• نوێترین بابەت

    هێڵنج

    هێڵنج

    دڵم پڕەو دەڕشێمەوە بەسەر تەنیایی خۆمدا
    دەڕشێمەوە بەسەر دڵ ڕەقی تۆدا
    لەژیان توڕەم،
    ماوەیەکە خۆشم ناوێ و ڕووم لێ وەرگێڕاوە
    دەست بەگیرفانما دەکەم
    ئەو دوو سێ هەزارەی پێمە 
    دەڵێم بچم پەمپێک سبوغی سووری پێ بکڕم
    لەسەر یەکێک لەدیوارەکانی سەر ڕێگای ماڵتان
    بنوسم:
    کەسێک هەزار جار بەم ڕێگایەدا تێپەڕیووە"
    سەرقاڵی پێکەنین و زیندەگی خۆی بووە
    "منیش لەژوورێکی تاریک بۆ ئەو گریاوم
    لەم گەڕەکەی ئێمە پەنجەرەی ماڵەکان
    هەموو داخراون
    سوێندت بۆ دەخۆم ئەگەر دڵنیابم
    تۆ لەپشت یەکێک لەو پەنجەرانەوەیت ..
    ئێوارانێک بە بەرد دەیان شکێنم
    تۆ چ دڵێکت هەیە ..؟ من خەریکە دەمرم بۆت
    لە تەنیاییدا هێڵنج دەدەم .. ئەسڵەن پەیدابە
    بڵێ نائینسان .. بڵێ بێ مەعریفەت
    بڵێ ڕقم لێتە .. بڵێ باشم .. بڵێ نەخۆشنیم
    بڵێ نەمردووم ..
    تۆ چ ئاگرێکت لەژیانی من بەرداوە ..؟
    ئاوا بە هەزار فرمێسک ناکوژێتەوەو دانامرکێت
    ڕۆژێکی زستان باران بوو .. بەبێ چەتر چووم بۆ بازاڕ
    تێر تێر بۆت گریام و کەس نەیزانی
    چەندە باش بوو لەبەر دڵۆپی باران
    کەس کەس فرمێسکەکانمی نەبینی
    ڕۆژێکی هاوین خۆڵبارین بوو، چوومە دەرەوە
    تێر هەوای پڕ غوباری شارم هەڵمژی
    بەڵکو ئەمە خوایە مشتێک خۆڵی ژێرپێی تۆ بێ و
    با .... بۆ ئەم شارەی ئێمەی هێنابێت و
    ببێت بەشیفا بۆ ئەم دڵەتەنگەم
    هۆ لەیلای من .. من مەجنونەکەی خۆتم
    هەر ئەو کەسەی ئەستێرەم دەچنی بۆشەوەکانت
    هەموو ڕۆژێک پڕ ناو دەستە چکۆڵەکانتم دەکرد
    لەپێکەنین
    من مانگی بەر پەنجەرەی تەنیایی تۆ بووم
    بەخودای دڵم بۆت تەنگ بووە
    بانگم بکە .. نامەوێ بمرم
    لەکێلی گۆڕەکان دەترسم .. لەناڵەی مردووەکان
    دەترسم
    لەشەوە درێژەکانی پایز دەترسم کەدەنگی
    سڵاوێکی تۆی تیانەبێت
    بانگم بکە با هەناسەدانم خۆشبێت
    نامەوێ وازوو بمرم ..
    کەتۆ لێرەنیت ئەم هەموو مردنە چی دەکات لێرە..؟
    ئەم هەموو دڵتەنگیە چیە بەسەر وەرزەکانمدا
    باریووە ..؟
    بانگم بکە نامەوێ بمرم
    هێشتا زۆر شت ماوە بە تۆی بڵێم
    هێشتا کاری زۆرم ماوە لەگەڵ تۆ ئەنجامی بدەم
    هێشتا حەزدەکەم دیمەنی خۆر ئاوا بوون ببینم
    حەزدەکەم فڕینی باڵندەکان ببینم
    ئەوە چ یارییەک بوو من و تۆ کردمان ...؟
    ئیدی چاوشارکێ ناکەم لەگەڵت
