• نوێترین بابەت

    ساڵنامەی بیرکردنی کەسێک تێکستی: شوان سەعید ..ش

    ساڵنامەی بیرکردنی کەسێک
    تێکستی: شوان سەعید ..

    هەندێک رۆژ لەتەمەنت هەیە پڕپڕە لە دڵتەنگی
    هەندێک ڕۆژ گوێت لەگریانی خۆتەو
    دونیا لەگۆرێکی تەنگ دەچێت
    هەندێک رۆژ لەتەمەنت هەیە هەرچەند دەکەیت
    بروا ناکەیت ئیتر ڕۆژەکانی داهاتووت
    بەبێ ئەون
    بڕوا ناکەیت کە ئیتر گەیشتووی بەجێگایەک
    سێبەرەکانیشتان بەتەنیشتی یەکدا تێ ناپەرن
    ئیتر کۆڵانێکی تەنگەبەر نیە
    شانی تۆ و ئەو لەیەک نزیک بکاتەوە
    کاتێک ماچت ناکەن و دەرۆن
    تۆ وادەزانی دەگەرێنەوە
    کاتێک دەستت ناگوشن و دەرۆن تۆ وادەزانی
    بەقەد ئاودانی ئینجانەی گوڵێکیان پێ دەچێت
    بەڵام لە هەزار شەوی درێژی چاوروانیدا دەتکوژن
    بەڵام شەوێکت بۆ ناهێڵنەوە کەسەرینەکت
    تەڕ نەبێت
    هەندێک ڕۆژ لەتەمەنت هەیە
    هەرچەند دەکەیت باوەڕناکەیت ئیتر ناتوانیت
    دەستی بگریت ..
    ئیتر کەسێک لەتەنیشتتەوە نیە ئاگای لەدڵی تەنگت بێت
    ئیتر تەنها کەسێک گوێی لەدەنگی
    گریانەکانت بێت، خۆتیت
    تەنها کەسێک دەستی لەسەر دڵت بێت، خۆتیت
    رۆژ هەیە لەسەر یەکێک لەکورسی باخچەکانی شار
    پاڵتۆیەکەت بیر دەچێت و
    تاقەتت نیە بگەرێیتەوە بۆی
    چون دڵنیای نامەیەکی ئەو لە گیرفانتدا نیە
    ڕۆژێک دەستی ئەو بەر قۆڵی پاڵتۆکەت نەکەوتووە
    ڕۆژێک نەک پاڵتۆ .. بەدرێژایی ساڵ هیچ شتێکت
    بەلاوە گرینگ نیە کە بۆنی ئەوی لانەیەت
    رۆژ هەیە خۆت لێ ون دەبێ و
    نازانیت کەوتۆتیە چ شوێنێکی ئەم دونیایەوە
    تەنها ئەوەندە دەزانیت
    لەبەردەمی بێ رەحمی ئەودایت
    ئەوێک بە هەردوو دەستی چاوەکانی گرتووەو
    نایەوێ بتبینێت
    ئەوێک بەهەردوو دەستی گوێیەکانی گرتووەو
    نایەوێت گوێی لە هاوارو گریانت بێت
    بەڵام تۆ هێشتا رازیت .. لەدڵەوە تەمەنای بۆ دەکەیت
    دڵخۆش بێت .. نەمرێت .. هیچی لێ نەیەت
    لەدوورەوە هیوای بەختەوەری بۆ بخوازیت
    ناچاریت بەدڵێکی شکاوەوە ڕۆژە کانت بەڕێ بکەیت
    ئیتر ناچاریت خەونی گرتنی دەستەکانی ئەو
    لەگۆڕ بنێیت ...
    ئیتر دەست بەرداری ئەوە دەبیت
    ناولەپی دەستە چکۆڵەکانی ئەو ماچ بکەیت
    ڕۆژێک گوڵ بدەی لەقژی
    ڕۆژێک پێ بەسەر دڵی خۆت دادەنێیت و
    بەڕێگای ماڵی ئەواندا ناڕۆیت
    دەستەکانت لەگیرفانت دا زیندانی دەکەیت و
    سڵاوێک ناکەیت
