• نوێ

    دژبە میراتی ڕاپەڕینی ١٩٩١

    دژبە میراتی ڕاپەڕینی ١٩٩١

    مەسەلەی زنجیرە شکستی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوو بە ئێستاشەوە ، لەوە ئاڵۆزترە و قوڵترە کە تەنیا پەیوەستی کەین بە بارودۆخی هەنووکەیی ئەم ناوچەوە، یان بە تەواوەوەتی بیخەینە سەر ئەستۆی هێزە دەرەکییەکان و هەروەها بە دیالەکتیکی هێزی دەرەکی/ناوەکی چارەسەر نابێت. بۆیە سەیر نییە کە سەرکەوتنی "ڕاپەرین" لەحزەیەک بوو بۆ شاردنەوەی شکست و هاوکات درێژەدان بە شکست بە فۆڕمێکیتر.

    ڕاپەڕینی جەماوەری دیاردەیەکی تایبەت بە سەدەی بیست یان مۆدێڕنە نییە، بەڵکو بەدرێژایی مێژووی شارستانییەت، ڕاپەرینی جەماوەری هەبووە و توندترین ڕاپەڕینەکان لە هەرکام لە شارستانییەتی میسری کۆن، چینی کۆن و ڕۆمای کۆن و.. . هتد ڕوویانداوە. لەبەرئەوەی شارستانییەت، لە مێژووی چینایەتیدا هاتەپێکهاتن و بەردەوامە، ئەوا ناکۆکی ئەنتاگۆنیستی و چەساندنەوە بووە بەبەشێکی ناوەکی شارستانییەت بەهەمان شێوە ڕاپەڕینیش.

    ڕاپەڕین خۆبەخۆ مەرج نییە هەلومەرجێکی باشتر لەوەی کە هەیە بهێنێتەئاراوە. لەبەرئەوەی دواجار ئەو ئینتیمایەی کە لە ڕاپەڕینی خۆبەخۆدا زاڵ دەبێت خەون و خواستەکانی خەڵکانی ڕاپەڕیو نییە بەڵکو ئینتیما زاڵەکانی مێژووی-جیهانی و مێژووی لۆکاڵین کە زاڵ دەبن و زۆرجار ئەو ئینتیمایانە سەردەکەون و سەرکەوتنیشیان بە مانای شکشتی ڕاپەڕینەکان دێت. ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە ڕاپەڕین لەسەر حەق نییە، ئەوە ڕوونە کە هەمیشە ڕاپەرین و خەڵک لەسەر حەقن، بەڵام هاوکات خەڵکی دەبێت ئەوەش بزانن کە هەمیشە دژە ڕاپەڕین، فاشیزم و شکست لە بۆسەدان. جارێکی تر ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە باش نییە ڕاپەڕین بکرێت بەڵکو بەمانای ئەوە دێت دەبێت سەرەڕای هەموو ئەمانە هەردەم بیر لە ڕاپەڕین و شۆڕش بکەینەوە بەشێوەیەکی ڕێکخراو.

    شتێکی تر لە پەیوەند بەمەوە؛ ئەگەرچی ڕێکخستن و دیسپلین مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی ڕاپەڕینن، بەلام مەرج نییە بە سەرکەونتی تەندروست کۆتایی بێت. ئەوەی کە لە خودی ڕاپەڕین، ڕێکخستن و دیسپلین گرنگترە "روانگەی سیاسی تەندروستە" کە لە ئێستادا بەگشتی پاشەکشەی کردوە و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١یش هەڵگری ڕوانگەی سیاسی تەندروست نەبوو. هەموو ئەمانە وامان لێدەکات پرسیار لەبارەی شکستی ڕاپەڕینەکانی باشوری کوردستانەوە بکەین. نە سوتەفەیە و نە سەیرە کە بۆ یەکەم جار لە باشوری کوردستان ڕاپەڕینەکان لەلایەن شێخ و سەرۆک خێڵەکانەوە دەکرێت و تەنانەت یەکەم حیزبی کاریگەریش (کە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو) لە هەناوی ناکۆکییەکانی خێڵەوە سەرپێ‌کەوت. یەکەم بەرکەوتنی هۆشیاریی سیاسیی مۆدیرن بۆ خەبات کە لە حیزبدا داڕشتەبوو بەر هۆشیاریی و عەقڵییەتی خێڵ کەوت. لەم بڕگەدا حیزبی خێڵ (پارتی) دروست بوو. دووەم حیزبی کاریگەر کە یەکێتی نیشتمانی بوو حیزبی خێڵەکی بوو سەرپێکەوت.

