ئێرە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە
خراپترین شوێن بۆخۆشەویستن
لێرە سەدان خوای دڵڕەق
ڕۆژانە بە ئاسمانی ئەم سەرزەمینەدا دەفڕن
تۆی نەفرەت ئەوەشێنن
هەزار پێغەمبەری سایکۆپات هەن
رۆژ نیە بە قسەیان گوڵخانەیەک نەسوتێنرێت
دەیان کتێبی ئاسمانی گەوجێنەر هەن
کاریان تەنیا شێواندنی جوانیە
ئێرە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە
جێی گومانترین شوێنە بۆ ماچ
ساردترین خاکە بۆ باوەش
تاڵێکی قژی خۆرهەڵاتیم هەڵگرە و
وردە ماچەکانمان کە هێشتاش لە سێبەری دارەکان ئەترسن
کۆیانکەوە
با بدەین لە رێگەی قاچاخ
ماریا کارگەر