    هەر بەخاتری ئەوەی ئەو بەختەوەر بێت
    ڕۆژێک دەست بەرداری هەموو ئاواتەکانی خۆت دەبیت
    تەنها دەست بەدڵی ئەوەوە دەگریت
    هەموو ڕۆژێک لەپشتی دەرگا داخراوەکانەوە
    بیری دەکەیت و دەست دەکەیت بەگریان
    بەڵام ناتەوێ گوێی لەدنگت بێت
    بەدرۆ خۆت وا پیشان دەدەی حاڵت باشە
    هەر بەخاتری ئەوەی ئەو سەرقاڵی ژیانی
    خۆی بێت
    رۆژێک قیروسیا لە ژیانی خۆت دەکەیت و
    هیچت بۆ خۆت ناوێت
    حەزدەکی هەناسەکانت بدەی بە ئەو
    داوا لەخودا دەکەیت ئەو چەند ڕۆژەی
    لەتەمەنت ماون بچێتە سەر تەمەنی ئەو
    ڕۆژێک حەزدەکەی ببیت بە پەپولەو لەسەر
    قۆڵی کراسەکەی ئەو بنیشیتەوە
    هەر بەخاتری ئەوەی ئەو دڵخۆش بێت
    ڕۆژێک حەزدەکەی خۆری دەم کەلی
    ئێواران بیت و ئاوا نەبیت
    چونکە ئەو دیمەنی خۆرئاوا بوونی پێ جوان بوو
    ڕۆژێک تکا لەچۆلەکەیەک دەکەیت
    هەواڵی ئەوت بۆ بهێنێت ..
    ڕۆژێک حەزدەکەیت لەچۆلەکەیەک بپرسیت
    توخودا کچێکت نەبینیووە
    لەپشتی پەنجەرەیەکەوە گۆرانی بڵێت ..!؟
    لەناو گۆرانیەکاندا منی لەبیر کردبێت..!؟
    پێی دەڵێیت: کچێکت نەبینیووە ئێواران
    دەستی لەژێر چەناگەی دابنێت و
    بیر لەهەموو شتێک بکاتەوەو تەنها من نەبێت ..!؟
    هێندە دڵناسک بێت .. بۆ شکانی باڵی
    پەپولەیەک بگریت ..
    بەڵام دەنگی شکانی دڵی من جارێک راینەچڵەکاندبێت؟
    شەو هەیە ئاهو حەسرەتی نەبوونی کەسێک
    خەریکە شێتت دەکات
    دەستەکانت دەلەرزن و شەڕ بەدارو بەرد دەفرۆشیت
    شەو هەیە لێدانی دڵت باش نیەو
    پێویستە بچیتە سەربان و
    بەرامبەر مانگ دابنیشیت و بگریت
    بگریت و گلەیی لەبەختی خۆت بکەیت
    کەکەسێک نیە هەواڵی ئەوی لێ بپرسیت
    کە پەنجەرەیەک شک نابەیت تا چاوی ئەوی لێوە ببینیت
    بیری دەکەیت و ماوەیەکی زۆرە هەواڵی نازانیت
    بیری دەکەیت و شەو هەیە قۆڵی کراسەکەت
    لەچاوت تەڕ تر دەبێت
    بیری دەکەیت و شەو هەیە گریانیش ئارامت ناکاتەوە
    شەو هەیە مانگ دڵی تەنگ دەبێت بۆت
    شەو هەیە ماگ بەبێ دەنگی بەدیارتەوە دادەنیشێ و
    سەیرت دەکات
    شەوێک نا .. هەموو شەوێک
    تۆ لەخەوێکی قوڵدایت و
    کەسێک لەدوورەوە خەریکە بۆسڵاوێکت گیان دەدات
       !!..خەریکە بۆ بینینی چاوەکانت دەمرێت ..

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ساڵنامەی بیرکردنی کەسێک تێکستی: شوان سەعید ..ش Rating: 5 Reviewed By: Hataw
    Scroll to Top