    ئەگەرچی گەلی کورد پێش سەدەی بیست، چەندین ڕاپەڕینی کردوە بەڵام ئەو ڕاپەڕینانە بەبێ پلان و ڕێکخستی سیاسی مۆدێرن بووە و زیاتر لەسەر کەسایەتی شێخ، ئاغا و خێڵ ڕێبەرایەتی کراوە. هەروەها هۆکاری دروستبوون و ڕوودانی زۆربەی ڕاپەڕینەکانی پێش سەدەی بیست ناکۆکی نێوان خودی خێلەکان لەلایەک و ناکۆکی خێلەکان لەگەڵ ناوەندی دەوڵەتە دەرەبەگایەتییەکاندا لەلایەکی تر بووە. هەموو ئەمانەش دەرەنجامی شێوە ژیانی گەلی کورد بووە کە بەزۆری بەشێوەی شوانکارەیی و نیوەشوانکاریی ژیاون.

    ئەوەی گرنگە تیشک بخرێتە سەری یاخیبوون و ڕاپەڕینەکانی سەدەی بیستە، بەتایبەتی ڕاپەڕینەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیست. ڕاپەرینەکانی کورد لەسەدەی بیستدا بەهۆی کۆنتێکست و سیاقی سەدەی بیستەوە تاڕادەیەک شێوەی سیاسی ڕێکخراوی وەرگرت و هاتە ناو دواخوازییە مۆدێرنەکانی سیاسەتەوە. هەر لەم سۆنگەوە کورد دوای حوکمی زاتی، قەوارەی سەربەخۆ و دەوڵەتی کوردی کرد. لە پەیوەند بەمەوە لەسەدەی بیستدا بینیەری "کوردستانی سور" و "کۆماری مەهاباد" دەبین کە هەردوکیان ڕاستەوخۆ بەهۆی فاکتەر و هۆکاری دەرەکییەوە هاتنەدروستبوون. ئەم دوو قەوارە سەربەخۆیە کاریگەری گرنگی لەسەر بەرەنگاری و ڕاپەڕینەکانی دواتر بوو. بەجۆرێک لە هەر چوارپارچەی کوردستان جموجۆڵ و ئاگایی کوردبوون و کوردایەتی بەگەڕکەوت.

    ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لێرەدا لەسەری ڕاوەستین پێکهاتە و ستراکتوری ڕاپەڕین و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە. ئەگەر پەیوەندیکەین بەم سەردەمەوە ئەوا دەبێت باس لە "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "یەکێتی نیشتمانی کوردستان" بکەین. هەر لە سەرەتاوە دەبێت ئاماژە بەوە بدەین پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ناکۆکی ناو خودی خێڵ سەرپێدەکەوێت و هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەهۆی ئینشیقاقی باڵی مەکتەب سیاسی ناو پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سەرپێ دەکەوێت. ئەگەرچی یەکێتی لەسەروبەندی شکڵگرتنیدا ئینتیما و کۆمەڵەی جیاوازی تێدا دەبێت(وەک کۆمەڵەی مارکسی لینینی شەهید ئارام) بەڵام هەر زوو سەرکوتدەکرێت و ئەوەی دواجار شێوە بە یەکێتی دەبەخشێت تەیاری باڵی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە مام جەلال و دواتر نەوشیروان موستەفاش نوێنەرایەتی دەکات.

