• نوێ

    وەك مەسیحییەك نامەوێ‌ بەشێك بم لەم عێراقە

    ئانۆ جەوهەر عەبدۆكا
    لەم رۆژانەدا یادی هەشتا و چوارەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئاشووری كلدانی سریانی لە سێمێل دەكەینەوە کە تێیدا نزیكەی پێنج هەزار مەسیحی بوونە قوربانی و زیاتر لە 67 گوندی مەسیحینشین بە دەستی پیسی سوپای دەوڵەتی عیراق لەژێر سەركردایەتی و سەرپەرشتی ئەمیر غازی، رەشید عالی گەیلانی و بەكر سدقی خاپوورکران.

    ئەوکات سوپای دەوڵەتی تازە لەدایكبووی عێراق لە منداڵدانی ئیمپراتۆریەتی شكستخواردووی عوسمانییەكان لە پیتاندنی هەرسێ ویلایەتی موسڵ، بەسرە و بەغدا بە مامانییەتی وڵاتە زلهێزەكانی جەنگی جیهانیی یەكەم بەبێ ویستی گەلانی ناوچەكە لەدایك بوو. 

    یەكەمین كاری نەگریسی دەوڵەتی عێراق دوای دەرچوونی لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا دەستیپێكرد، ئەویش جینۆسایدیكردنی ئاشوورییەكان بوو تەنیا لەبەرئەوەی ئاشوورییەكان داوای مافی ژیانێكی ئازاد و ئۆتۆنۆمییان لە وڵاتی خۆیان و زێدی باوک و باپیرانیان دەكرد.

    دوای نزیكەی 100 ساڵ لە دامەزراندنی ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە، گەلی كلدانی سریانی و ئاشووریی مەسیحی چی بەدەستهێنا؟ مەگەر تەنیا مردن و نەهامەتی و كوشتن و بڕین و تاڵان و ئێش و ئازار نەبێت ...! نموونەی بەرچاوی ئەم نەهامەتییانە لە مێژوودا تۆماركراون: 

    ساڵی 1933 جینۆسایدی سێمێل و ساڵی 1969 جینۆسایدی سووریا و ساڵانی شەستەكان و حەفتاكان و هەشتاكان سەدان روڵەی ئەم گەلە كوژران، تەنها لەبەرئەوەی پشتگیرییان لە شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كوردستان کرد. سەرەڕای ئەمەش زیاتر لە 100 گوندمان بۆردوومانكران، 132 مەسیحی ئەنفالكران و سەدانیشیان لە ریزەكانی پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.

    سەدانی دیکە لە شەڕی بێمانای عێراق و ئێران و عێراق و كوێت كوژران و بێسەروشوێن بوون. نزیكەی دوو هەزاری دیکە لەدوای 2003 لە نێوەڕاست و باشووری عێراق لەسەر ناسنامەی ئایینی تیرۆركران و تاڵانكران. لەم نێوەندەشدا مەترانێك و چەندین قەشە رفێندران و تێروركران. هەروەها موڵك و ماڵی مەسیحییەكان زەوتكران و لەلایەن میلیشیا شیعەكان دەستیان بەسەردا گیرا. هەروەها بەپێی ئاماری فەرمی كومەڵەی مافی مرۆڤی عێراقی لە ئەمریكا، لەنێوان ساڵانی 2003-2014 ،  لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق زیاتر لە 110 جار پەلاماری كەنیسەكان و دێرەكان درا. 

    دوای ئەم هەموو رووداوانە ئەمجارەیان لە قوناخی هاتنی تیرۆریستانی دەوڵەتی خەلافەتی داعش  ژمارەیەكی دیاری مەسیحی كوژران و رفێندران و زیاتر لە 170 هەزار مەسیحی لە گوندەكانی خۆیان دەركران و تاڵانكران و گوندەكانیان خاپووركران. 

    سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتی و تیرۆرە بەردەوامەی رووبەڕوویان بووەتەوە، مەسیحییەكانی كلدانی، سریانی و ئاشووری كاریگەرترین بنیاتنەری دامەزراوەكانی ئەم وڵاتە بوون و دەستێكی باڵای خزمەتیان لە گشت بوارەكاندا هەبوو، بەتایبەت لە بواری پەروەردە و تەندروستی و زانست و .. هیتد.

