چی بەسەر جەستە دێت ئەگەر ڕۆژانە سێ هێلکە بخۆیت؟
خواردنی سێ هێلکە بە شێوازێکی ڕۆژانە تەندروستی جەستە بە گشتی باش دەکات، وزەی پێویست بە جەستە دەبەخشێت و چالاکی دەکات.
ماڵپەڕی "ڕوسیا تودەی" لە بابەتێکدا ئاماژەی بە گرنگی و سوودەکانی خواردنی سێ هێلکە کردووە بە شێوازی ڕۆژانە بەمجۆرە:
- جەستەی مرۆڤ بەبێ بوونی ڤیتامین D بە شێوازێکی قورستر کالسیۆم وەردەگرێت، هێلکە بە یەکێك لە خۆراکە دەوڵەمەندەکان دادەنرێت بەم ڤیتامینە، بۆیە مژینی کالسیۆم ئاسانتر دەکات و تەندروستی ئێسك و ددانەکان باش دەکات.
- بوونی هێلکە لە ژەمی بەیانیاندا وزەی پێویست بە جەستە دەبەخشێت، چونکە ئەو ماددە خۆراکی و ترشە چەوریانەی لە پێكهاتەیدان کاری ئەندامەکانی جەستە باشتر دەکەن و جەستە چالاك دەکەن.
- هێلکە بڕی پێویستی ڤیتامین و ماددە خۆراکییە گرنگەکان بۆ جەستە دابیندەکات بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ڤیتامینەکان و کانزای وەك (A, D, E, B3,B6, B12)، یۆد، زینك، پۆتاسیۆم، مەنگەنیز، ئاسن و فۆسفۆڕ.
- هێلکە دوو پێكهاتەی گرنگی تێدایە بە ناوەکانی لیستین و کۆلین، ئەم دوو پێكهاتەیە کرداری دەرکردنی چەوری و کۆلیسترۆڵ لە جەستەدا خێرادەکەن.
- زەردێنەی هێلکە دەوڵەمەندە بە لۆتین و زیاکسانتین، ئەم دوو ماددەیە ڕێگە لە تێکچوونی بیلبیلەی چاو دەگرن، ئەگەری تووشبوون بە شەو کوێری کەمدەکەنەوە.
- هێلکە شەش گرام پرۆتین لە پێکهاتەیدایە، بۆیە خواردنی سێ هێلکە لە ڕۆژێکدا دەتوانێت جێگرەوەیەکی باش بێت بۆ گۆشت، ئەو پرۆتینانەش یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی کێش، ڕێکخستنی پەستانی خوێن، باشترکردنی تەندروستی ئێسك.
- بەهۆی بوونی ترشی فۆلیك لە پێكهاتەیدا یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی سووڕی خوێن.