• نوێترین بابەت

    ھاتووم جۆگەی شەتاوت وشك بکەم!

    ھاتووم جۆگەی شەتاوت وشك بکەم!
    نووسینی :شوان شەفیق

    کە دێمە لات
    (جۆگەی شەتاوت وشك دەکەم)
    پیاوێکی بیابانیم
    زەمەنێکە
    شیلە ھەنگوینم نەچەشتووە
    دەمم وشکە و
    تینوویتیم ...لە پنت بە پنتی
    لەشی نەرمە شۆخێك
    نەشکاندووە

    کە دێمە لات
    لە نیوان سێو بەندەکەت
    دڵۆپەی خوناو
    بە زمانی ئەوین دەسڕم
    دەستێکم دەکەمە گەردنی مانگ و
    دەستەکەی تریشم
    لە زەوی دێم گیر دەکەم
    بۆ ڕاگرتنی ئەو ھاوسەنگییە...
    (پڕگالێك
    لە دارکی خونچەیەکدا دەچەقێنم
    تا خوولگەی سووڕانەوەم بە دەوریا لێ نەگۆڕێ!)

    کە دێمە لات
    دەترسم
    لە نێوان سۆزی بڕبڕەکانمەوە
    وەچەیەك
    لەو مەملەکەتەی عەیامێکە
    شین نەچۆتەوە
    نەڕوێتەوە
    ترس ...لە زمان و لێو
    لە مژین ...و ...گوشین
    بە رامووسان نەلاوێیتەوە

    چین چین ئارەقی تامەزرۆیم وا وشك دەبێ
    توێژاڵێك زاخ لەسەر سنگی مانووم دەنیشێ
    خەیاڵاتێك لەم ژوورە تاریکەوە  دەکەمەوە
    خاڵی گۆنای بلووریت بە تاسەوە دەلێسمەوە
    بێ دەنگ بن شیعرە ژنێك
    لە شەوی گیان پێ بەخشیندا دەنووسمەوە.

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ھاتووم جۆگەی شەتاوت وشك بکەم! Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top