لەعەفەرین ژن قەڵغانە
پەنجەکانم بۆ گرتنی قەڵەمێک و
چنینی کەزی شیعرم کەوتونەتە هەلەکەسەما..
غیرەتی شێرە ژنێکی عەفرین
چڕنۆکێکی تیژە
سینەم لە ترس هەڵدەدڕێ،
ئەپرسم خودا؟!
سەدان هیتلەری کوێر و کەڕو ڵاڵت
بۆ لەم گۆڕستانە خوڵقاند؟!
بۆچی بیرەنەوتی بێ بنت
لە ژێر پێیاندا تەقاند؟!
۰ نازانی ئەم خاوەن ڕەنگانە،
بۆچەند پارچە کاغەزێک
ئەمان کەن بەکۆیلەو
خۆشیان زوحاکی چوارشانە؟!
بە منداڵەکانمان ئەوێرن؟!
باوی سێو نەما،
ئێستا تۆپی لاستیکیان لێ ئەکەن بەئاسن و
بەبۆنی خەردەل گوڵە نێرگزەکان بەخێو ئەکەن؟!
زۆر ئارەزووتان داهێنانە؟!
لە ئەندێشەی پوخەڵتاندا
دەنگی گریان و تۆپ و تفەنگ...
چەقەچەقی گولە و سینەو مەمکی شەڕڤانان
و عەقڵی گەریلاکانمان ئامانجتانە؟!
بەچێژترین ئاوازو داهێنانتانە؟!
بوکەڵەی دەست کچۆڵەکەو ڕۆحی
دایکیتان دزی و لاشەتان لەباوەشیا دانا؟!
بەرز دەفڕن فاشستینە بەرز دەفڕن!!
باڵەکانتان گوناحی بێ ویژدانیتان هەڵناگرێ،دەشکێ
ئەم کوردستانە..کە لای ئێوە گۆڕستانە
لێتان هەڵدەگەڕێتەوە و دەبێ بەئاگر
ئاگرێ هیچ زوحاکێک لەبەریا خۆی ناگرێ
بەر ناگرێ ئەم زوڵمانە
هاتوون ئەڵێن
ئێمەین تفەنگ لەشان و
شاخ ناس
نییە لەعالەما لەئێمە پاکتر
ڕاستگۆتر لەهەموو ئەجناس!
لەولا دانیشتوون،سەر لەناودەست
شینیانە بەدرۆ بۆ یادی پێنج هەزار
پەپولەی بەهەشت.
ئامادەن عەفرین شەهید بکرێ و
ساڵێکی تر لەولاشەوە دانیشن بۆ ئەم یادە
کەچی نایەنەوێ دەنگ هەڵێنن،
بۆ عەفرینم نایەنە دەنگ.
قەڵەم بشکێ
گەر شۆڕشێکی پێ دەسگیر نەبێ
کورد بیت و تەنیا تەماشاکەری ئەتکی وڵاتت بی
یاخوا لار بی..!!
هاوار بگەیەنینە کوێ،
کە تیغی زوبانی سەرکردەم
لەگەڵ زوبانی دووژمنا بێ.
ئێمە لێرە هاوارمان بێ بۆ عەفرینم
ئەوانیش دەستیان لەنێو باغەڵ و دەستی یەکا بێ
"نەورەس محمد"