پارێزگاری هەولێر چاوی کەوت بەماموستاکەی هەولێر
نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بە فەرمی داوای لێبوردنی لەو مامۆستایە کرد کە لە شاری هەولێر بێڕێزی پێکرا، دوای ئەوەی مامۆستاکە سەردانی دیوانی پارێزگای هەولێری کرد.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدۆیەی کە پەلاماردان و بێڕێزیکردنی دوو کەس بەرامبەر مامۆستایەکی هەولێر لە میانی خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی رابردوو پیشاندەدات، نەوزاد هادی هەوڵیداوە سەردانی مامۆستاکە بکات و داوای لێبوردنی لێبکات بەڵام ئەمڕۆ مامۆستاکە بە یاوەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی سەردانی دیوانی پارێزگای هەولێری کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە لە دیدارەکەدا نەوزاد هادی، "وێڕاى ئیدانه و سهركۆنهكردنى توندى ئهم رهفتاره نهشیاوهی کە بهرامبهر مامۆستاکە ئەنجامدرا، ستایشى خزمهت و بهخشندهیی و لێبوردهیی کردووە و بهنمونهى باڵاى كهسایهتییهكى پهروەردەكار و دڵسۆزى گهل و نیشتیمان لهقهڵمیداوە كه شایانى رێز و قهدر گرتنە".
بەڵێنی ئەوەشی پێداوە هەموو ڕێکارێکی یاسایی بۆ سزادانی ئەو دوو کەسە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بگیرێتەبەر.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکە پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو مامۆستایەی بێڕێزی پێکرا، جەختی لەوە کردووەتەوە كه، "ئهو رهفتاره نهشیاوه و ئهو بێڕێزییه له شكۆ و گهورهیی مامۆستا كهم ناكاتهوه و رێگر نابێت لهبهردهوامبوونیان لهخزمهت و پهروهردهكردن و پێگهیاندنى نهوهى تازه".
یەکشەممەی ڕابردوو و بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە سیستمی پاشەکەوتی موچە، خۆپیشاندانی مامۆستایان و تەندروستکاران و فەرمانبەران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، لە هەندێک شوێنیش بەهۆی ڕێگری هێزە ئەمنییەکان، گرژی دروستبوو و ژمارەیەک هاوڵاتیش برینداربوون.
لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری هەولێرش چەند کەسێک بە جلی مەدەنییەوە کە بە وتەی هاوڵاتیان و شایەتحاڵان سەر بە حزبێکی دیاریکراون، هێرشیان کردە سەر مامۆستایەکی بەتەمەن و پزیشکێک و تەشهیر و بێڕێزیان پێکرد