    دروستبوون و شکڵگرتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەک پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ناو خێڵە کوردییەکانەوە لەگەڵ یەکتری بوو و پاشان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەلایەکی تر. بەم پێیە  پارتی نوێنەرایەتی خێڵ و دەرەبەگەکانی باشوری کوردستان دەکرد. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی ئاغا و دەرەبەگەکان بوو و سەودای زیندووکردنەوە و کاراکردنەوەی حوکمڕانی دەرەبەگایەتی دەکرد و ئێستاش هەمان سەودای هەیە. تاکە جیاوازی یاخیبوون و ڕاپەڕینی پارتی لەگەڵ ڕاپەڕینەکانی پێش سەدەی بیست ئەوە بوو کە پارتی لە برگەی هۆشیاری سیاسیی مۆدێرنی کوردیدا سەرپێ‌کەوت. یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش پاش ململانێی ئینتیما جیاوازەکانی ناوخۆی حیزب، دوافۆڕمی وەرگرت کە بوو بە حیزبێکی نیمچەخێڵەکی و نوێنەرایەتی خێڵ، وردەبۆرژوا و بۆرژوازی پێنەگەشتووی کوردی دەکرد.

    لەڕووی سیاسییەوە هەم پارتی و هەم یەکێتی ناسیۆنالیست بوون و بانگەشەی کوردایەتییان دەکرد. ناسیۆنالیزم بەگشتی و ناسیۆنالیزمی بندەست بەتایەبەتی، دەکرێت لە برگەیەکی مێژوویی دیاریکراودا بەرانبەر داگیرکەر پێگەی شۆڕشگێڕانە وەربگرێت و ببێتە کەرەستەیەکی شۆڕشگێڕانە. لەم ڕووەو پارتی و یەکێتی ناسیۆنالیزمی بندەستی کوردی پێش ڕاپەڕینییان قۆستەوە و خەڵکیان پێ مۆبۆلیزە و ساز و ئامادەکرد. ناسیۆنالیزمی بندەست تەنیا دەتوانێت لەحاڵەتی داگیرکاریدا بەرەنگاری نیشتمانی سەرپێ بخات وەک دۆخێکی تێپەڕ جگە لەمە ئەگەر هەر ئایدیا و بەرنامەیەکی سیاسی لەسەر بنەڕەتی نەوتەوە و ناسیۆنالیزم بونیات بنرێت نەخۆشانە و پاتۆلۆژیکە و حەتمەن بە ستەمکاری کۆتایی دێت. لە پاش ڕاپەڕینەوە باشوری کوردستان بەدەست ئەم ستەمکارییەەوە بەچۆکدا هاتووە و تێکڕا خەڵک دەچەوسێتەوە.

    لە پاش ڕاپەڕینەوە یەکێتی  و پارتی جۆرێک لە حوکمڕانیان پێشکەشکرد کە بریتییە لە تێهەڵکێشی حیزب و حکومەت و سیاسەت و بازرگانی کە هۆکاری درووستبوون و بەردەواميی پەیوەندییەکانی بۆرژوازيی خێڵەکین. ئەم مۆدیلە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و حوکمڕانی، تەنیا بە سەرکوتکردنی خەڵکەوە نەوەستاوە بەڵکو خەڵکی سەرکوتکراوی لە هاوکێشەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و حوکمڕانی وەلاوەناوە و سڕیويەتيیەوە. لەم پنتەوە نوخبەیەکی سیاسی لەناو بۆرژوازيی خێڵەکییەوە دەبنە ڕووخساری دیار و ئاشکرای سیاسەت و حکومڕانی، کە لەژێرەوە بەتوندی بەرژوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان ڕیکدەخەن و درێژە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن. ئامانجی سەرەکيی سیاسەت و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، کەڵه‌کەکردنی سەرمایەیە بۆ چینی بۆرژوازيی خێڵەکی و هیچی تر. هەر هەنگاو یان هەر ستراتیژ و پلانێک پێچەوانەی بەرژه‌وەنديی چینی بۆرژوازيی خێڵەکی بێت کاری پێناکەن.

