• نوێ

    ڕاگرتنی دراماتورکیەکان نارەزای لێکەوتەوە

    ڕاگرتنی دراماتورکیەکان  نارەزای لێکەوتەوە

    وەزارەتی ڕۆشنبیری تورکیا نیگەرانی دەربری لە بڕیاری ڕاگرتنی پەخشی زنجیرە تورکییەکان لە لایەن گروپی کەناڵەکانی "ئێم بی سی" سعودییەوە.

    نوعمان کورتومولوش وەزیری ڕۆشنیری و گەشتوگوزاری تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، دوو یان سێ سیاسی کە لەسەر مێزێک دادەنیشن، مافی ئەوەیان نییە بڕیار لە بارەی بەرنامە یان بابەتێکی ترەوە بدەن کە هاووڵاتیان بینەرین، چونکە ئەو سەردەمە زۆر دەمێکە بەسەر چووە.

    ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی چەند ساڵێکە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان پێشکەوتنی خێرایان بەخۆوە دیوە ،و بە وتەی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا بە تاسەوە خەڵک چاوەڕوانی زنجیرە تورکییەکان دەکات.

    کورتومولوش لە بەشێکی تری وتەکانیدا جەختیکردووەتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوتاکانی لە دەرەوە قسەیان کردووە دەربارەی ئەو زنجیرە تورکییانە، کە ئەوەش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ هێزی نەرمی تورکیا.

    وەزیری ڕۆشنبیری تورکیا بڕیاری ڕاگرتنی پەخشی دراماکانی وڵاتەکەی بە بڕیارێکی سیاسی ناوبرد.

    ئەوە لە کاتێکدایە لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە کۆمەڵەی کەناڵەکانی ئێم بی سی ، پەخشی سەرجەم زنجیرە تورکییەکانی ڕاگرت، کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و چەند دەوڵەتێکی کەنداو.

    مازن حایک وتەبێژی کۆمەڵەی ئێم بی سی بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هەوڵ دەدەن زنجیرە تورکییەکان بگۆڕن بە بەرهەمی عەرەبی و بە کوالیتی زۆر بەرز، کە ئاماژە بن بۆ بەهاو نەریتی ناوچەکە.

    ئەوەش لە کاتێکدایە هەر یەکە لە سعودیە و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، چەند جارێک هۆشداریاندا داوە لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ پشتیوانیکردن لە گروپە ئیسلامییەکانی ناوچەکە، بە تایبەت کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین، کە وەک سەرچاوەیەکی هەڕەشەی جیهانی سەیری دەکرێت.

    لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧، سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر، پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی قەتەردا پچڕاند، کە لە ئێستادا وەک هاوپەیمانی سەرەکی تورکیا سەیری دەکرێت.

    کۆمەڵەی ئێم بی سی کە لەلایەن وەلید ئیبراهیم سەرمایەداری گەورەی سعودیەوە خاوەندارێتی دەکرێت، هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، کە لە بەرامبەر ئازادبوونی دەستبەرداری ئەو کەناڵانە بووە، دوای ئەوەی لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی دژی گەندەڵی، کە لەلایەن محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیەوە دەستپێکراوە، بۆ ماوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرمایەدار و کەسایەتی سعودیەدا دەستبەسەرا کرا.

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ڕاگرتنی دراماتورکیەکان نارەزای لێکەوتەوە Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top