ئەمریكا، بەریتانیا و فەرەنسا هێرشیان کردە سەر سووریا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئەمریكا، بەریتانیا و فەرەنسا هێرشیان بۆسەر چەند بنکەیەکی سەربازی و ناوەندی توێژینەوەی حکومەتی سووریا دەستپێکرد.
وەزیری بەرگری ئەمریکا لەبارەی هێرشەکان رایگەیاند، پێگەیەکی چەکی کیمیای و ناوەندی لێکۆڵینەوەی سووریامان لە دیمەشق کردوونەتە ئامانج،هەوڵمانداوە لە هێرشەکانماندا هیچ کەسێکی سڤیل نەبێتە ئامانج و قۆناخی یەکەمی هێرشەکانمان کۆتاییهاتووە.
هەروەها لەبارەی هاوئاهەنگی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێرشەکە وەزیری بەرگری ئەمریکا گوتی: هاوپەیمانانمان بەشێک بوونە لەو هێرشانەی ئەنجامدراون.
لەبارەی هاوئاهەنگی لەگەڵ رووسیا وەزیری بەرگری ئەمریکا گوتی: هاوئاهەنگیمان لەگەڵ رووسیا نییە و هەوڵمانداوە بەریەککەوتن روونەدات.
وەزیری بەرگری بەریتانیاش رایگەیاند، کە 4 فڕۆکەی تۆڕنادۆ لە هێرشە ئاسمانییەکە بەشداربوونە.
لەبارەی ئامانجی هێرشەکان تیرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: مەبەستمان رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد نییە لەو هێرشانەی ئەنجاممانداون، هێرشەکان دیاریکراو و ئاراستەکراودەبن.