    لە پاش ڕاپەڕینەوە بزوتنەوەی گۆڕان، لە سیاسەتی باشوری کوردستاندا، خاڵێکی وەرچەرخانی نەزۆک بوو. بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی لە یەکێتی ئینشیقاقی کرد و جیابۆیەوە؛ بەلام هەندێ وردە جیاوازی لەگەڵ یەکێتی هەبوو کە گرنگترینیان ئەوە بوو حیبزبێکی مەدەنی بێ‌چەک بوو و ڕاستەوخۆ، تەنیا خەباتی پەرلەمانی دەکرد کە هاوکات پاشنەی ئاخیل و خاڵی لاوازیشی بوو. گۆڕان تا ١٧ شوبات نوێنەرایەتی ناکۆکییەکانی نێوان خەڵک و دەسەلاتی کوردی دەکرد. لەم ڕووەوە بۆمایەوەیەکی کاتی جەماوەری بوو و توانای جوڵانی شەقامی هەبوو. دەبێت ئەوەش بڵێین بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕووی تیۆرییەوە تەبا و کۆک بوو لەگەڵ ڕەخنەگرانی دەسەڵاتی کوردی پاش ڕاپەڕین کە ڕەهەندییەکان چەقیان بوون. بەدەربڕێنێکی تر خەون و جیهانبینی سیاسی ڕەهەندییەکان بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر ئاستی تیۆری شێوەپێدا و بەم مانایە دواخەونی ڕۆشنبیرانی پاش ڕاپەرین بوو.

    جوڵانەوەی نەوی نوێ  سەر بە هەمان ئایدۆلۆژیا و سیستەمی حیزبەکانی تری باشوری کوردستانە و درێژە بە هەمان میراتی سیاسی ڕاستڕەوی دەدات، بەڵام هەندێ وردە جیاوازیشی هەیە کە لەوانی تر کەمێک جیایدەکاتەوە. لەسەر ئاستی شەخسیش ئەوەی شاسوار وەک سەرکردەی "جوڵانەوەی نەوی نوێ" لە سەرکردەی حیزبەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە خۆی بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکات. ئەگەر سەرنجی پەرەسەندنی حیزبەکان بدەین، ڕونتر دەبێتەوە؛ پارتی، یەکێتی، ئیسلامییەکان، گۆڕان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ... ئەم جیاوازییە کاتێک تەواو زەقدەبێتەوە کە پارتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرانبەر یەکدابنێین. ئەو مەودایەی کە لەو نێوانەدایە، بریتییە لە گەشەی حیزب و سیاسەتی کوردی لە ٦٠ و ٧٠ ساڵی ڕابردوودا. ئەنجامی ئەم بەراوردە ترسناکە و گوزارشت لە چەقبەستووی و وشکهەلاتووی سیاسەت و حیزب دەکات لە سەد ساڵی ڕابردوودا.

    شاسوار و پڕۆژەکەی، نوێنەرایەتی چینی بازرگان، سەرمایەدار و بەشیك لە وردە بۆرژوا و پەیوەندییە ئابوورییەکانیان دەکەن. ئەم چینە بەبێ دەست گەشتنیان بە سیاسەت کە پەیوەندییەکانی خێڵ دەنوێنێتەوە لە هەلومەرجی ئێستادا، لە پانتایی گەشەی ئابووریدا گەشتوون بە بنبەست. لە ڕووی ئابوورییەوە پەیوەندییەکانی بازاری ئازادی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیاسەتەوە تێکەڵ بە پەیوەندیی خێڵکەکی بووە. پرۆژەکەی شاسوار هەوڵێکە بۆ حەلکردنی ناکۆکی نێوان پەیوەندیی خێڵەکیانەی بازاری ئازاد و پەیوەندی بازاری ئازاد. لە ڕاستیدا پرۆژەکەی شاسوار، وەک شەخس نە خودی شاسوار و نە ئەوانەی دەوروبەری هیچیان بزوێنەری نین، بەڵکو ئەو گروپە تەنیا واجیهەی ململانێی سیاسی ئەو ناکۆکییە ئابووریانەی ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستانن نەک زیاتر. ئەو شێوازە لە کارگێریی ئابووری کوردستان کە ٢٦ ساڵە کاردەکات چیدی گەشتووە بە سنوری خۆی و ناکۆکە بەو شێوازەی تر کە لە دەرکەوتندایە.