    تۆ لەچ شوێنێکی ئەم دونیایە خۆت حەشارداوە
    ئاوا بزریت ....؟
    هیچ جێیەک نەما لەدوات نەگەڕێم
    پڕ بە دەستەکانم مورووی شینم بۆت هەڵگرتووە
    پڕ بەکۆشم گوڵی قەیسیم بۆ چنیوویت
    وەرەوە ناو شەوەکانی خۆم
    چیرۆکی هەزارو یەکشەوەی دڵتەنگی خۆمت
    بۆ باس دەکەم
    دەچینەوە بۆ ماڵەکەی خۆمان .. ماڵەکەی پشت
    هەورە سپییەکان .. ئەو هەورە سپیانەی لە پەشمەکی
    سەردەمی مناڵی دەچوون
    ئاهـــــ دیار نەمایت هەموو ئاوەتەکانم بە ون بوونت
    وەک چلورەی گەرمترین ڕۆژی هاوین توانەوە
    کەتۆ لێرەنیت ئەستێرەکانیش بەو ئاسمانەوە
    کاڵ بۆتنەوە
    کەتۆ لێرەنیت .. پێکەنینیش بێ ڕەحم بووە
    ماوەیەکی زۆرە سەرێکی لێ نەداوم
    کەتۆ لێرەنیت ئێستا کفنم بۆ هەموو ئومێدەکانم
    دووریوە
    جاران دەم وت ڕەنگە پایز منت بیربخاتەوە
    وتم رەنگە دار تووەکەی ئەوسەری کۆڵان کە گەڵای زەردبوو
    ڕوخساری زەردوو غەمگینی منت بیربکەوێتەوەو
    هەواڵم بپرسی
    بێت و ببینیت بەڕۆیشتنی تۆ چەند هەڵوەریووم
    کەپایز تێ پەڕی وتم ڕەنگە کاتێک زستان دێت
    بیری حەوشەی ماڵی دایە گەورە بکەیت
    ئەو ڕۆژانەی بەفر بەسەر دارو بەرددا باریبوو
    ئەو دەمانەی دونیا سپی دەچۆوە وەک رۆحی پاکت
    ئەو دەمانەی چۆلەکەکان لاق و دەنوکیان تەزی بوون
    لەسەر دار تێلی عاموودەکان
    ئەو کاتەی دەستەکانم لەگیرفانم دابوون و
    سەیری تۆم دەکرد
    ئەوکاتانەی دەستەکانم سەرمایان بوو
    خەونیان بەوەوە دەبینی ڕۆژێک لەڕۆژان دەستەکانی
    تۆ بگرن
    با دونیا وابێت ئەزیزم
    خۆ پایزێکی تر هەر دێتەوە حەز بکەیت پیاوێک
    لەگەڵ دوو گەڵای وەریودا بتهاوێتە شیعرێکەوە
    با دونیا وابێت ئەزیزم
    خۆ زستانێکی تر هەر دێتەوە دەستەکانت
    سەرمایان بێ و بیری هەڵمی هەناسەی من بکەن
    نیوەڕۆی هاوینەو شەقامەکان دەسوتێن و
    وەک ئاسن سوور بۆتنەوە
    لە ناو ئەو هەموو عەزابەدا بیر لەتۆ دەکەمەوە
    هێڵنج دەدەم و بیری سڵاوێکت دەکەم
    ئارەقەو فرمێسکم تێکەڵ بووەو
                     ...بەلای مردندا تێ دەپەڕم
    نیوەڕۆی هاوینەو شەقامەکان وەک ئاسن سووربۆتنەوە
    هێڵنج دەدەم و
    پڕ بەسییەکانم دەقیژێنم: تۆ لەکوێیت ..!؟

    نووسینی: شوان سەعید

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: هێڵنج Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top