• نوێ

    لێرە نیت..

    لێرە نیت..

    ڕۆیشتویت.
    هێندە دووریت تا دڵ بڕ ئەکا
    کەچی هەر ناتوانی
    لەنێو لەپی دەستەکانما شوێن بزر بیت؟
    لەنێو گلێنەی چاوەکانما خۆت هەڵواسیوە و
    کات وونە، هەوری چاوەکانمی و
    کاتژمێری دابارین نازانی

    نا ناتوانیت،
    ئاسەواری ئەم دووریەت لە گیانما دەرکەی
    ناتوانیت دەنگە پیاوانیەکەت لەگوێکانمدا لاڵ بکەیت
    نا.. غەمگینیم شوێنەوار وپاشماوەی تۆیە
    ئەی خواوەندی عەشق،ناتوانیت بیسڕیت

    خۆت لەنێو دەستەکانما برد،
    دڵێکی گەورەت  بچوک کردەوە،
    هێندە بچوک که ئۆقرەیی تێیدا جێگەی نابێتەوە
    دڵخۆشیت لەکەدار کرد..
    شەرمەزارە وبێ تۆ ناگەڕێتەوە

    ئەوکاتانەی موشتاقی پیاسەیەکم لەگەڵتا وتۆ دووریت
    ڕێگەی جێژوان ئەگرمە بەر ..
    ئەو ڕێگایەی جێ هەنگاوی ئێمەی پۆشیوە
    ئەو شوێنەی پڕ ببوون لە ووردەماچ
    لەباوەشی گەرمووگووڕت..
    کەچی ئێستا  پڕ ئەبێ لە گرین
    پڕ لەزامی دووریت و گلەیین،
    ئەو یادانەی لەگەڵ تۆیا چێم کردوون
    لە ڕۆحی سپیم سەر دەرئەکەن
    نەمردوون،نەمردوون

    ڕۆیشتویت.
    هەتاچاو بڕ ئەکا دووریت...
    تەنیا شت لەگەڵ خۆتا نەبردووە منم
    بەڵێ دووریت ،بەڵام
    لە نەستم نا  هەر نزیکی
    لە ڕۆحم نا هەر نزیکی
    لە شیعرمدا هەر سەرچاوەی ...ئیلهامدەری

    نا ناهێڵم شیعرەکانم چۆڵ بکەیت
    ماڵەکەت کە شیعرەکانمە،ئەی سەرچاوە
    ناتوانیت خاڵی بکەیت لە خۆت
    نا ناتوانیت

    ئەی ئەو شیریینیە گران بەهایە قەدەغەکراوەی
    لەبەردەرگای دڵمی و عەشقم ناهێڵێ تامت بکەم،
    کەچی قەسیدەم ئەتڕازێنێتەوە
    ئەی ئەوگوڵە بەهەشتیەی.بۆ هەزارساڵی دیکەش  بۆنت هەناسەکانم ئەگرێ، قەسیدەم بۆنی تۆی گرتوە
    قەڵەمم ووشەی تێدا سەوز ئەبێ

    ناتوانیت ویژدانت ئاسوودە کەیت و
    مانای شیعرم لێ بەریت
    ئەی ئەوکەسەی لەخۆت وێڵی
    کە لەگەڵ خوێنما تێکەڵی
    ئەبێ بێیت و من بەریت

    "نەورەس محمد"

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: لێرە نیت.. Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top