    لە ئێستادا سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا گەشتووە بە بنبەست. لەم سۆنگەوە چیدی هیچ هێزێکی سیاسی لەناو ئەم کۆپەیوەندییە ئابوورییەدا، ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بەرەو پێش بنێت و ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە بارودۆخ و گوزەرانی خەڵکدا بکات(خەڵک لێرەدا ئاماژەیە بۆ هەموو چینە چەوساوەکان). بۆیە لە ئێستادا هیچ حیزبێک، ناتوانێت نوێنەرایەتی خەڵک بکات و خەڵک بنوێنێتەوە. بەم پێیەش ناکۆکیی سازشهەڵنەگری نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر دەبێتەوە و تا بڕوات خەڵک لە دەسەڵات دوور دەکەوێتەوە و هاوکات دەبێتە بەرهەڵستکاری.

    هیچ کام لەو حیزب و هێزە سیاسیانەی باشوری کوردستان بەرژەوەندییەکانی خەڵک نانوێنێتەوە. ئەمە ئەو پنتە مێژووییەیە کە تێیدا خەڵک ڕاستەوخۆ خۆی دەبێتە هێزی سیاسی و هەموو ئەوەشی کە پێویستە بیکات بریتییە لە نەبوونی ئینتیما بۆ هیچ کام لەو حیزب و هێزە سیاسییە هەبووانە و بایکۆتی هەموو جۆرە دەنگدانێک و هەموو جۆرە ئەکتێکی ڕاستەوخۆی بەبێ ڕێکخستن. لێرەدا کۆی خەڵک دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و بەرهەڵستکاری حکومەت و دەسەڵات دەکات. یەکەم هەنگاوی هەر حیزبێکی جیاواز کە دابڕانی کردبێت لە میراتی ڕاپەڕین، دژ وەستانەوەیە بەڕووی پرۆژی نیولیبرالیزمدا کە هەموو حیزبەکان بە بێ جیاوازی قەبوڵییان کردوە. ئەمەش سەرەتا بەوە دەکڕێت کە ئەو کەرتانەی کە پەیوەندی بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەیە(وەک کەرتی خۆراک، تەندروستی، خوێندن، نیشتەجێبوون) لە چنگی کۆمپانیا و تایبەتبوونەوە دەریبهێنێت و لە بەکاڵابوون بیپارێزێت و نەهێڵێت بەسوڕی قازانجکردندا بڕوات....

    هەرکاتێک حیزبێک توانی زانکۆیەکی ئەهلی، خەستەخانەیەکی ئەهلی، کۆمپانیای هاوردەکردنی مەوادی خۆراکی تایبەت و دروستکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە سەرمایەدارەکان بسەنێتەوە و ڕادەستی کەرتی حکومی بکات، ئەوا ئەوکاتە دەرکەوتنی حیزبێکی نوێ دەبینین کە جیاوازە لەمانەی کە هەن... هەموو ئەمانەی کە هەن تەنیا شەڕی پشک و قازانج دەکەن؛ بۆیە ئەگەر بۆیان بکرێت لایان ئاساییە هەواش لە قوتودا بە خەڵک بفڕۆشن....
    کاتی ئەوە هاتووە بیر لە پارادایمێکی تر بکەینەوە بۆ ژیانکردن...

    نووسینی:زەردەشت نورەدین

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: دژبە میراتی ڕاپەڕینی ١٩٩١ Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top