    بەڵام ئەنجامەكە چی بوو؟ تیرۆر دوای تیرۆر، نەهامەتی دوای نەهامەتی، فەرامۆشكرن و پشتگوێخستن...هتد! ئەنجامەكەی ئەوە بوو ژمارەی مەسیحیەكان لە دوو ملیۆن و 200 هەزار كەس لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا بۆ تەنیا 450 هەزار كەس کەمبێتەوە، لەو ژمارەیەش زۆربەیان بە رێژەی 90% لە سنووری هەرێمی كوردستاندا دەژین.

    وەك مەسیحییەكی كلدانی سریانی ئاشووری بڕیارمداوە دەست لەنێو دەستی هاونیشتمانییەكانم لە كورد و توركمان و شەبەك و عەرەبی كوردستانی بنێم و وڵاتێكی نوێ‌ لەسەر خاكی كوردستان دابمەزرێنم، ئەو خاكەی  فەرەنسۆ هەریری، هورمز مەلەك، جكو، سۆران و كارزان و سەدان روڵەی میللەتەکەم خوێنیان بۆی رشتووە.

    ئامادەم وڵاتێك دابمەزرێنم لەسەر بنەمای پێكەوەژیان و دادپەروەری و عەلمانییەت و شارستانییەت دروست بكرێت. وڵاتێك كە دەبێت لە ئاڵاكەی و لە سروودی نیشتمانییەكەی و لە سیستەمی پەروەردەكەی و لە دەستوورەكەی نوێنەرایەتیم بكات. وڵاتێك كە جوگرافیا و دیموگرافیای گەلەكەكم دەپارێزێ و ئۆتۆنۆمیم وەك گەلێك پێدەبەخشی تاوەكو بتوانین ئیدارەی خۆمان لەژێر چەتری حوكمێكی دیموكراتی و ئازاد بکەین.

    من بڕوام بەوەیە ئەمە لەڕێی كاركردنێكی جددی لەگەڵ هاونیشتمانییەكانم و سەركردایەتیی سیاسی لە كوردستان دێتەدی و بە كەمتر لەمە جێگای قبووڵ نییە، ئەگەرنا دەبێتە دووبارەكردنەوەی هەڵەكەی 100 ساڵی رابردوو!

    بەڵێ  لە ریفراندۆم دەنگ بە بەڵێ دەدەم و بڕیاردەدەم لە كوردستانێكی سەربەخۆ و لە ئایندەدا بژیم، نەك لە عێراقێك بژیم كە بۆ نزیكەی 100 ساڵ دەبێ هەر بۆنی خوێنی لێ‌ دێ، ئەو عێراقە شكستخواردووەی گۆڕەپانێكی گەورەیە بۆ تەعەسوبی تایفگەری و ئایینی. 

    وەك مەسیحییەكی كلدانی، سریانی و ئاشووری نامەوێ بەشێك بم لە عێراقێكی بنیاتنراو لەسەر بنەمای كوشتن و جینۆسایدی باوک و باپیرانم.

    نامەوێ بەشێك بم لە عێراقێك كە لەلایەن كەسانێك بەڕێوەدەبرێ هیچ بڕوایەكیان بە پێكەوەژیانی راستەقینەی ئیتنیك و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان نییە.

    نامەوێ‌ بەشێك بم لە عێراقێك كە لەلایەن پارتە تووندڕەوە ئایینەكان بەڕێوەدەبرێ كە بڕوایان بە جیاكردنەوەی ئایین و دەوڵەت نییە.

    نامەوێ بەشێك بم لە عێراقێك كە هاووڵاتی پلە دوو و سێ بم  تێیدا. 

    وەك مەسیحیەك ئامادە نیم چیدی قوربانی بۆ وڵاتێك بدەم كە نزیكەی 100 ساڵە شكست و لێكترازنی خۆی سەلماندووە.

    وەك مەسیحییەك نامەوێ بەشێك بم لەم عێراقە، ئیدی بەسە...!!! 

    *ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان    
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: وەك مەسیحییەك نامەوێ‌ بەشێك بم لەم عێراقە Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top