی خنكاند

    خزم و كەسوكاری بووك و زاوا سەرقاڵی شادی و هەڵپەڕین بوون، تەنیا دایكی زاوا دیار نەبوو، كەس نەیدەزانی دایكی زاوا بۆچی لە ئاهەنگەكە نییە، تا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە ماڵەوە و دەبینن بە پەتێك خۆی هەڵواسیوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، ئیدی شایی بوو بە شین.

    رۆژی 10/8/2018 ئافرەتێكی تەمەن 56 ساڵ بەناوی (ئا. ق.) دانیشتووی گوندی زەگلانی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر لە قەزای پشدەر، لە نێو ماڵەكەیدا بە پەت خۆی خنكاند. كەسوكاری (ئا) تووشی شۆك بوون، چونكە (ئا) لە رۆژی زەماوەندی ژنهێنانی كوڕەكەیدا خۆی خنكاندووە.

    (ئا) نزیكەی 30 ساڵ هاوژینی (ر) بووە و خاوەنی حەوت منداڵ بوون. (ر) هێشتا شۆكی ئەو رووداوە بەرینەداوە، هێشتا باوەڕ ناكات هاوژینەكەی بەو شێوازە ماڵئاوایی لێكردوون. ئەو بە (رووداو)ی گوت: "هاوسەرەكەم هیچ كێشەیەكی نەبوو ، ئەو رۆژە زەماوەندی كوڕەكەم بوو، پێیگوتم ئێوە بڕۆن، من بۆ ئێوارە خواردن ئامادە دەكەم و دوای ئەوە منیش دێم بۆ ئاهەنگەكە، ئێمەش رۆیشتین".

    (ر) هیچ هۆكارێك شك نابات كە هانی ژنەكەی دابێ‌ خۆی بخنكێنێ‌. (ر) گوتی: "نازانین بۆچی خۆی خنكاندووە. ماوەیەكی زۆر بوو نەخۆش بوو، شەوان خەوی لێنەدەكەوت، بەردەوام دەیگوت دەترسم، بردمانە لای چەند پزیشكێك، گوتیان مێشكی تێكچووە،  بەڵام ئەم ماوەیە زۆر باش بوو، هیچ كێشەیەكی نەبوو، قەت لەو باوەڕەدا نەبووین بیر لە كارێكی وا بكاتەوە".

    چوار لە كوڕەكانی (ئا) ژنیان هێناوە، هیچكام لە بووكەكانی لەگەڵ خۆی نەبوون و ماڵیان جیا بوو. (ر) رەتیكردەوە هاوژینەكەی هیچ كێشەیەكی لەگەڵ بووك و كوڕەكانیدا هەبووبێ‌ و گوتی "ژنەكەم كێشەی لەگەڵ هیچ یەكێك لە بووكەكانی نەبوو، بگرە زۆریشی خۆشدەویستن، ئەو داوای دەكرد ژن بۆ كوڕە بچووكەكەشمان بێنین، هیچ كێشەی لەگەڵ ژنهێنانی كوڕەكاندا نەبوو".

    (ها) كە یەكێكە لە كوڕەكانی (ئا)، نازانێت چی لەبارەی خۆخنكاندنی دایكی بڵێت، ئەو هێشتا باوەڕ بەو رووداوە ناكات. (ها) گوتی: "دایكم ئافرەتێكی دڵپاك بوو، زۆر باش بوو، كێشەی لەگەڵ كەسدا نەبوو، سەرمان سوڕماوە، راستە پێشتر نەخۆش بوو، بەڵام بەمدواییە تەندروستی زۆر باش بوو".

     (ر) بەلایەوە سەختە لەمەودوا لە ماڵێكدا بژی كە هاوژینەكەی تێدا نییە و دەڵێت: "30 ساڵ بوو بە یەكەوە بووین، نازانم چۆن دڵی هات بە تەنیا جێمبهێڵێ‌. سەرم لەوە سوڕماوە چۆن لە خۆشترین رۆژی ژیانیدا كە زەماوەندی ژنهێنانی كوڕەكەی بوو، دەستی چووە گیانی خۆی".

    دوای تەواوبوونی زەماوەندەكە (ر) یەكەم كەس دەبێت دەگەڕێتەوە ماڵەوە. ئەو گوتی "سەعات شەش و نیوی ئێوارە بوو گەڕاینەوە، دوای ئەوەی دەرگام كردەوە و چوومە ژوورەوە، هاوژینەكەم دیار نەبوو، چوومە ژوورەكەمان بینیم بە پەتێك خۆی هەڵواسیوە، سەرەتا باوەڕم بە چاوەكانم نەكرد، دواتر بە دەستی خۆم تەرمەكەم دابەزاند و پەتەكەم لە ملی كردەوە و پۆلیسم لە رووداوەكە ئاگادار كردەوە. ئەو خۆشترین رۆژی لێكردین بە شین".

    رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، لە بارەی خۆخنكاندنی ئەو ئافرەتە بە (رووداو)ی راگەیاند كە ئەوان ئاگاداری رووداوەكەن و پەڕاوی لێكۆڵێنەوەیان بۆ كردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هۆكاری خۆخنكاندنی ئەو ژنە نازانن".

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: لە رۆژی زەماوەندی كوڕەكەیدا خۆی خنكاند Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top