• نوێ

    هونەرمەندێكی ناسراو خزمێكی خۆی دەكوژێ‌

    هونەرمەندێكی ناسراو خزمێكی خۆی دەكوژێ‌

    هونەرمەندێكی ناسراوی شاری دهۆك، تەقە لە كوڕە پوورێكی خۆی دەكات و برینداری دەكات، دواتر كوڕە پوورەكەی لە نەخۆشخانە دەمرێ، بكوژەكە كە دوای رووداوەكە خۆی شاردووەتەوە، لە لایڤێكی فەیسبووكدا باسی هۆكاری تەقەكردن لە كوڕە پوورەكەی دەكات و دەڵێت جنێوی پێداوە، بۆیە تەقەی لێكردووە.

    شەوی 22/5/2018 كۆمیدیكاری ناسراوی شاری دهۆك ئەكرەم كۆنفۆ، هێرشی كردە سەر ماڵی كوڕە پوورێكی خۆی بەناوی كەمال رەمەزان حەسەن، لە گوندی كورای سەر بە ناحیەی زاویتە. ئەكرەم سێ‌ گوللەی لە كەمال دا و برینداری كرد. دوای نۆ رۆژ كەمال لە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو.

    ئەكرەم تاهیر ناسراو بە ئەكرەم كۆنفۆ، هەر هەمان شەوی رووداوەكە، لە لایڤێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، باسی رووداوەكەی كرد و گوتی كوڕە پوورەكەی جنێوی پێداوە، بۆیە تەقەی لێكردووە.

    فەیسەڵ رەمەزان كە برای كەمالە، باسی ساتی رووداوەكەی كرد و گوتی "ئێمە لە ماڵەوە دانیشتبووین، پیاوێك هاتە ژوورەوە و داوای لە كەمال كرد بێتە دەرەوە و گوتی ئەكرەم ئیشی پێیەتی، دواتر ئەكرەم تەقەی لە كەمال كرد و بە سێ‌ گوللە برینداری كرد".

    كەمال رەمەزان، خێزاندار و باوكی شەش منداڵ بوو، لە ساڵی 2004 ـەوە كوردستانی جێهێشتووە و لە بەریتانیا نیشتەجێ‌ بوو، تەنیا سێ‌ رۆژ بوو بە سەردان گەڕابووەوە كوردستان.

    بە گوتەی فەیسەڵ، تۆمەتبارەكە لەگەڵ شوفێری تاكسییەك هاتووەتە سەر ماڵیان، بۆیە ئێستا داوا دەكەن، جگە لە ئەكرەم، شوفێری تاكسییەكەش دەستگیر بكرێ‌ و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێ‌، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچیان دەستگیر نەكراون.

    سەبارەت بەو قسانەی ئەكرەم لە لایڤەكەدا كردوونی، فەیسەڵ گوتی: "ئاگادار نین براكەم جنێوی بە ئەكرەم دابێ‌، بەڵام ئەوە دەزانین كە ئەكرەم قەرزداری براكەم بوو، ئەو داوای پارەكەی خۆی لێ‌ كردووەتەوە، بۆیە ئەكرەم كوشتوویەتی".

    برای كەمال رەخنەی لە هێزە ئەمنییەكان هەیە و دەڵێت: "ئۆتۆمبێلێك دەدزرێ‌ لە ماوەی 24 كاژێر دزەكە دەدۆزنەوە و دەستگیری دەكەن، بەڵام مەعقولە هەموو بادینان ئەكرەم دەناسێ‌ و دەزانن برای ئێمەی كوشتووە، كەچی تاوەكو ئێستا دەستگیریان نەكردووە".

    ئەكرەم تاهیر، تەمەن 40 ساڵ، لە كۆتایی نەوەتەكانەوە یاریی كۆنفۆ و كاراتێ‌ دەكات، بۆیە لە نێو خەڵك بە ئەكرەم كۆنفۆ ناسراوە. ئەكرەم جگە لە وەرزش، سەرقاڵی كاری هونەری بوو، لە سەرەتای 2004 وەكو ئەكتەرێكی كۆمیدی دەركەوت، تاوەكو ئێستا بەشداریی زیاتر لە 10 دراما و فیلمی كۆمیدی كردووە.

    سەربەست تاهیر، برای ئەكرەم كۆنفۆ دەڵێت دوای رووداوەكە ئەكرەم قسەی لەگەڵ یەكێك لە براكانی كردووە. سەربەست گوتی: "ئەكرەم هەر ئەو شەوەی تەقەی لە كوڕە پوورەكەمان كرد، تەلەفۆنی بۆ برایەكمان كردووە، دواتر منیش قسەم لەگەڵی كرد و پێمگوت دەبێت هەر ئێستا بچی خۆت رادەستی پۆلیس بكەی، لە قسەكانیدا دیار بوو زۆر پەشیمان بوو لەو تاوانەی كردی".

    سەربەست گوتیشی: "ئێمە خزمی یەكدین و تا ئێستا هیچ كێشەیەك لە نێوانماندا نەبووە، داوا دەكەین ئەكرەم خۆی تەسلیمی پۆلیس بكات و یاسا دۆسیەكەی یەكلایی بكاتەوە".

    سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە دەڵێن ئەكرەم دوای رووداوەكە چووەتە دەرەوەی وڵات، سەربەست گوتی: "ئێمە نازانین لە كوێ‌ خۆی حەشارداوە، بەڵام لەو باوەڕەدا نین چووبێتە دەرەوەی وڵات".

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: هونەرمەندێكی ناسراو خزمێكی خۆی دەكوژێ‌ Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top