• نوێ

    ژنێک لەدوورەوە


    ژنێک لەدوورەوە ، بە تەنیشت ڕووناکییەوە تارای نهێنی لادە دا 
    دۆستێکی کۆنە تازە دێ 
    ختورەی ئەوە دەکەم شتێک ڕووبدا 
    یا ئێوارە ڕێگا نەدا بگا 
    تاریکی شێوەمان لەیەکتر بزربکا 
    ئەگەر منت بینی ئەوم تیا دەبینی
    ڕوویەکی لە مندایە هەزاری لە مندا بزر
    ڕەنگێکی لە بووندایە هەزاری تێدا بزر
    شینێکە شینی وا نیە لە هەرچی دەریایە
    ڕەشێکە قەترانی پرچەکانی
    سپی پۆشێکە ئەو ڕەنگەت نەدیووە لە ژەک و شیرو
    لە هەرچی بەفرو کاغەزو پەمۆدایە
    ئەو دڵە سپیەت لە کوێ بوو؟
    ئەو هەموو سپیەت لەکوێ بوو؟
    هەندێکجار مردن ئاوازێک دەژهنێ هیچ نایەک لەوپەڕی خەمگینی
    نەیژەنیووە
    تەلی هیچ سۆزێک بەو چەشنە نەلەریووە
    یا ڕەنگێک دەڕێژێ هێشتا ژیان نەیناسیوە
    مردن زۆر شتی فێرکردووم
    بەر لەئەو کەس پێی نە وتووم
    مۆرێکە چ قەیدی
    سۆرێکە ، قاوەیی
    مایل بەزەردێکی کاڵە لەو زەردانەی
    سپێدە لە بیری چووە بیخاتە گلێنەی خۆرەوە
    هێزی ڕەنگ لەو ژنەدا ڕەهایە
    بتەوێ بیدوێنی هیزی دەنگ لەئەودا خودایە
    تەیرو توال بەو نەشئە دەگەڕین لە چڵدا
    بتەوێ بێدەنگ بێ سەنگینە
    کامە گابەردی چیایە
    لەئاستیدا شەرمەزارو ڕسوایە
    لەدوورەوە پێ دەنێ بەسەر تەمی تەماشا
    جوانی لەهەر چوارلوە لەم ژنە ئاڵاوە
    عەزەیەیی وەرزێکی لەبەرە سروشت نەیدووەو
    زستانی سەختی هیچ ساڵێک نەیتوانیوە کیوەکان هێندەی جلەکانی ئەو سپی کات
    بە پێخاوسی وەک و بڵێی سایەق بێ
    دوو لەتی مانگێکی کردبێتە سواڵ
    بەو پەڕی دڵنیاییەوە هەق دەردەکا لە گۆی مەمکەکانیدا،

    ئاسان جەمال
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ژنێک لەدوورەوە Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top