• نوێ

    بەدەم بۆنی عەتری پێکەنینەکەتەوە خەبەرم بوویەوە!

    بەدەم بۆنی عەتری پێکەنینەکەتەوە خەبەرم بوویەوە!

    وەسوەسەی ئەم ھاتن و چوونە
    بەکام رێگای پێكگەیشتنەوە ببەستمەوە...
    قژی کام یادگارە لە بەرۆکی ئازارەکانم بڕنم!
    ڕێگا سەخت و درێژە و نابرێتەوە..
    پێك لەسەر پێك بە نامورادییەوە دەخۆمەوە
    نە مەست دەبم
    نە خەیاڵم دەڕوا
    ئەویشـــــــــــ
    کافرە ژنەکەی ئەوێ نامەیە نانێرێ
    سڵاوی ناکا
    تۆ بڵێی بێ ئاگا بێ لە گەرانەوەم!
    کاتێك مرۆڤ مەست دەبێ
    فەنتازیای خەیاڵی ماچ و باوەش و
    لێو مژین و مەمك گوشین و
    تێکەڵاو بوون بە بیری دا دێنێتەوە!
    چۆن ساتێكە ھەقیقەت!
    چ سەفەرێکە ..؟
    عەیامێكە شەختەی ئەم دڵ ڕەقە
    ئەم قژ خۆری لێو ناسك و تەنکە
    بەو کراسە سپی و ڕەش گوڵەوە نایەتەوە
    ئەو زاڵمە چاوێکی سیحراوی ھەیە
    جلەکانی ڕەنگی دیاری دەکا
    دەمێك کەسك قەرسیلە
    دەمێك شین ئاسمانە
    دەمێك رەساسی مەیلی گرانە
    ئەھا
    ویستگەیەك نەماوە بۆ مەرگم ھاتن!
    وچانێك نی یە بۆ جووت بوون
    نیگایەك نی یە بۆ ھاویشتن!
    دەڵین ژن کە عاشق دەبێ
    نابینا دەبێ لە ئاست پیاوانی دی و تەنھا پیاوێك دەبینێ!!!!
    ئەفسووس گومانم ھەیە ئەو پیاوە بم
    کە ژنێك بیرم لێ بکاتەوە!
    نا لە ئەزەلەوە ئەو منی نەویستووە
    وەك چۆن منیش ئەوم دەویست و دەترسام!
    تاوێرەکەی سینەی بۆ بشکێنم
    خاك بەسەر خۆم !
    خاڵێك نەما لەسەر ڕوومەتی کاتێك تەماشام دەکرد
    ساڵێک سەرم سوڕ نەمێنی بە دیاری یەوە
    تاڵیك لە ئەگریجەی بەر لەوەی دەستی لێ بدەم
    لە شاشەی مۆبایلەکەوە کێشی دەکردم
    وەھا لێی ڕامابووم
    ھەرچی ڕەنگی قاوەیی بوو
    لێم ببووە ئەو
    دەترسم پێم بڵێن شێتــــــــی
    لێتان ناگرم !
    کێ وەكو من غەریبە دوور لە زێدە
    ھەناسەی سەردی ھەڵمژیوە
    ئێستا لە گیانیش غەریبم!
    پێ ڕاناگەم بەر بڵاویم کۆکەمەوە
    گوڵێکی نارد بوومە ئاو
    بە باخچەی گیانیدا شۆربوومەوە
    ئەی لەو
    وای لە منیش چۆن تاساوم بە دیارییەوە
    ئەم ئێستاکە
    لێم گۆراوە ئەو غەریبە
    یان من بەم ڕێگا دوور و درێژەدا
    دەڕۆم و دەرۆم و دەرۆم
    دەبمە مەلەوان !
    مەلەوانێك لە ناو قووڵایی دەریای پر قرش دا
    بێ باك لە گیان
    ئەی سەرداری رۆحم...
    وانەی عیشق بە ئافاتی ھۆگر بوون دەڵێمەوە.!

    نووسینی شوان شەفیق

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: بەدەم بۆنی عەتری پێکەنینەکەتەوە خەبەرم بوویەوە! Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top